سياسەت, ئابووری

رەوشی دەروازەى سنووریی سەرزێڕ

- دەروازەى سنوورى سەرزێڕى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە سنوورى ناحیەى کانى ماسێى سەربە قەزاى ئامێدى وێڕاى هەبوونى چەندین کێشەى کارگێڕى و نەبوونى فەرمانگەى پێویست لە ئێستادا بە دەست کێشەى بوونى پەکەکە لە ناوچەکە دەناڵێنێت.

Azat Muhammet  | 22.07.2017 - نوێکردنەوە : 22.07.2017
رەوشی دەروازەى سنووریی سەرزێڕ

Dahuk

دهۆک - AA

دەروازەی سنووری سەرزێڕ لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستاندایە دەکەوێتە نێوان پارێزگای دھۆک و پارێزگای هەکاری، لە رووی جوگرافییەوە دەروازەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانی ماسێی سەربە قەزای ئامێدی .

وەک بەرپرسانى کارگێڕى و ئەمنى ناوچەکە ئاماژەى پێدەدەن دەروازەکە بەدەست چەندین کێشەوە گیرى خواردووە و چەندین ساڵە دەروازەکە کراوەتەوە، کەچى تا ئێستا بەڕێوەبەر یان سەرپەرشتیار دەست نیشان نەکراوە و فەرمانگەی کارگێڕی بۆ نەکراوەتەوە، بەڕێوەبەرى شارەدێى کانى ماسێ، سەربەست ئاکرەیی بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لە کێشە ئیدارییەکانى دەروازەى سنوورى سەرزێڕ دەکات و دەڵێت "بەداخەوە چەندین ساڵە دەروازەى سەرزێڕ کراوەتەوە، کەچى تا ئێستا چەندین کێشەى چارەسەر نەکراو کەڵەکە بوونە لەهەمووشیان گرنگتر تا ئێستا سەرپەرشتیار یان بەڕێوەبەرێک بۆ رایی کردنى کاروبارى دەروازەکە دەست نیشان نەکراوە".

ئاکرەیی گوتیشى: "هەرچەند ماوەیەک پێش ئێستا بەڕێوەبەرێک بۆ دەروازەى سنوورى سەرزێڕ پێشنیار کرا، بەڵام بەهۆى نەبوونى فەرمانگە و نەبوونى فەرمانبەرانى پێویست کارەکانى بۆ ئایندە دواخراوە".

بەرپرسى ئاشتى و سەقامگیرى دەروازەى سنوورى سەرزێڕ، غازى ئەلیخان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو چەندین لاپەڕەى پڕ لە کێشەى تایبەت بە دەروازەکەى هەڵدایەوە و گوتى: "کێشە ئیدارییەکانى بەجێگەی خۆیان، دەروازەى سەرزێڕ بە دەست کێشەى بوونى چەکدارانى پەکەکە دەناڵێنێت و لە ئێستا هەبوونى ئەو گرووپە چەکدارایە هەم بەربەستن لەبەردەم کارى پاسەوانانى سەر سنوورەکە و هەمیش خەڵک، گەشتیار و بازرگانان ترسیان لێ نیشتووە و ناتوانن بە خواستى خۆیان بە دەروازەکە هاتوچۆ بکەن".

ئالیخان یەکێک لە پێشێلکارییەکانى چەکدارانى پەکەکە لە دەروازەى سنوورى سەرزێڕ دەگێڕتەوە و دەڵیت "ماوەیەک پێش ئێستا چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى تورکیا هەڵستان بە رفاندنى ١٢ لە کارمەندانى سنوورەکە بەهۆیەوە دەروازەکە ماوەیەکى زۆر داخرا، ئێستاش مەترسى هێرشى چەکدارى پەکەکە لەسەر پاسەوانانى درەوازەکە هەیە".

دەشڵێت "لە هەر حاڵەتێکى هەڕەشەى چەکدارانى پەکەکە بۆ سەر دەروازەى سنوورى سەرزێر، ئەگەرى داخستن و پەککەوتنى دەروازەکە دەهێنێتە ئاراوە، بۆیە دەبێت دۆخى ناوچەکە ئارام بکرێتەوە و هیچ کێشە و مەترسییەک لەسەر بازرگانان و گەشتیاران نەمێنێت و هاووڵاتییان بە ئاسایی هاتوچۆ بکەن و ئاڵوگۆڕى بارزگانى لە دەروازەکە زیاد بکرێت".

ئەو بەرپرسە وێڕاى گلەییەکان باس لە بەرزبوونەوەى رێژەى ئاڵوگۆڕى کەلوپەل و هاتوچۆى گەشتیاران و بارزگانان کرد و گوتى: "سەرەڕاى هەبوونى کێشەکان رێژەى هاتوچۆى گەشتیاران و بارزگانان لە دەروازەکە بە بەراورد بە ساڵانى رابردوو زیادیکردووە، لە رۆژێکدا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ هاووڵاتى لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستاندا هاموشۆیان کردووە".

ناوی دەروازەی سنووری سەرزێڕ لە گوندی سەرزێڕ ھاتووە کە یەکێکە لەو گوندانەی سەر سنووی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە کۆنەوە زۆرترین زێڕییان لەژێر خاکی ئەو گوندە دۆزیوەتەوە. دەروازەکە جگە لە ستراتیژى ناوچەکە ناوى گوندەکەیش ھۆکار بوونە کە دەروازەکە بەناوی گوندی سەرزێڕ بکرێت، ئەگەرچى چاوەڕوانی ئەوە دەکرا دەروازەکە ببێتە دەروازەیەکى دیکەى نێودەوڵەتى لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان، کەچى تا ئێستا بە بێنازى لە نێوان کۆمەڵێک کێشەدا تەمەنى خۆى بەڕێ دەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın