Haydar Şahin
03 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2022
تاران - AA
ئەو شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەی لە دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی ئێرانیان گرتەوە، بەردەوامن و لە ١٦مین رۆژی خۆپیشاندانەکانیشدا لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە، هاووڵاتییان رژانە سەر شەقامەکان.
هەرچەندە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا، خۆپیشاندانەکان روویان لە کەمبوونەوە کردبوو، بەڵام لەگەڵ کرانەوەی زانکۆکان لە رۆژی شەممەدا، دووبارە شەپۆلی ناڕەزاییەکان تاویان سەندەوە و لە تارانی پایتەخت و زۆرێک لە شارەکانی دیکەی ئێران، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
لەم نێوەندەشدا خۆپیشاندەران لە شەقامی شەریعەتی شاری تاران، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بۆ ماوەیەک شەقامەکەیان بە رووی هاتوچۆدا داخست و دژ بە دەسەڵاتی وڵاتەکەیان دروشمیان گوتەوە.
هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندانی ناو زانکۆکان بکەن، بەم هۆیەشەوە لە بەشێکی زانکۆکان پێکداهەڵپژان روویدا.
لە زانکۆکانی کرماشان، تاران، مەشهەد، تەورێز، مازندەران، کوردستان، ئەسفەهان، سنە و شیراز خۆپیشاندانی ناو زانکۆکان بوونە هۆی جوڵاندنی شەقام.
بەگوێرەی ئەو گرتانەشی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوونەتەوە لە زانکۆی شەریفی شاری تاران، پێکدادان لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکاندا روویداوە.
باس لەوەش دەکرێت کە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری زانکۆکە دەستبەسەرکراون و ئەگەری هەیە چەند کەسێکیش لە پێکدادانەکاندا برینداربووبن.
لەپاڵ ناڕەزاییەکانی ناو زانکۆ و سەر شەقامەکاندا، بەشێکی ئێرانییەکان لە ئێوارەدا لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە دروشمیان دژ بە دەسەڵات گوتەوە.
رۆژی شەممەش خوێندکارانی زۆرێک لە زانکۆکانی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان و داوای ئازادکردنیان، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکاندا، هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەریی، بەتۆمەتی "دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی گشتیی" هەڵمەتێکی رەشبگیرییان بۆسەر خۆپیشاندەران دەست پێ کرد.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لەم چوارچێوەیەدا لە راگەیاندنەکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە، لەپاڵ خۆپیشاندەراندا چەندین رۆژنامەنووس، هونەرمەند و کەسایەتی دیاریی ئەو وڵاتە، دەستبەسەرکراون کە ژمارەی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان بە دوو هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوولی رابردوو، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پەبەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە لە کۆتاییدا، رۆژی ١٦ی ئەیلوولی رابردوو لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
مەهسا ئەمینی رۆژی ١٧ی ئەیلوولی رابردوو لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.
کەناڵی فەرمی ئێران لە ٢٤ی ئەیلوولی رابردوودا، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ٤١ کەس لە میانی خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیشیان لەنێودا بووە.