Hamit Hüseyin
08 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2015
سێیەمین کۆبوونەوەی پێکھاتە و ئایینیەکان لە بارەگای ئینستیتیۆتی مێری بەڕێوە چوو و راپۆرتێک پێشکەش بە ئەندامانی پەرلەمان و رێکخراوە ناحکوومییەکان و چالاکوانە مەدەنییەکان و نوێنەرانی پێکھاتەی ئەتنیکی و ئاینییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا.
لەو راپۆڕتەدا داخوازی چەسپاندنی مافیان لە دەستووری ھەرێمی کوردستان کرا.
ھەر لەو بارەوە پەرلەمانتار و نوێنەری پێکھاتەی تورکمان ئایدین مەعروف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک پێکھاتەی تورکمان دووەمین نەتەوەی ھەرێمی کوردستانین و لە ھەمان کاتدا پێگەی سیاسی باشمان لە ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لە ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە و لەبەر ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مێری باس لەوە کرا کە چون مامەڵە لەگەڵ ئەو پێکھاتانە بکرێت و بە تایبەتی لە نێو پەرلەمان و دامەزراوەکانی حکوومی".
ئایدین مەعروف باسی لە پڕۆژەی خۆیان کرد بۆ ئەوی وەک مافێک بۆیان جێبەجێ بکرێ و گوتی: "ئێمە چەند داواکاریمان ھەیە کە مافەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێ و بۆ ئەوەی ببێت بە نموونەیەک لە دێموکراسیەت و ئێمە پشتیوانی لەو کۆبوونەوانە دەکەین. دەبێ زمانی تورکمان بە زمانی فەرمی بناسرێ و ھەروەھا وەک دووەمین نەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێ ئاڵای کوردستان رەمز و سیمبۆلی تورکمانی تێدا بێ".
سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی (بەیت النھرین) رۆمیو ھەکاری لەو بارەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پڕۆژەیە چەندین مانگە مناقشەی لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی داخوازییەکانی ئەو نەتەوانە لە دەستووری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و ھەروەھا ئەو راپۆڕتەی میری نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان خەمی کەمینە نەتەوەییەکانیان ھەیە و ئێمە پڕۆژەکە دیسانەوە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان دەکەین و ھەست بەوە دەکەین کە ئێمە بەشداری راستەقینەین لەو ھەرێمە و لە ھەموو روویەکەوە و داوای ھاوبەشی دەکەین".
سەرۆکی ئینستیتیۆتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دکتۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە ئێستادا لە قوناغی دارشتن و دامەزراندنی سیستەمی پەرلەمان و سیاسین و ململانی سیاسی زۆرتر دەبێت و با پێشڵی مافی کەمینە نەتەوەکان نەکرێت و بە درێژایی مێژوو پێکەوە ژیاوین و ئەوان تەنیا بەشێک لە ئێمە نین بەڵکو ئەوان دەبێ بەشێک بن لە بڕیاری سیاسی تا ھەست بە شراکەتی ئەو ولاتە بکەن".
دکتۆر دلاوەر ھەروەھا گوتیشی: "کەمینەکان دەبێت لە کاتی دانانی بڕیاری سیاسی و جێبەجێ کردنی یاسا کاریگەریان ھەبێت و چاودێری کاری حکوومەت بکرێت و ئەوەش لە دونیای دەرەوە و لە ئەورووپا ئەوان لێژنەیان ھەیە و مافەکانیان پارێزراوە و ئەوان دڵنیا دەکاتەوە".