Rewa Mahmood Hasan
07 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2022
سلێمانی-AA
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار لەدوای تەواو بوونی کۆڕێک بەناونیشانی (راپەڕین لەنێوان پاشەکشە و بەردەوامیدا) کە لە هۆڵی چاودێر لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە.
سەرەتا لەبارەی پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرکۆمار و دوایین زانیارییەکان، مەلا بەختیار رایگەیاند، "ئێستا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەدان، کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانی بەردەوامە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرکۆماری عێراق، ھەرچەندە دادگای فیدراڵی عێراق رێگەی داوە بەوەی کاندیدی نوێ خۆیان ھەڵبژێرن، بۆیە باشترە لایەنەکان پەلە بکەن و کاندیدی خۆیان یەکلایی بکەنەوە".
لەبارەی بریاری دادگای فیدڕاڵی عێراقیشەوە مەلا بەخیتار گوتی: " بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق نادەستوورییە چونکە دەستوور ناڵێت، نەوتی دەرھێنراو نابێت لەھەرێمی کوردستان دەربھێنرێت، ئەگەر دۆخەکە ئاوابڕوات دومەڵان لەژێر زەوی دەرەچێت ئەوکاتە حکوومەتی عێراق دەڵێت، نابێت دومەڵان لەھەرێمی کوردستان دەربرھێنرێت.".
سەبارەت بە باوردۆخی موچەخۆران و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد "ئۆباڵەکەی لەئەستۆی ئەوانەیە کە پارەیان لەبانکەکاندا نەھێشتووە، بەشبەحاڵی خۆم کاتێک دەبینم پارە لەبانکەکاندا نامێنێت، یان پێشمەرگە دێرینەکان مووچەکانیان وەرناگرن، من کاتێک ئەو دۆخە دەبینم ھەست بەشەرمەزاری دەکەم نازانم چۆن گەندەڵەکان شەرمەزار نابن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، سەبارەت بە دۆسیەی ژەھرخواردکردنی باسی لەوەکرد "دۆسیەی ژەھرخواردکردنم دانەخراوە ، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکەم مەکتەبی سیاسی ئەم سەرقاڵیەی تەواوبێت ئەگەر وەڵامم نەدەنەوە خۆم دەڕۆمە بەردەم دادگا".