تەندروستی

سلێمانی.. هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی نرخی دەرمان

- فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ سەندیكاكانی دەرمانسازان و كۆمپانیا و كۆگاكانی دەرمان كۆبوویەوە و پلانێكیان داناوە بۆ كەمكردنەوەی نرخی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 29.10.2017 - نوێکردنەوە : 30.10.2017
سلێمانی.. هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی نرخی دەرمان

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، میران محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و دوای كۆبوونەوەكە گوتی: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا پلانێكمان دانا بۆ ئەوەی نرخی دەرمان داگرین بەتایبەت ئەو دەرمانانەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، هەروەها نەهێشتنی جیاوازی نرخی دەرمان لە نێوان دەرمانخانەكاندا، كارمان كردووە لەسەر ئەو دوو بابەتە".

ئەو گوتی: "لیژنەیەكمان دروستكردووە لە نێوان تەندروستی سلێمانی و سەندیكای دەرمانسازان بۆ قەدەغەكردنی پێدانی دیاری لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بە مەدخەل و خەڵكەكە، ئێمە سەردانی ئەو كۆمپانیایانە دەكەین و داوایان لێدەكرین لە بری ئەو دیارییەی دەیدەن، نرخی دەرمانەكان لە سەرەتاوە هەرزان بكەن".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی، كۆمپانیاكانی دەرمان قازانجێكی زۆر دەخەنە سەر نرخی دەرمانەكان، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە كۆمپانیاكان دەكەن رەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بكەن و نرخی دەرمانەكانیان دابەزێنن.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ماوەی دووساڵە سەرقاڵی پڕۆژەیەكە بۆ یەكخستنی نرخی دەرمان لە دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان، میران محەمەد گوتی: "لەو رووەوە كاری باش كراوە و توانراوە هێنانی دەرمان بە رێگای قاچاخ قەدەغە بكرێت و هەموو دەرمانەكانیش خراونەتە ژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستییەوە".

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لە بارەی دۆخی تەندروستی ئاوارەكانی كەركووك وخورماتوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی كرد بەوەی، ئەو ئاوارانەی لە كەمپەكان نیشتەجێكراون دۆخی تەندروستیان باشە و بەردەوام چاودێری دەكەن، بەڵام كێشەی ئەوان ئەو كەسانەن كە نەچوونەتە كەمپەكانە و لە شارو شارۆچكەكان بڵاوبونەتەوە و ناتوانن چاودێری تەندروستیان بكەن.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın