Muhammet Ali Kemal
08 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن- AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر ئاشکرای کرد کە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە باکووری سووریا لەپەیوەندیی توندوتۆڵدان لەگەڵ تورکیادا.
مارک تۆنەر لەکۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە دایەوە.
تۆنەر ئاماژەی بەوەکرد هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەی باکووری سووریا، سوپای سووریای دیموکرات کە چەکدارانی یەپەگە رابەرایەتییان دەکەن، لەڕووی زەمینییەوە پێشڕەویی دەکەن و هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی لەئاسمانەوە پشتیوانییان دەکەن، گوتیشی: ''ئەم کارەمان دوای ئەنجامدانی پەیوەندیی گەرم و گوڕ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەمان و بەتایبەت تورکیادا ئەنجام دا''.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ''ئایا دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە چاوەڕێ دەکەن هێزەکانی سووریای دیموکرات شارەکە جێبهێڵن؟'' گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:
''لەناو هێزەکانی سووریای دیموکراتدا کوردیش بوونی هەیە. هەندێکیان عەرەبن و زۆرینەیان خەڵکی دەورووبەری شاری رەققەن. بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە ئێمە لەگەڵ گرووپەکانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانەکانمان، لەناو ئەوانیشدا لەگەڵ تورکیادا کاردەکەین. هێزەکانی سووریای دیموکرات کاریگەرن لە گۆڕەپانەکەدا. ئەوان لەکۆنترۆڵکردنەوەی ژمارەیەک ناوچە و دەرهێنانی لەچنگی داعش رۆڵی کاریگەریان هەبووە. پێمان وایە هێزە خۆجێییەکان کاریگەریی بەرچاویان دەبێت. باسی پێویستیی دامەزراندنی حکوومەتیشمان راستەوخۆ لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە کردووە. پێشتریش ئەم کارەمان لە ناوچەکانی باکووری سووریا و بەتایبەت لەمنبج ئەنجامدابوو. درووستکردنی حکوومەتێک لەدانیشوانی ناوچەکە و خەڵکی خۆجێیی، کارێکی گرنگە''.