Heman Hussein Yaseen
17 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لەماوەی یەک ساڵ و نۆ مانگدا ١٠ هەزار و 928 کەس بوونەتە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ و، شوفێریش بە هۆکاری پلە یەک دەزانێت لە رووداوەکانی هاتوچۆدا.
لە نۆ مانگی رابردوودا لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان سێ ھەزار و ٣٢٨ رووداوی ھاتوچۆ تۆمارکراوە و لە ئەنجامدا ٦٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار ھەزار و ٨٤٤ کەسیش برینداربوونە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لیوا عەبدولقادر عەزیز، سەبارەت بە ئاماری رووداوەکان و قوربانییەکانی هاتوچۆ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە رووداوەکانی هاتوچۆ زۆرە بەڵام ئەگەر بەرواورد بکەین بە ساڵی پار، دەبینین ساڵی پار ٦٥٥ حاڵەتی مردن هەبووە، ٤ هەزار و ٨٤٤ حاڵەتی برینداریش هەبووە، بەڵام ئەمساڵ تا ٣٠/٩ حاڵەتەکانی مردن بریتیی بووە لە ٤٢٧ و حاڵەتەکانی برینداربوونیش بریتیی بووە لە ٥ هەزار و ٢ کەس".
لیوا عەبدولقادر عەزیز گوتیشی: "تا ئیستا رێژەکە کەمترە لە ساڵی پار، جگە لەوەی ئاماری سێ مانگی داهاتووش ماوە، بەڵام هیوادارم کە ئەمساڵ رێژەکە کەمتر بێت لە ساڵی پار".
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆش، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لیوا عەبدولقادر عەزیز گوتی: "هۆکارەکان بە پلە یەک شوفێرەکانن و رێگاوبانەکانیش ستانداردنین و ئەمەش دەگەڕێتەوە بە هۆی قەیرانی داراییەوە نامانتوانی رێگاکان نۆژەنبکەینەوە".
بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێم، لە ساڵی ٢٠١٧دا ٦٩٠ کەس بە رووداوەکانی هاتوچۆ گیانییان لەدەستداوە و، ی هەزار برینداریش هەیە و، لە ئێستاشدا بەگشتی ملیۆنێک و ٧١١ ھەزار و٥٥٨ ئۆتۆمبێل ھەیە کە تەنیا لەماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا، ١٢١ ھەزار و ٩٤٧ ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون.
رۆژی ١٧/١١ی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی بەبیرهێنانەوەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ دەستنیشانکراوە.