Ali Cura
21 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2021
گرۆدنۆ – AA
لە کاتێکدا ھەوڵەکانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە نێوان سنووری بێلاڕووس -یەکێتی ئەورووپا کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی ئەورووپا، پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیا بەردەوامە، ئەوە راگەیندرا کە ھێزە ئەمنییەکانی ئەم دەوڵەتانە گرووپە کۆچبەراکانیان گەڕاندووەتە دواوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە لیژنەی سنووری دەوڵەتی بێلاڕووسەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە ئێستادا دۆخی سەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ یەکێتی ئەورووپادا زۆر ئاڵۆزە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ھەوڵەکانی پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیا بۆ بە زۆرەملێ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان لە رێگەی بەکارھێنانی توندوتیژی بۆ بێلاڕووس بەردەوامە و لە روونکردنەوەکەدا ھاتووە: "ھێزە ئەمنییەکانی لیتوانیا، گرووپێکی نۆ کەسی کە لە زیاتر لە ١٤٠ کەس پێکدەھاتن و ھێزە ئەمنییەکانی پۆڵەنداش نزیکەی ١٢ گرووپ کە لە ٣٥٠ کەس پێکدەھاتن ھەوڵی گەڕاندنەوەیانیان داوە بۆ بێلاڕووس. ھەروەھا لاتڤیاش، ھەوڵی بە زۆر دیپۆرتکردنەوەی گرووپێکی ٢٠ کەسییان داوە".
لە راگەیەندراوەکەی لیژنەی سنووری دەوڵەتی بێلاڕووس، ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە ئێستادا لە نزیک سنووری بێلاڕووس و لەسەر خاکی وڵاتانی دراوسێدا سێ گرووپ پەنابەر کە ژن و منداڵیش لە نێویاندایە لە دۆخێکی قورسدان و دووپات لەوە کراوەتەوە کە لە ئێستادا دوو گرووپ کە لە زیاتر لە ١١٠ کەس پێکھاتوون لە پۆڵەندان، گرووپێکیش لە هەریەک لە لیتوانیا و لاتڤیان کە لە ٣٠ کەس پێکهاتوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ھەموو ئەمانە بێلاڕووسیان وەکو وڵاتێک ناوێت بۆ مانەوە، ئەوان رەتیدەکەنەوە بە ئارەزووی خۆیان بێنە ناو بێلاڕووسەوە و بۆ بەدەستھێنانی مافی پەنابەرێتی پلانی رۆیشتن بۆ ئەورووپا دادەنێن."

- ھیچ کۆچبەرێک لە دەرەوە نەماوەتەوە
لەلایەکی دیکەوە، ئەو سەنتەری لۆژیستییە داخراوەی کە بە درێژایی سنووری گرۆدنۆ لە بێلاڕووس بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە زۆربەیان لە عێراقەوە ڤیزەیان وەرگرتووە و ھاتوون بۆ بێلاڕووس و بە مەبەستی دەربازبوون لە بێلاڕووسوە بۆ پۆڵەندا و لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەورووپا، جیاکراوەتەوە فراوانتر کرایەوە.
لە کاتێکدا نزیکەی دوو ھەزار کەس کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن، بوونە خاوەنی شوێنێکی فراوانتر بۆ ژیان، ئەو کەسانەی دیکەش کە شەوانی رابردوو لەو سەرمایەدا لە دەرەوەی سەنتەرەکەدا مابوونەوە وەرگیران.
بەدرێژایی رۆژ ھاوکارییە مرۆییەکانی حکوومەتی بێلاڕووس و خەڵک لە رێگەی رێکخراوە خۆبەخشەکانەوە بەردەوام بوو.