شیکردنەوە

شەقامی ١٢٠ مەتری لە شاری ھەولێر کرایەوە

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "بێ کەرتی تایبەت کە داینەمۆی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە، هیچ وڵاتێک پێشناکەوێت".

Sarmand Hameed  | 05.02.2017 - نوێکردنەوە : 07.02.2017
شەقامی ١٢٠ مەتری لە شاری ھەولێر کرایەوە

Arbil

هەولێر

بە بەشداریی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و وەزیران و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک و ستافی کۆمپانیای جێبەجێکار و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیان، لە رێوڕەسمێکدا شەقامی بازنەیی خێرای ١٢٠ مەتری شاری ھەولێر کرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا دوای پێشکەشکردنی چەند وتارێک، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی ئەو پڕۆژەیە لە ئاوەدانی و ئاسانکاری لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیەی لەم کاتەدا کە کوردستان بە قەیرانێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت بەگرنگ لەقەڵەمدا و ڕۆڵی ئەو خاوەن سەرمایانەی بەرز نرخاند کە سەرمایەی خۆیان لە وڵاتدا دەخەنەگەڕ کە جێی شانازیی حکومەت و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانن. سەرۆکوەزیران، پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتریی ھەولێر کە بە قەرز لەسەر حکوومەت دروست کراوە و بەر لە وادەی خۆی تەواو بووە، بۆ ئەو بڕوا و متمانە و دڵسۆزییەی خاوەنی کۆمپانیای جێبەجیکار،گەڕاندەوە کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ھەیبووە.

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا دووپاتی کردەوە کە بەبێ کەرتی تایبەت کە دینەمۆی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە، ھیچ وڵاتێک پێش ناکەوێت و بێ بەشداریی کاریگەری کەرتی تایبەتیش لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا، زۆر ئەستەمە ھەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە و دەبێ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. لەم ڕووەوە جگە لە ھێمن گروپ، ئاماژەی بە ژمارەیەک گروپ و کۆمپانیای دیکە کرد کە ڕۆڵیان ھەبووە لە پێشکەوتنی وڵات، لەوانە، گروپی قەیوان، گروپی کار، گروپی فاروق و گروپی کۆڕەک.

سەبارەت بە پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتریی ھەولێر، سەرۆکوەزیران باسی لە بەردەوامیی کارکردن لەو پڕۆژەیەدا کرد کە تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە داعش تەنیا ٣٠ کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوور بوو، ئەوان لە کار و ئەرکی خۆیان بەردەوام بوون. بەو بۆنەیەوە بەناوی خۆی و جێگری سەرۆکوەزیران و ھەرێمی کوردستانەوە سوپاسی متمانەی بەرپرس و ئەندامانی گروپی ھێمن و خاوەنەکەی خالد خۆشناو کرد کە بووە ھۆی سەرکەوتنی پڕۆژەکە و ھەروەھا سوپاسی ئەمیر عەبدولرەحمان گەزنەیی ئەو ئەندازیارە کوردەی کرد کە لەڕووی ھونەرییەوە سەرپەرشتیی پڕۆژەکەی کرد و بە مایەی شانازیی زانکۆی سەڵاحەددینی دانا کە کادیرێکی وای پێگەیاندووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھەوڵ و ماندووبوونی نەورۆز مەولود وەزیری ئێستای شارەوانی و گەشتوگوزار و ھەروەھا دوو وەزیری پێشووی ئەو وەزارەتە سەمیر ئاکرەیی و دڵشاد شەھابی کرد بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە. ھەروەھا وێڕای ناردنی دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ڕێگەی پاراستنی کوردستان، سڵاوی خۆی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان نارد و ئەم ڕۆژەی بۆ ماندووبوون و خەبات و شەونخوونیی ئەوان لە سەنگەردا گەڕاندەوە. سوپاسی دەزگا ئەمنییەکانیشی کرد کە شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایش لەم ھەرێمی کوردستان بپارێزن و ھەموولایەک بە ئاسوودەیی لەم وڵاتەدا بژین.

