بڕیارەکەی ئۆپیک نرخی نەوتی دابەزاند
ئەنقەرە
لەدوای ١٧٢ەمین کۆبوونەوەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) کە دوێنێ لە ڤیيەننای پایتەختی نەمسا بەرێوەچوو، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لەسەدا ٥ی نرخەکەی لەدەستدا و بۆ ٥١ دۆلار و ١٢ سەنت دابەزی.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت دوێنێ لەسەرەتای رۆژدا بە ٥٤ دۆلار و ٧ سەنت بوو، دواتر تا ٥٤ دۆلار و ٦٣ سەنت بەرز ببوویەوە. بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی هەمان جۆری نەوت بە ٥١ دۆلار و ٤٢ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک دەستیپێکرد و لە دەورووبەری کاتژمێر ٩ەوە لەسەدا ٥ی نرخەکەی لەدەستدا و بۆ ٥١ دۆلار و ١٢ سەنت دابەزی. لەهەمان کاتدا نەوتی تێکساس بە ٤٨ دۆلار و ٦٢ سەنتەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.
دوێنێ بازاڕە جیهانییەکانی نەوت چاویان لەسەر کۆبوونەوەکەی ئۆپیک بوو. لەدوای کۆبوونەوەکە، وەزیری وزەی سعوودیە و سەرۆکی کۆنفرانسەکە، خالید فالح، بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رێکخراوەکەی خوێندەوە و باسی لەوەکرد بژاردەکانی درێژکردنەوەی ماوەی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی هەریەک لە ٦، ٩، ١٢ مانگیان تاوتوێکردووە، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ٩ مانگەکە باشترینیانە.
خالید فالح هیوای خواست لەرێگەی درێژکردنەوەی ماوەی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە تا مانگی ئازاری ٢٠١٨، بەرهەمهێنان لەماوەی ٥ ساڵی رابردوودا بگاتە ئاستی تێکڕا و ئاشکراشیکرد کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپیک لە ٣٠ی تشرینی دووەم سازدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە و سەرەڕای بڕیارەکەی ئۆپیک، نرخی نەوت لەسەدا ٥ دابەزینی بەخۆیەوە بینی. شارەزایان هۆکاری ئەمە بۆ زیاتر دانەبەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە و درێژنەکردنەوەی ماوەکە بۆ ١٢ مانگ دەگێڕنەوە.