تەندروستی

''نێرگەلە ریتمی دڵ تێکدەدات''

- لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە ئەوە نیشان دەدات کێشانی نێرگەلە چ زیانێک لە تەندروستی مرۆڤ دەدات

Muhammet Ali Kemal  | 30.04.2017 - نوێکردنەوە : 02.05.2017
''نێرگەلە ریتمی دڵ تێکدەدات''

ئیستانبوڵ

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە ئەوە نیشان دەدات کێشانی نێرگەلە چ زیانێک لە تەندروستی مرۆڤ دەدات و بە چ شێوەیەک کاریگەریی لێدەکات و لە گۆڤاری ''هەڵمژینی ژەهر - Inhalation toxicology"دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، ئەو گۆڕانە نەرێنییانەی کە لە هەریەک لە فشاری خوێن، خێرایی لێدانی دڵ و رێژەی ئۆکسجین لە خوێندا لەدوای کێشانی نێرگەلە درووست دەبن، نیشاندەری تێکدانێکی جددین لە ریتمی لێدانی دڵدا. 

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا کە ٣٣ خۆبەخش، کە ٢٨یان پیاو و ٥یان ژنن و تەمەنیان لە نێوان ١٨-٤٠ ساڵدایە و تەندروستییان بە تەواوەتی باشە، بەشدارییان تێدا کردووە و هیچ یەکێکیان بەر لە کێشانی نێرگەلە تێکچوون لە ریتمی لێدانی دڵیاندا بوونی نەبووە، لەدوای هەڵمژینی دووکەڵەکە، تێکچوونی جۆراوجۆر درووستبووە لە ریتمی لێدانی دڵیاندا.

لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوە دەرکەوتووە کە دوای کێشانی نێرگەلە لە لایەن کەسە تەندروست باشەکانەوە، ئاستی کاربۆن مۆنۆکساید لە خوێنیاندا بە شێوەیەکی ئێجگار بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئەوەشیان لە رێگەی تەکنیکێکەوە و بە ناردنی ئامێرێک بۆ ناو خوێن ئەنجامداوە.

ئەوەش دەرکەوتووە کە لەو کەسانەدا کە تەندروستییان باشە، گازی ژەهراویی کاربۆن مۆنۆکساید کە لە نێرگەلەوە سەرچاوە دەگرێت دەبێتە هۆی تێکچوونی ریتم و گۆڕانی گەورە بەسەر کارەباییاتی دڵدا دەهێنێت کە بە ''Electrocardiography'' ناسراوە.

لەوچوارچێوەیەشدا، دکتۆر یونسور چەڤیک کە مامۆستایە لە زانکۆی زانستە تەندروستییەکان لە تورکیا لە لێدوانێدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد توتن و بەرهەمەکانی لە سەرانسەری جیهاندا ئالوودەییەکی بەرفراوان و کێشەی جددیی تەندروستی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.

یونسور چەڤیک باسی لەوەکردووە کە لە بەرهەمەکانی توتندا زیاتر لە چوار هەزار ماددەی کیمیاویی بوونیان هەیە و لەپاڵ ئەوەی نیکۆتینی نێو جگەرە رێگە بۆ ئالوودەبوون خۆشدەکات، ژمارەیەک لە ماددەکانی نێو توتن، دەبنە هۆکاری چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر.

راشیگەیاند ''بە هۆی ئەوەی دووکەڵەکە بەناو ئاودا دەڕوات و ئالوودەیی درووست ناکات، وا دەزانرێت کە زیانی کەمترە و خوویەکی خراپ نییە، بەڵام لانیکەم نێرگەلەش هێندەی جگەرە زیان لە تەندروستی مرۆڤ دەدات. لە ماوەی ٢٠-٣٠ ساڵی رابردوودا ئەوە دەبینین کە نێرگەلە لە لایەن گەنجانەوە بە رێژەیەکی زۆر بەکاردەهێنرێت. بە هۆی ئەوەی ئەو کەسانەی نێرگەلە دەکێشن، کەمتر بە دووکەڵە شێدارەکە ناڕەعەت دەبن لەجاو دووکەڵی وشکی جگەرەدا و لەبەر ئەوەی بە قووڵی تەواو دووکەڵەکە هەڵدەمژن، کاربۆن مۆنۆکسایدی زیاتر وەردەگرن. دوای کێشانی نێرگەکە بۆ ماوەی ٣٠-٤٥ خولەک بڕی ئەو نیکۆتینەی کە نێرگەلە کێشەکە وەریگرتووە، هێندەی بڕی ئەو نیکۆتینەیە کە لە ٥٠ جگەرەدا بوونی هەیە. چەندێک فلتەری کێشانەکە، سەفەریی بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی شتەکانی دیکە، ناتوانرێت بگۆڕدرێن، لە پاڵ زیانەکانی خودی نێرگەلەکەدا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی سیل، هێربس و نەخۆشییەکانی جگەر لە ئارادایە''.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın