Shamal Nouman Bakir
02 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2022
قودس-AA
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی لیکۆد، بێنیامین ناتانیاهو رایگەیاند کە لە میانی پرۆسەی دەنگداندا، پارتەکەی (لیکۆد) متمانەیەکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە و پێی باشتربوو کە چاوەڕوانی دەرئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکان بکات بەرلەوەی سەرکەوتنی لیکۆد رابگەیەنێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بێنیامین ناتانیاهو لە گوتارێکی بۆ لایەنگرانی لە قودسی رۆژئاوا گوتی: "متمانەیەکی بەرفراوانمان بەدەست هێنا. جارێکی دیکە روون بووەوە کە بەپەراوێزێکی زۆر گەورە، لیکۆد گەورەترین پارتە لە ئیسرائیل".
گوتیشی: "هێشتا پێویستە چاوەڕوانی دەرئەنجامەکان بکەین، بەڵام ئێمە خەریکە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بە دەست دەهێنین".
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی لیکۆد، بێنیامین ناتانیاهو لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: "هێشتا دەرئەنجامە راستەقینەکان نازانین، پێویستە ئارام بگرین. هەرچۆنیک بێت، داوای پوختییەکی تەواو دەکەین لە هەڵبژاردنەکان".
بەپێی ئەو راپرسیی و دەرئەنجامە بەراییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتی بێنیامین ناتانیاهو لە کۆی ١٢٠ کورسی کە پەرلەمانی ئیسرائیلی لێ پێکهاتووە، ٦٢ کورسی بەدەستهێناوە و ئەمەیش بواری بۆ دەرخسینێت کە بەتەنها حکوومەتی داهاتووی ئیسرائیل پێکبهێنێت.
سەرۆکی پارتی لیکۆد، بێنیامین ناتانیاهو هەروەها گوتی: "گەل رێگایەکی دیکەی دەوێت، ئاسایشی دەوێت، دابەزاندنی نرخەکانی دەوێت، دەسەڵاتی دەوێت و گەل دەوڵەتێکی جوولەکەی دەوێت".
گوتیشی: "حکوومەتێکی نیشتمانیی پێکدەهێنم کە بایەخ بە هاووڵاتییانی ئیسرائیل بدات بەبێ جیاوازی".
چاوەڕوان دەکرێت سبەی پێنجشەممە، دەرئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسرائیل کە دوێنێ سێشەممە یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوون رابگەیەندرێت.