نێچیرڤان بارزانی لە باسی ئەو قەیرانەی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، ئاماژەی بەوە دا کە ھەرێمی کوردستان سێ ساڵی زۆر سەختی بەڕێکردووە ھەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە و ئەگەر ئەو تێگەیشتنەی خەڵکی کوردستان نەبوایە، ئەستەم بوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرگەی ئەو ھەموو کێشانە بگرێت وەک بڕینی بوودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، شەڕی داعش و ھاتنی نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ سەد ھەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ ھەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان لەمساڵدا بەرەو باشتر بڕوات.

جەختی لەوەش کردەوە کە ناکرێت ھەرێمی کوردستان تاھەتایە پشت بە کەرتێک ببەستێت و پێویستە پشت بە کەرتە جیاجیاکانی دیکەش ببەسترێت. سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازیش ئاشکرایکرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی چاکسازیی زۆر باشی دەستپێکردووە و لەوانەیە ئێستا ئەنجامەکەی دەرنەکەوێت، بەڵام دڵنیایی ئەوەی دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا خەڵکی کوردستان ئەنجامی ئەرێنی ئەوپرۆسەیە دەبینن.

لەکۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست ھەمووان دەست لەناو دەست بەردەوام بن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بەرەو ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کە شایستەی ھەموو ڕێز و پێزانینێکن.


شه‌قامی بازنه‌یی خێرای 120 مه‌تری درێژترین شەقامی شاری هه‌ولێرە کە درێژییەکەی نزیکەی ١٦ کیلۆمەترە لەگەڵ ٤ کیلۆمەتر لە بەستنەوەی بە رێگای سەرەکی ھەولێر - زاخۆ. سەرجەم درێژی رێگاکە دەکاتە ٢٠ کیلۆمەتر، کە ٥ ئەندەر پاس و ١١ ئۆڤەر پاس لەخۆی دەگرێت و بڕی ٤٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی تەرخان کراوە و لەلایەن ھێمن گروپ کە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە دروست کرا.

ماوەی پرۆژەکە چوار ساڵ و دوو مانگ بوو و لە رێکەوتی ١٥/١/٢٠١٣ کارەکانی پرۆژەکە دەستی پێکرد و سێ مانگ زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە تەواو کرا.


