Heman Hussein Yaseen
12 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2021
ههولێر - AA
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەکرد کە تایبەتە بە خۆپارێزی و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ناوەرۆکی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی راگەیاند.
بە گوتەی گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە بەم شێوەیەیە: ''نەبەستنی ماسک سزای ھەیە، خوێندنی قوتابخانە و پەیمانگاکانی سەربە وەزارەتی پەروەردە بە ئۆنلاین دەبێت، مزگەوتەکان دەکرێنەوە بە رێکاری خۆپارێزی، شوێنه گشتییەکان سنووردار دەکرێن، ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک قەدەغەیە و، سنوورەکانی ھەرێمی كوردستان بە رووی شارەکانی دیكهی عێراق وەک پێشتر دەبێت''.
جووتیار عادل ئاماژەی بەوەشکرد کە رۆژانی پێنجشەممە دەوامی فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە، کە لە بەیانی پێشووی وەزارەتی ناوخۆ بەھۆی دۆخی تەندروستییەوە رۆژانی پێنجشەممە کرابووە پشووی فەرمیی.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، وردەکاریی بڕیارەکان دواتر وەزارەتی ناوخۆ لە بەیانێکدا بڵاویان دەکاتەوە و ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ناوەڕۆکی بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووتیار عادل رایگەیاند، کە ھەفتە داھاتوو راپۆڕتی چاکسازی دەنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.