سياسەت

رەوتی گەڕانەوەی ئاوارەکانى باشیک بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزارىیەوە سستە

"بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزارى لە شارەدێى باشیک بەشێکی زۆرى خەڵکی شارەدێیەکە کە ئاوارەکان بوونە، نەگەڕاونەتەوە. تا ئێستا حکوومەتى عێراق هیچ رۆڵێکى ئەرێنى نەبینیوە بۆ خزمەتکردنى ئاوارەکانى سنوورەکەمان، ئەوەى رۆڵى باش دەگێڕێت تەنها حکوومەتى هەرێمە".

Azat Muhammet  | 18.02.2017 - نوێکردنەوە : 20.02.2017
رەوتی گەڕانەوەی ئاوارەکانى باشیک بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزارىیەوە سستە

دهۆک

بەڕێوەبەرى شارەدێى باشیک، زەنوون یونس یوسف رایگەیاند: "بەهۆى شەڕى داسەپاوى تیرۆریستانى داعش زیاتر ٣٥ لە سەدى شارەدێى باشیک وێران بووە، حکوومەتى عێراقیش هیچ هەنگاوێکى نەناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى شارەدێکە، ئەمەش یەکێکە لە بەربەستەکانى بەردەم گەڕانەوەى ئاوارەکان".

بەڕێوەبەرى شارەدێى باشیک، زەنوون یونس یوسف لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لە ٩ تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٦ هێزەکانى پێشمەرگە تەواوى شارەدێى باشیک-یان لە تیرۆریستانى داعش پاککردەوە، راستەوخۆ دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەدێکە تیمەکانى ئەندازەى پوچەڵکردنەوەى بۆمب دەستیان بە کارەکانیان کرد بۆ ماوەى نزیکەى سێ مانگ تەواوى شارەدێى باشیکیان لە مین و بۆمبە چێنراوەکانی داعش پاککردەوە، لەو کاتەدا بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتییان رێگەمان نەدەدا ئاوارەکان بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان. بەڵام ماوەى مانگێک زیاتر دەبێت دەرگا بەڕووى ئاوارەکان کراوەتەوە بۆ ئەوەى بگەرێنەوە سەر زێدى خۆیان، کەچى تا ئێستا تەنها ٧٠ خێزان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، ئەمەش رێژەیەکى زۆر کەمە لە چاو ئەو هەزاران خێزانەى ئاوارەى ناوچە جیا جیاکانى هەرێمى کوردستان بوون و لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون".

ناوبراو هۆکارى نەگەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شارەدێى باشیک ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "هۆکارى سەرەکى نەگەڕانەوەى ئاوارەکانى باشیک بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، نەبوونى خزمەتگوزارییە لە شارەدێکە بە تایبەت نەبوونى ئاو و کارەبا بەربەستێکى گەورەیە لەبەردەم گەڕانەوەى ئاوارەکان. لە هەمان کاتیشدا قوتابخانەکان تا ئێستا نەکراونەتەوە، کە ئەمە هۆکارێکى دیکەیە لەبەردەم گەڕانەوەى ئاوارەکان چونکە منداڵە ئاوارەکان لە ئێستادا لە قوتابخانەکانى هەرێم دەخوێنن و، دەیانەوێت منداڵەکانیان ساڵێکى خوێندنیان بەفیڕۆ نەچێت، ئاوارەکان مافى خۆیانە ئەو کاتە بگەڕێنەوە کە هەموو خزمەت گوزارییەکیان بۆ دابین کراوە".

بەڕێوەبەرى شارەدێى باشیک دەشڵێت: "ئاشکرایە کە داعش دواى خۆى تەواوى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى بە وێرانەیی بەجێهێشت، تاوەکو هەموو لایەک زەرەرمەندبن، بە مەبەستى زوو گەڕاندنەوەى ئاوارەکان فەرمانگەکانى ئاو و کارەبا دەستى بە نۆژەندکردنەوەى پڕۆژەکانیان کردووە و، تا کۆتایی ئەم مانگە تەواوى پڕۆژەکانى ئاوى خواردنەوە دەخاتەوە خزمەتى هاووڵاتییان و چەند بیرێکى نوێش هەڵدەکەنرێت، دواى تەواو بوونى ئەو پڕۆژانە پێشبینى دەکەین رێژەیەکى یەکجار زۆر ئاوارە بگەڕێنەوە، گەڕانەوەشیان جێگەى خۆشحاڵى هەموو لایەکمانە و کارئاسانیشە لەسەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان".

هەروەها گوتى: "بەهۆى تەقاندنەوەى مەزارگە و ماڵ و حاڵى هاووڵاتییان لەلایەن داعش، بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆسەر بنکە و بارەگانى داعش، بە تایبەت لە کاتى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەدێکە زیاتر لە ٣٥ لە سەدى باشیک وێران بووە، ئەم وێرانییە زیانێکى زۆر گەورەیە بە ژێرخانى ئابوورى ناوچەکە گەیاندووە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەیش تێچووى زۆرمان دەکەوێتە سەر".

زەنوون یونس رووى قسەکانى کردە حکوومەتى عێراق و بە کەمتەرخەم لە هاوکارى کردنى ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەى شارەدێکە وەسفى کرد و گوتى: "لە ئێستادا تەنها سەرۆکایەتى شارەوانى شارەدێى کاردەکات بۆ نەهێشتنى پاشماوەکانى جەنگى دژ بە داعش، ئەمە جۆرێکە لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و هەروەها داوامان لە حکوومەتى هەرێم کردووە کە رۆڵى خۆى ببینێت، حکوومەتى هەرێم رۆڵى خۆى گێڕاوە، بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایی هەوڵەکانى تا ئێستا وەک پێویست نییە. کەچى حکوومەتى عێراق هیچ رۆڵێکى نەبینیوە لە یارمەتیدانى ئاوارەکان و تا ئێستا نەک هیچ گوژمە پارەیەکى بۆ ئاوەدانکردنەوەى باشیک دابین نەکردووە بگرە لە بەرنامەشیدا نییە شارەدێکە دووبارە ئاوەدان بکاتەوە".

بەڕێوەبەرى شارەدێى باشیک، زەنوون یونس یوسف گوتیشى: "تەنها دوو رێکخراوى نێودەوڵەتى هاوکارى مرۆیی و کەلوپەل بەسەر ئاوارە گەڕاوەکان دابەش دەکەن، ئەوانیش بە هەماهەنگى لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان روویان لە شارەدێکە کردووە، بە پێویستیشى دەزانین کە هەموو رێکخراوە مرۆییەکان خزمەتگوزارى و کۆمەک و هاوکارییەکانیان بگەیەنن بە هاووڵاتییانمان لە باشیک و گوندەکانى دەوروبەرى، چونکە ئەمە بابەتێکى مرۆییە و پەیوەست نییە بە جیاوازى سیاسى و نەتەوایەتییەوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın