تەندروستی

ئاسایشی شارەزوور دەستی بەسەر چوار ملیۆن حەبی ترامادۆڵدا گرت

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی چوار ملیۆن دەنکە حەبی جۆری ترامادۆڵی لە دوو ھەڵمەتی جیاوازی ھێزەکانیان لە شارۆچکەی سیروان و ھەڵەبجە راگەیاند، لەگەڵ دەستگیرکردنی چوار کەس بەتۆمەتی پەیوەندیداربوونیان بەو دوو دۆسیەیەوە.

Salim Xemexan  | 12.02.2017 - نوێکردنەوە : 13.02.2017
ئاسایشی شارەزوور دەستی بەسەر چوار ملیۆن حەبی ترامادۆڵدا گرت

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە-AA

بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، رائید ئاراس محەمەد تۆفیق لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کە پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ئامادەی بوو رایگەیاند "لە دوو چالاکی جیاوازدا ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور توانیویانە چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن و دەست بەسەر نزیکەی چوار ملیۆن حەبی جۆری ترامادۆڵدا بگرن".

بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور وردەکاری زیاتری ئاشکرا کرد و گوتی: "دوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوون ھێزەکانمان لە بنکەی ئاسایشی سیروان لە بەرواری ٥/٢/٢٠١٧دا و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور و بەپێی ماددەی٢٤٠ی یاسای سزاکان توانیان دەست بگرن بەسەر چل و چوار کارتۆن حەبی ترامادۆڵدا کە بڕی ٣٩٦ ھەزار دەنکە حەبی تێدایە کە لەناو ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگردا و لەناو بڕێک گوڵی سروشتیدا شاردبوویانەوە، تا بەڕێگەی نایاسایی بیبەنە دەرەوەی ھەرێم و مامەڵەی بازرگانی پێوە بکەن. لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام دەدرێت و دەستیشگیراوە بەسەر سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی کە بۆئەو مەبەستە بەکارھێنراون".

رائید ئاراس محەمەد تۆفیق زیاتری گوت "ھاوکات ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوور بەپێی زانیاری و بەدواداچوون، لە بەرواری ٦/٢/٢٠١٧دا، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور بەپێی ماددەی ٢٤٠ی یاسای سزاکان، توانیان کەسێک لەناو ھەڵەبجەدا دەستگیر بکەن کە لەناو کۆگایەکدا، ١٢٧ کارتۆن حەبی حەشار دابوو کە بڕی سێ ملیۆن و ٢٤٠ ھەزار دەنک حەبی تێدابووە لە جۆری ترامادۆڵ، تۆمەتبار مەبەستی بووە بەڕێگەی نایاسایی بیباتە دەرەوەی ھەرێم و مامەڵەی بازرگانی پێوە بکات. لە ئێستاشدا دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆتۆمەتبار کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتریش بەردەوامە".

ئاراس محەممەد تۆفیق گوتیشی: "بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور سێ کەس لەو تۆمەتبارانە بەکەفالەت ئازاد کراون".

پێشتر و لەسەرەتای ئەمساڵیشدا ئاسایشی شارەزوور دەستبەسەرداگرتنی بڕی، ١٦٣٧ پارچە حەبی قەدەغەکراوی لەجۆری (ترامادۆڵ ٢٠٠ملم) راگەیاند.

بەگوێرەی ئاماری ساڵی رابردووش ئاسایشی شارەزوور بەتۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بەماددە ھۆشبەرە جیاوازەکانی جۆری (تریاک، حەشیش، گیای ھۆشبەر، ئەسیتۆن، پاودەر، سۆدیۆم، فسفۆڕ، شیشە و حەب) و بەگوێرەی ماددەی ١٤ی ماددە ھۆشبەرەکان و ماددەی ٥٠ی ئاڵوگۆڕی پیشەی دەرمانسازی ٦٣ تۆمەتباری دەستگیر کردبوو کە ٦١ کەسیان کوردی عێراقی و دوو کەسیان کوردی ئێرانی بوون و کەسێکیشیان ئافرەت بووە.

بەگوێرەی ھەمان ئاماری ئاسایشی شارەزوور، ئەو ماددانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو "بەنزیکەی ٣٧٨ کیلۆگرام مەزەندە دەکرا کە ٣٧٤ کیلۆگرامی حەبی ھۆشبەر بووە".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın