هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د: "له ره‌وشی رۆژنامه‌نووسی رازی نیین"
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت له كۆی 800 ناونیشانی رۆژنامه و گۆڤار و بڵاوكراوه ئێستا ته‌نها 52 ناونیشانییان ماون و به‌رده‌وامن له ده‌رچوون".
Arbil
هه‌ولێر-AA
هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت له نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار ئه‌ندامی سه‌ندیكا دوو هه‌زار و 500یان ئه‌ندامی راسته‌قینه‌ن.
له هه‌فپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د تیشك ده‌خاته سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌نووسی له هه‌رێمی كوردستان و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه.
له‌باره‌ی ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د رایده‌گه‌یه‌نێت "ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری دوو به‌شه، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندیی به‌ئازادی كاری رۆژنامه‌نووسییه‌وه هه‌یه، دووه‌میشیان په‌یوه‌ندیی به‌ژیان و گوزه‌رانی رۆژنامه‌نووسانه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ژیان و گوزه‌رانی رۆژنامه‌نووسانه‌وه هه‌یه وه‌كو هه‌موو هاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان به‌شی هه‌ره زۆری رۆژنامه‌نووسان ژیانێكی خراپیان و داهاتی مانگانه‌یان زۆر كه‌مه و گرێبه‌ستییان وه‌كو پێویست نییه ته‌نها سێ چوار كه‌ناڵ نه‌بێت كه داهاتی كارمه‌نده‌كانییان باشه".
ده‌شڵێت "ئه‌وه‌شی په‌یوه‌سته به‌ڕه‌وشی ئازادی رۆژنامه‌نووسی ئه‌وا به‌پێی ململانێ سیاسییه‌كانی رۆژ له هه‌رێمی كوردستان ئه‌ویش له به‌رزی و نزمیدایه و به‌پێی ململانێیه‌كان بازنه‌كه‌ی گه‌وره و بچووك ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌گشتی به‌پێی راپۆرته‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ره‌وشه‌كه جۆرێك له دامه‌زراوه‌یی وه‌رگرتووه، جۆرێك له پانتایی ئازادییه‌كان وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی ململانێ سیاسییه‌كان رێگری له رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و جیاكاری له‌نێوان ده‌زگاكان و جۆرێك له ناڕێكی له ئازادی رۆژنامه‌نووسیدا هه‌یه".
هه‌روه‌ها روونی ده‌كاته‌وه "بۆیه دیوێكی باش هه‌یه كه یاسایه‌كمان هه‌یه و پانتاییه‌ك له ئازادی هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆر له كه‌ناڵی راگه‌یاندن هه‌یه، به‌ڵام له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه به‌پێی نووسراوی داواكاری گشتیش جۆرێك له له‌ده‌ست ده‌رچوون هه‌یه، هه‌م چاودێری به‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانه‌وه نییه، هه‌روه‌ها ره‌چاوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ناكرێت و ململانێی حزبی به‌ته‌واوه‌تی ره‌نگی داوه‌ته‌وه به‌سه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ی سیاسی و ژیانی ئاسایی و ژیانی تاكه‌كان هه‌یه، بۆیه پێویستی به‌جۆرێ له رێكخستنه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر نا به‌گشتی جۆرێك له ئازادی هه‌یه".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت کە ئه‌وان له ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان"رازی نیین"، هۆكاره‌كه‌شی به‌مشێوه‌یه باس ده‌كات "چونكه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ژیان و گوزه‌رانی رۆژنامه‌نووسان هه‌یه پێویسته گرێبه‌ستی شایسته، پێویسته ستاندارد هه‌بێت، پێویسته بیمه و ته‌ندروستی و مۆڵه‌تی ساڵانه له گرێبه‌ستێكدا له‌نێوان رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانییان بكرێت كه لانیكه‌می ژیانی رۆژنامه‌نووس دابین بكات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌ڕۆژنامه‌نووسان و نه‌ده‌زگاكانیش ئه‌مه ناكه‌ن و پێشمان وایه ده‌زگاكان تاڕاده‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌من یان ده‌یانه‌وێت خۆیان بدزنه‌وه له‌گرێبه‌ست كردن و باشتركردنی ره‌وشی ژیانی رۆژنامه‌نووسان".
ده‌شڵێت "ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌دامه‌زراوه و ده‌زگاكان، ئه‌وا زۆر جار كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی حزبی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی حكوومه‌تدا زیاتر بێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار بڕیار ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ده‌رده‌چێت ئه‌وا بڕیاری حزبییه و دووره له رێككاره یاساییه‌كان".
سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی رۆژنامه‌نووسان له هه‌رێمی كوردستان و پڕۆسه‌ی پاكتاوكردنییان به‌هۆی بوونی زۆرێك له ئه‌ندام كه ئێستا رۆژنامه‌نووس نیین، ناوبراو بۆ ئانادۆڵو ده‌ڵێت "ئێمه له سه‌ره‌تای ساڵی 1998ه‌وه كه سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان دامه‌زراوه خه‌ڵكێكی زۆر بوون به‌ئه‌ندام تێیدا، به‌تایبه‌ت سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان تاكه سه‌ندیكا بوو بۆ پیشه‌یه‌كی وا گرنگ، بۆیه به‌رپرسانی حزبه‌كان و حكوومه‌ت و خه‌ڵكی دیكه‌ش بوون به‌ئه‌ندام، ژماره‌كه نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار و زیاتریش بوو، ئێستا پاش پێداچوونه‌وه به‌ئه‌ندامێتی و رێكخستنی لیسته‌كان ده‌ركه‌وتووه دوو هه‌زار و 500 ئه‌ندامی راسته‌قینه‌مان له‌به‌رده‌سته، مه‌به‌ستمان له راسته‌قینه ئه‌و ئه‌ندامانه‌یه كه ئابوونه‌ی ساڵانه ده‌كه‌ن و پابه‌ندن و جۆرێك په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكا هه‌یه و ئیشه‌كانییان رێكده‌خه‌ن له‌گه‌ڵ گرێبه‌سته‌كانییاندا".
ده‌شڵێت "ئه‌ندام هه‌یه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه په‌یوه‌ندیی به‌سه‌ندیكاوه نه‌ماوه، بۆیه ناوه‌كانمان جیاكردووه‌ته‌وه و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا رایانده‌گه‌یه‌نین و به‌قۆناغ، قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ن كه به‌رپرسیارێتییان وه‌رگرتووه یان ئه‌وانه‌ی كه ئیشه‌كانییان گۆڕیوه. له قۆناغی دووه‌میش ئه‌وانه‌ی كه نایانه‌وێت به‌سه‌ندیكاوه پابه‌ند بن كه ئه‌مه زیاتر گله‌ییان له‌سه‌ره، نزیكه‌ی هه‌زار و 500 تا هه‌زار و 700 كه‌س ده‌بێت".
ناوبراو ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات "ئێمه ره‌نگه له سه‌ندیكا ده‌ریاننه‌كه‌ین تا كۆنگره ده‌به‌ستین و كۆنگره مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ده‌توانێت لیستێك دروست بكات بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هیچ پابه‌ندبوونێكیان به‌سه‌ندیكاوه هه‌یه، هه‌روه‌ها پێموایه هه‌زار و هه‌شت سه‌د كه‌س هه‌بێت كه له رۆژنامه‌ی دیكه و وێبسایت و شوێنی دیكه‌ش كارده‌كه‌ن و ئه‌ندامی سه‌ندیكا نیین".
سه‌باره‌ت به‌بێ لایه‌نی رۆژنامه‌نووسانیش كه كێشه‌ی گه‌وره‌ی دروستكردووه، سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د رایده‌گه‌یه‌نێت "پێموایه رۆژنامه‌نووسی كوردستانی له سه‌ره‌تاكانی ئه‌و كاره‌دایه كه به‌ره‌و پڕۆفیشناڵی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پیشه‌یه هێشتا له كوردستاندا وه‌كو پیشه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت، به‌ڵكو وه‌كو هیوایه‌تێك یان وه‌كو كاری دووه‌می رۆژنامه‌نووس ته‌ماشا ده‌كرێت، زۆرجار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پیشه‌یه ناتوانێت ژیان دابین بكات وایكردووه نه‌توانێت رۆژنامه‌نووس ناچار بكات ستانداره‌كان جێبه‌جێ بكات، پێویستمان به‌كات و پێگه‌یاندن و ناوه‌ندی دیكه‌ی پێگه‌یاندن و هه‌روه‌ها چاودێریش هه‌یه، چاودێری له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكان، چاودێری خودی، پابه‌ندبوون به‌یاسا به‌ركاره‌كانی رۆژنامه‌نووسی، میساقی رۆژنامه‌نووسی".
هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی كاركردن به‌یاساكانی رۆژنامه‌نووسی و سزادانی رۆژنامه‌نووسان به‌یاسای سزاكانی عێراقی بۆ ئانادۆڵو ده‌ڵێت "یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007 زیاتر رووی له رۆژنامه‌نووسه له رۆژنامه‌ی كاغه‌زی چاپكراوه، راسته رۆژنامه‌نووس هه‌ر رۆژنامه‌نووسه، به‌ڵام ئێمه یاسایه‌كمان نییه بۆ رێكخستنی بواری ده‌زگاكانی میدیای بینراو و بیستراو، یاسایه‌كمان نییه وێبسایته‌كان و رۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی رێكبخات، جگه له‌مه ژماره 35 كاری پێده‌كرێت، به‌ڵام زۆرجار رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكان و شوێنه‌كانی دیكه‌ش نایانه‌وێت پابه‌ندی ئه‌م یاسایه ببن و بڕیاره‌كانی دادگه‌ش، بۆیه زۆرجار كه ئه‌م بڕیارانه جێبه‌جێ ناكرێن ئه‌وا ده‌چێته سه‌ر یاسای سزاكان، هه‌روه‌ها زۆرجاریش حزب هه‌یه نایه‌وێت كار به‌م یاسایه و رێككاره یاساییه‌كان بكات و یه‌كسه‌ر كه‌ناڵ سزا ده‌دات، داواكاری گشتیش كاری خۆی ناكات و له كات و شوێنی خۆی له‌سه‌ر زۆر شتی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه به‌قسه نایه‌ت و ئه‌وه‌ش بۆخۆی دژی یاساكان و ناوه‌ڕۆكه‌كانییانه".
هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا پێی وایه جیاوازی له‌نێوان ره‌وشی رۆژنامه‌نووسی له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌یه و ده‌ڵێت "هه‌رێمی كوردستان له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق جیاوازه، یه‌كه‌م ئێمه یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌یه بۆ رێكخستنی كاری رۆژنامه‌نووسی، به‌ڵام هێشتا له به‌غدا كار به‌یاساكانی حزبی به‌عس ده‌كرێت، راسته هه‌ندێك رێنمایی ده‌رچوون، به‌ڵام هێشتا وه‌كو پێویست نیین، هه‌روه‌ها له به‌غدا راسته دادگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ڕۆژنامه‌نووسی و كه‌یسه‌كانی هه‌یه، به‌ڵام هێشتا وه‌كو پێویست كار ناكات. له عێراق رۆژنامه‌نووسێكی زیاتر ده‌كوژرێت، پێشێلكارییه‌كان زیاتره. له هه‌رێمی كوردستان راسته رووماڵكردن بۆ چه‌ند كه‌ناڵێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵام له عێراق به‌پێچه‌وانه‌یه ته‌نها رووماڵكردن بۆ چه‌ند كه‌ناڵێكی كه‌م هه‌یه، ئه‌وه‌ش جیاكارییه، هه‌روه‌ها له عێراق رۆژنامه‌نووسی زیاتر ده‌كوژرێت، ده‌توانیین بڵێین ره‌وشی رۆژنامه‌نووسی له هه‌رێمی كوردستان باشتره له عێراق".
سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی رۆژنامه و گۆڤار و بڵاوكراوه‌كانیش ناوبراو ده‌ڵێت "كه‌ناڵ داخستنمان به‌بڕیار یان لایه‌نێك دایخستبێت نییه، به‌ڵام كه‌ناڵ هه‌یه خۆی راگرتووه به‌هۆی بارودۆخی خۆی، به‌فه‌رمی كه‌سییان رانه‌وه‌ستاون، ئه‌وه‌ی له سه‌ندیكا تۆمار ده‌كرێت رۆژنامه‌كانن، به‌ڵام رادیۆ و تی ڤییه‌كان له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری تۆمار ده‌كرێن. تا ئێستا 800 ناونیشانمان هه‌یه، به‌ڵام به‌واقیعی ئێستا به‌ڕه‌سمی و به به‌رده‌وامی ته‌نها 52 ناونیشان رۆژنامه و بڵاوكراوه و گۆڤار به‌رده‌وامن له ده‌رچوون".
له‌باره‌ی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریشه‌وه ده‌ڵێت "له‌كاتی خۆی كه ئه‌م یاسایه ده‌رچوو باش بوو، به‌ڵام تێبینمان هه‌بوو، به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی گرنگه، به‌ڵام ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ راسته سه‌ر به‌په‌رله‌مانه، به‌ڵام كاریگه‌ریی حزبی له‌سه‌ره و كه‌سه‌كانی نێوی به‌دامه‌زراندن و رێككه‌وتنه، بۆیه ئه‌و یاسایه پێویستی به‌دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای راگه‌یاندن هه‌یه كه ده‌بوو ئه‌م لایه‌نه ئه‌مه جێبه‌جێ بكات، ده‌شبوو یاسای دیكه و رێنمایی دیكه ده‌ربچێت كه ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ بكرێت و فه‌رمانبه‌ری تایبه‌تی بۆ دابین بكرێت. هاوكات رۆژنامه‌نووسیش ناچێت به‌دوای زانیاریی و له رێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه داوای زانیاریی بكات، زۆرینه‌ی رۆژنامه‌نووسان هه‌ر كاری پێ ناكه‌ن، تێبینی چواره‌میش ده‌بوو یاسای دیكه له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت كه هه‌ندێك چه‌مك هه‌یه پێناسه‌ی بكات له‌وانه مافی كه‌سی، مافی گشتی، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه زۆر لاستیكی ماونه‌وته‌وه".
ده‌رباره‌ی بڕیاری راگرتنی كه‌ی ئێن ئێن و ئێن ئار تی له هه‌ندێك له ناوچه‌ی كوردستان، سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "سه‌ندیكا له‌كاتی خۆی به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد و ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌مان كرد، داواشی له داواكاری گشتی كرد به‌زووترین كات به‌دوای ئه‌و كه‌یسه‌دا بچێت، چونكه پێمان وایه ئه‌و رێككاره‌ی گیراوه‌ته به‌ر دژی ئازادی رۆژنامه‌نووسییه و دیموكراسییه‌ت و په‌ره‌پێدانی دیموكراسییه‌ته و ره‌نگدانه‌ی ململانێی سیاسی و حزبییه كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت داناوه، ئه‌گه‌ر كه‌ی ئێن ئێن به‌شێك بووبێت له ململانێی نێوان دوو حزبی سیاسی، ناكرێت رێگه له كه‌ناڵی ئێن ئار تی بگیرێت كه خۆی ئیدیعای ئه‌وه ده‌كات كه سه‌ربه‌خۆیه، كۆی پڕۆسه‌ی رێكگرتنه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی رێككاره یاساییه‌كان بووه، به‌ڵام داواكاری گشتی زۆر به‌دره‌نگه‌وه و هێشتاش رێوشوێنی پێویستی نه‌گرتووه‌ته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی یاساكان جێبه‌جێ بكات".
ئه‌و ده‌شڵێت "حزب له كوردستاندا هه‌موو شتێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ململانێیه‌كان له كوێ هه‌بێت ئه‌وا له رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن و به‌شێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنییان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دروست كردووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش رۆژنامه‌نووسی نه‌بووه‌ته پیشه‌یه‌ك، رۆژنامه‌نووسه‌كانیش له‌ناو ده‌زگاكانییاندا وه‌كو كه‌سی حزبی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و شت ده‌نووسن و لێدوان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش خراپه".
له‌باره‌ی ئه‌كتیڤ نه‌بوونی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانیشه‌وه كه گله‌یی زۆری له‌سه‌ره به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه، هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د ده‌ڵێـت "ئه‌و گله‌ییه تاڕاده‌یه‌كی زۆر راسته، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه سه‌ندیكا پێویست نه‌بێت، سه‌ندیكا بۆ رێكخستن پێویسته، ده‌ركردنی یاسای 35 ئه‌وه ده‌رده‌خات، سه‌ندیكا ده‌توانێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه مافه‌كانی رۆژنامه‌نووس ده‌سته‌به‌ربكات، له‌نێویاندا مه‌سه‌له‌ی گرێبه‌ست و هه‌روه‌ها پێگه‌یاندنی رۆژنامه‌نووس و ژیان و گوزه‌رانییان و هۆشیاریی سه‌ندیكاییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ندیكا ده‌رئه‌نجامی ره‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی سیاسی و حزبی ئه‌میش كه‌وتووه‌ته ژێر ئه‌و كاریگه‌رییه‌وه، به‌ڵام بوونی سه‌ندیكاش پێویسته و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ش پێویستن".
لەبارەی دواخستنی به‌ستنی كۆنگره‌شه‌وه كه دواكه‌وتووه ئه‌و ده‌ڵێت هۆكاری سه‌ره‌كی داراییه و هه‌روه‌ها ململانێی سیاسی و حزبی و بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان و شه‌ڕی داعش‌یش هۆكار بوون بۆ دواخستن، ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر بارودۆخی كوردستان به‌ره‌و باشتر بچێت هه‌وڵ ده‌ده‌ن له نزیكترین كاتدا كۆنگره ببه‌سترێت".
له كۆتایی قسه‌كانیدا سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان باس له كوشتنی رۆژنامه‌نووسان ده‌كات و ده‌ڵێت "كوشتنی رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر كه‌یسی رۆژنامه‌نووسی گه‌وره‌ترین ناخۆشییه بۆ رۆژنامه‌نووس و سه‌ندیكاش. له ساڵانی رابردوودا كه‌یسی كوشتنی رۆژنامه‌نووسان موقنیع نییه به‌و شێوه‌یه یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه كه موقنیع نیین، به‌نیسبه‌ت پارێزه‌كانییان، ده‌زگا فه‌رمییه‌كان هێشتا نه‌یانتوانیوه بێ لایه‌نی و هه‌یبه‌تی خۆیان بپارێزن، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ناتوانێت هیچ فشارێك بخاته سه‌ر ده‌زگاكانی دادوه‌ری، ته‌نها ئه‌ركی چاودێریكردنه و له‌م ئه‌ركه‌شدا هه‌موو زانیارییه‌كی پێ نادرێت".
هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌شكرد كه ده‌بێت به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هه‌ژماری بانكییان هه‌بێت و سه‌رچاوه‌ی داراییان و داهات و خه‌رجییه‌كانییان ئاشكرا بێت، به‌ڵام ئه‌مه له هه‌رێمی كوردستاندا پیاده‌ناكرێت.