Sarp Özer
03 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2023
قەرس-AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگرییهكانی تورکیا، رووسیا و سووریا رایگهیاند: "لە رۆژانی داهاتوودا وەکو بەردەوامیی ئەو کۆبوونەوەیە لیژنە تەکنیکییەکانمان کۆدەبنەوە".
خولوسی ئاکار لە میانی بەشداریکردنی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئازەربایجان، زاکیر حەسەنۆڤ و وەزیری بەرگریی جۆرجیا، ژوانشەر بورچولزادە و فەرماندە باڵاکانی سوپای تورکیا لە فراوانترین بەشداریکردنی مانۆڕی سەربازیی زستانە لە مێژووی کۆماری تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی دەرەوەی ژیرانە، لۆجیكی و سەقامگیری پەیڕەو کردووە.
ئاکار باسی لەوە کرد سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵانەی تورکیا بەم ئاراستەیە دهیدات بەڵام یۆنان بەردەوامە لە چالاکییە ئیستفزازییەکان و لێدوانەکان کە گرژییەکان زیاد دەکات و رایگهیاند: "هەوڵ دەدەین تا دەتوانین بە هێمنی پێشوازیی لەوە بکەین کە لەلایەن یۆنانەوە دەکرێت".
وەزیری بەرگریی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، تورکیا ٧١ ساڵە ئەو ئەرکەی پێی دراوە لە ناتۆ زۆر بە سەرکەوتووانە جێبەجێی کردووە و بەردەوامە لە ئەنجامدانی و جهختی لهوه كردهوه، بەهێزبوونی تورکیا بە مانای بەهێزبوونی ناتۆ دێت.
خولوسی ئاکار باسی لە دابینکردنی فڕۆکەی F-16 لەلایەن ئەمریکاوە بۆ تورکیا کرد و رایگهیاند: "ئەوەی تاکو ئێستا پێمان دراوە و ئەو زانیارییانەی کە لە کۆبوونەوە فەرمییەکان وەرمانگرتووە ئەرێنین. ئێمەش ئیتر چاوەڕێین ئەمە بە زووترین کات و بە هەنگاوی ئەرێنی و کرداری بگاتە ئەنجام. بەردەوامین لەوەی ئەم داواکارییانەمان لە رێگەی فەرمییەوە بگەیهنینە بەرامبەرەکەمان. ئەوەش دەبینین کە لەوێ هەوڵی جۆراوجۆر لە دژی هەیە. لەو بڕوایەداین کە کارەکانی نوێکردنەوە و دابینکردن لەرێگەی وەلانانی سەرجەم ئەمانە و بەرهوپێشچوون بەپێی پێوەری عەقڵ، لۆجیك و بابەتییانە ئەنجامێکی ئەرێنی دەبێت. تورکیایەکی بەهێز، هێزی سەربازیی تورکیای بەهێز؛ مانای ناتۆیەکی بەهێز و هاوپەیمانییەکی بەهێز دەدات".
- پێواژووی ئهندامێتیی سوید و فینلاند لە ناتۆ
ئاکار ئاماژەی بەوە کرد سوید و فینلاند دەبێت بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە مامهڵه بکەن کە لە مەدرید واژووکراوە و رایگهیاند: "هەموو ئەوانەی عەقڵیان هەیە ئەوە دەبینن تا پاڵپشتیی تیرۆر دەکرێت، بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێت و سنووردارکردنی هەناردەکان بەردەوامبێت تورکیا بە هیچ شێوەیەک بەمە ناڵێت 'بەڵێ' و دەبێت ئەوانیش ئەمە ببینن. بەداخەوە، تا ئەمڕۆ لەلایەن سویدەوە هەنگاوی کرداری لەم بابەتانە نەنراوە".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگرییهكانی تورکیا، رووسیا و سووریا، خولوسی ئاكار رایگهیاند: "لە رۆژانی داهاتوودا وەکو بەردەوامیی ئەو کۆبوونەوەیە لیژنە تەکنیکییەکانمان کۆدەبنەوە".