ئەمەش دەقی وتاری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی یە
ئامادەبووانی بەڕێز ئێوارەتان باش و ھەموو لایەکتان بە خێر بێن.
ئەم پڕۆژەیە بە ھەموو مانایەک لە چەند روویەکەوە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئاوەدانی و ئاسانکاری لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان. ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە بەداخەوە وڵاتەکەمان بە قەیرانێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت و کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە ئەمڕۆ نیشانەیەکی زۆر زۆر گرنگە لە ھەرێمی کوردستان کە سەرەڕای قەیرانی دارایی، خەڵکێکی دڵسۆز، ئەوانەی باوەڕی تەواویان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و داھاتووی ئەم وڵاتە ھەیە، ئامادەن سەرمایەکەیان لەم وڵاتەدا بەگەڕ بخەن و پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدەن. ئەو کەسانە جێی شانازیی حکوومەت و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و جێی شانازیی ھەموومانن.
بێگومان (ھێمن گرووپ) و خاوەنەکەی بەڕێز خالید خۆشناو یەکێک لەو کەسانەیە. خۆی کە قسەی کرد نەچووە ناو وردەکاریی ئەم پڕۆژەیەوە، بەڵام با من پێتان بڵێم، ئەم پڕۆژەیەی بە قەرز بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، تەنیا بەو بڕوا و متمانە و دڵسۆزییەی کە بە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ھەیەتی، وای کردووە کە بە شانازی و ھەموو خەمخۆرییەکەوە ھەوڵ بدات ئەم پڕۆژەیە سەربکەوێت و لە ماوەیەکی کورتی پێش وادەی خۆی، ھەروەک نەورۆزخان وەزیری شارەوانی باسی کرد، تەواوی کردووە.
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان زۆر جار ئەو قسەیەمان کردووە و دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە بێ کەرتی تایبەت کە داینەمۆی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە، ھیچ وڵاتێک پێشناکەوێت. بێ بەشداریی کاریگەری کەرتی تایبەت لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا، مومکن نییە ھەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە. کەرتی تایبەت دەبێ ڕۆڵی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا بگێڕێت. کەرتی تایبەت و ئەو کۆمپانیا تایبەتانە کە سەرمایەیان دەست دەکەوێت و لەناو ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەرمایەیەی خۆیان بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتنی وڵات دەخەنەوە گەڕ، جێی شانازین، (ھێمن گرووپ) یەکێک لەوانەیە، گرووپی قەیوان یەکێک لەوانەیە، گرووپی کار یەکێک لەوانەیە، گرووپی فاروق یەکێک لەوانەیە، گرووپی کۆڕەک یەکێک لەوانەیە.
راستە ئەمانە پارە و سەرمایەیان دەستکەوتووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە ئایا سەرمایەکەیان لە وڵات دەرکردووە و بردوویانەتە دەرەوە دایبنێن؟ بۆ ئێمە ئەمە جێی پرسیارە، بەڵام کە دەبینین ئەمانە سەرمایەکەیان لەناو وڵاتدا بەگەڕ دەخەن و لەناو وڵاتدا کاری پێدەکەن، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان وەک حکوومەت شانازییان پێوە دەکەین، شانازی بە وانەوە دەکەین کە خەمخۆری ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتەن.
بەڕێزان.... لەو ڕۆژە سەختانەی کە داعش تەنیا ٣٠ کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوور بوو، ئەو پڕۆژەیە رانەوەستا و لە کاری خۆی بەردەوام بوو ، ھەندێک زۆر پێیان سەیر بوو کە لە کاتێکدا کۆمپانیاکان بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕۆیشتن، ئەوان تەنانەت بۆ یەک رۆژیش ئەم پڕۆژەیان لە ھەرێمی کوردستان رانەگرت و لە کارکردن بەردەوام بوون، ئەمڕۆش دەبینین قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێھاتووە.
دەمەوێت لەم بۆنەیەدا سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆم پێشکەش بە گرووپی ھێمن و خاوەنی گرووپەکە بەڕێز خالید خۆشناو بکەم. بە ناوی خۆم و بەڕێز قوباد تاڵەبانی و بە ناوی ھەرێمی کوردستان و ھەموومانەوە، سوپاسی بکەم بۆ ئەو متمانەیەی کە ھەیەتی. پڕۆژەیەکی وا کە سەردەکەوێت ئەگەر ئەو دڵسۆزییە نەبێت کە جەنابیان بۆ ئەم وڵاتە ھەیەتی، سەرنەدەکەوت و وەک ھەر سەرمایەدارێک لەبەر زۆر ھۆکار، دەیتوانی ئەم پڕۆژەیە ڕابگرێت. دووبارە سوپاسی دەکەین.
لە ھەموویشی گرنگتر دەمەوێت سوپاسی تایبەتیی ئەو ئەندازیارانەی ناوخۆ بکەم، کە لەم پڕۆژەیەدا کاریان کردووە، ئەو ئەندازیارەی لە ڕووی ھونەرییەوە سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیەی کرد کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە بەشدارە.‌ بەڕێز ئەمیر عەبدولڕەحمان گەزنەیی یەکێک لەو ئەندازیارانەیە کە بە ڕاستی بۆ ھەرێمی کوردستان جێی شانازییە و زانکۆی سەڵاحەدینیش دەبێ شانازی بەوەوە بکات کە کادیری وای پێگەیاندووە.
ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی ئەم پڕۆژەیەم کرد، زۆرم پێخۆش بوو بزانم ئەم پڕۆژەیە چۆن کراوە، ڕاستە کۆمپانیای بیانیش یارمەتییان داون، بەڵام ئەندازیاری خۆمان کەموکوڕی لەوانیش گرتووە و سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیەی کردووە. ئەمە "کاکە ئەمیرە"‌ ھەمووتان چەپڵەی بۆ لێدەن و جێی شانازیمانە کە لە ھەرێمی کوردستان کادری وامان ھەبێت. دەبێت زانکۆی سەڵاحەدینیش شانازی بەوە بکات کە کادری وای پێگەیاندووە.
لەم بۆنەیەدا دەمەوێت سوپاسی سێ وەزیر بکەم، دوو وەزیری پێشوو و وەزیری ئێستای شارەوانی نەورۆز مەولوود کە لێرەیە، کاک سەمیر ئاکرەی و کاک دلشاد شەھاب، ئەم سێ بەرێزانە ئەوانەی پێشوو و نەورۆز خانیش،‌ بە جددی شەو و ڕۆژ، پێشتر و ھەتا ئەمڕۆش بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە ھەوڵیان داوە.
ھەر لەم بۆنەیەدا و بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ ھەولێر و ھەرێمی کوردستان، دەمەوێ لێرەوە سڵاو و دروود بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بنێرین کە لە سەنگەردا شەونخوونییان کردووە و خەباتیان کردووە و ماندوو بوون بۆ ئەوەی ئێمە ڕۆژێکی ئاوا ببینین. بەرگرییان لە کوردستان کرد بۆ ئەوەی تیرۆرستانی داعش نەگەنە ئێرە و ئێمە بە ئاسوودەیی لەم شارانەدا بژین.
یادی ئەو شەھیدانە دەکەینەوە کە لەم ماوەیەدا ھەموویان سەریان لەپێناو پاراستنی کوردستان و ئەمن و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دانا. سوپاسی دەزگا ئەمنییەکانمان بەگشتی دەکەین ئەوانەی کە شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایش لەم وڵاتەدا بپارێزن، تا بە ئاسوودەیی لەم وڵاتەدا بژین.
سێ ساڵی زۆر سەختمان بەڕێ کردووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا ئەگەر ئەو تێگەیشتنەی خەڵکی کوردستان نەبووایە، مومکین نەبوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرگەی ئەو ھەموو کێشانە بگرێت کە بەسەر ھەرێمی کوردستاندا ھاتوون، ھەر لە بڕینی بوودجەی ھەرێمی کوردستانەوە، تا شەڕی داعش و ئاوارە و پەنابەربوونی نزیکەی ملیۆنێک و ھەشتسەد ھەزار کەس بۆ ھەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت. ئەمانە ھەمووی ھۆکارن کە قەیرانێکی زۆر گەورەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دروست کرد، بەڵام بەو تێگەیشتنەی کە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەیانبووە، وای کردووە بەرگە بگرین.
پێمان وایە و ھیوادارین ساڵی ٢٠١٧ ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە بەرەو باشتر بڕوات. ھەر لەم بۆنەیەدا دیسانەوە دەڵێم و رووی قسەکانم دەکەمە کەرتی تایبەت و پێیان دەڵێم لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ بە ‌خوێنی شەھیدان و ماندووبوونی ئەوان ترسی داعش لەسەر ھەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە، دەبێت ئەوان لە پرسی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا ڕۆڵی خۆیان ببینن.
بەڕێزان..
ئێمە لەم سێ ساڵەدا فێری زۆر شت بووین و لەو ھەڵانەی کە کردوومانە وانەمان وەرگرت، زۆریش وانەمان لەوە وەرگرتووە کە ناکرێت تاھەتایە پشت بە کەرتێک ببەستین. پرۆسەیەکی چاکسازیی زۆر باشمان دەستپێکردووە، لەوانەیە ئێستا بەرھەمەکەی نەبینین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بەرھەمەکەی دەبینین.
ھیوادارم دەست لەناو دەست ھەموومان پێکەوە بەرەو ئاوەدانیی کوردستان و ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا ھەنگاو بنێین، کە بە ڕاستی شایستەی ھەموو رێز و پێزانینێکن. کورستان ھەر ئاوەدان ببینین و ئێوەش ھەموو لایەکتان بەخێربێن سەرچاو.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın