شیکردنەوە

بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵێک بۆ سەربەخۆیی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی: "دەستی ئێوە و ئەم میللەتە خۆش، رۆژی ٢٥ی مانگ بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و چارەنووسی خۆتان دیاری بکەن".

Hemin Hüseyin  | 22.09.2017 - نوێکردنەوە : 23.09.2017
 بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵێک بۆ سەربەخۆیی

Arbil

هەولێر-AA

لە میانی بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە شاری هەولێر لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتارێکی پێشکەش کرد و سەرەتا داوای لێبوردنی لە خەڵک کرد بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆربوو لە یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریری لە چاوەڕوانی دەستپێکردنی کەرنەڤاڵەکەدا وەستابوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان،لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە پرسی ریفراندۆم کرد و هۆکاری ئەو بڕیارەی خستەڕوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە کەرنەڤاڵەکەدا گوتی: "چەند ساڵێکە ئێمە گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە ئێمە لەگەڵ بەغدا ناتوانین بژین، ھەوڵماندا لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشە و گرفتانە بدۆزینەوە کە پێشووتر رێککەوتنی لەسەر کرابوو، بۆ ئەوەی شەراکەت قەبوڵ بکەن، بەڵام بە داخەوە، شەراکەت قبوڵ نەکرا ودەستووریش پێشێلکرا، بۆیە بەپێی ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە: "پابەندبوون بە دەستوور یەکێتیی عێراق دەپارێزێت، ناڵێ یەکپارچەیی، بەڵکو دەڵێت پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە، ئێمە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس وامانزانی ئەم ھەموو کارەساتانەی بەسەر گەلی کوردستاندا ھاتووە، ویژدانی جیھانی ھەژاندووە و بەغدای تازەش ئەم کارەساتانە بۆ گەلی کوردستان قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە لەماوەیەکی کەمدا بۆمان دەرکەوت کە زۆرێک لەوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەسەڵاتدارن، تەنیا دەموچاوەکانییان گۆڕاوە، ئەگەرنا ھەڵگری ھەمان عەقڵیەتی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانن".

بارزانی گوتیشی: "لە کاتێکدا کە پێشمەرگە قارەمانەکان لەوپەڕی ناخۆشی و لە شەڕێکی سەختدا بوون لە دژی داعش، ئەگەر بارێکی فیشەک بۆ پێشمەرگە بھاتایە، دەبووایە بۆ بەغدا بچێت و لەوێ تەفتیشی بکەن و ئەگەر بەغدا رەزامەندی لەسەر نەدابوایە، ئەوا یەک فیشەک نەدەھات بۆ پێشمەرگە، بۆیە ئەوەیە حاڵمان بەدەست بەغدا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو رۆژەی بڕیاری ریفراندۆم درا ئەو لایەنانەی ئێستا گلەیی دەکەن و ھەندێک ھەڕەشەمان لێ دەکەن، نەیانپرسی بۆ ئەو بڕیارەتاندا، بەڵام ئایا رێگا چارەی دیکە هەبوو؟. بەڵام کەوتنە ھەڕەشەکردن و داوای نەھێشتنی ریفراندۆمیان کرد، ئێستاش ریفراندۆم لە دەستی من و حزبەکان و ھەمووی دەرچووە و کەوتووەتە دەستی ئێوە، پێشان ھەڵوێستی نێودەوڵەتی زۆر نەرم بوو، زۆر سەیرە لام کە تائێستاش کەس ناڵێت لە دژی ریفراندۆمین، دەڵێن کاتەکەی گونجاو نییە، بەڵام بەڕاستی ئێمە نازانین ئەو رۆژەی کە گونجاوە کامەیە، بەغداش بەو ھەڵوێستەی دەرەوە هاندراوە، ئەگەرنا ساڵی رابردوو ئێمە لەگەڵ شاندێکی گەورە چووینە بەغدا و ھەڵوێستی ھەموو لایەنەکانی بەغدا زۆر نەرم بوو، ئێستاش بووەتە کێشەی جەماوەر و لەدەست کەس و حزبەکان دەرچووە، داوای دواخستنی ریفراندۆم لە ئێمە دەکرێت و فشارەکان بەردەوامن، پێمان دەڵێن پڕۆسەکە دوابخەن و گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ بەغدا دەست پێبکەن، دڵنیابن ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو. ئێمەش دەڵێین ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی زۆر جددی، بە دڵێکی پاک و مێشکێکی کراوە، بەڵام دوای ٢٥ی ئەیلوول".


سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "بە پێویستی دەزانی چاوپێکەوتنێکی خۆم لەگەڵ سەرۆک بۆشتان بۆ باس بکەم، ساڵی ٢٠٠٦ جۆرج بۆش سەرۆکی ئەمریکا ھاتە قاعیدە ئەسەد لە پارێزگای رومادی، داوایانکرد و منیش چووم، ھەموو سەرکردایەتیی عێراق ھاتبوون، زۆر قسەی کرد، پاشان رووی لە من کرد، گوتی ئێمەی خەڵکی تیکساس و ئێوەش خەڵکی کوردستان، وەکو یەکترین، جوامێرین، نەوتمان ھەیە و ئاڵای خۆمان ھەیە، ھەردووکیشمان عاقڵین، ئێمە بینیمان ئەگەر لەگەڵ واشنتۆن بین بەھێزتر دەبین، ئێوەش بینیتان ئەگەر لەگەڵ بەغدا بن بەھێزتر دەبن. منیش گوتم جەنابی سەرۆک، ئەوەی بەغدا بەسەر ئێمەی ھێناوە، واشنتۆن بەسەر ئێوەی ھێنابوایە، بە ژیانت نەدەچوویە واشنتۆن".


بارزای گوتیشی: "زۆر بەڵێنیان پێماندا، ھیچ بەڵێنێکیان جێبەجێ نەکرد و ھەمووی بە زیانی ئێمە تەواو بوو، ئێستاش تا دوابکەوین زەرەرمەندین، بۆیە تازووترە، دەستی ئێوە و ئەم میللەتە خۆش، رۆژی ٢٥ی مانگ بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و چارەنووسی خۆتان دیاری بکەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئاوارەکان رایگەیاند کە ئەو ئاوارانەی لە کوردستانن، برا و میوانن و راسپاردەم بۆ ھەمووتان ئەوەیە کە وەکو چاوتان بیانپارێزن و رێزیان بگرن، کێشەی ئاوارەکان لە کوردستان نییە، لە فەلووجە و تکریت و بەغدایە، هەروەها دەبێت ئەوە بڵیین کە دراوسێکانمان برادری ئێمەن ماوەی ٢٥ ساڵە، هیچ کاتێک بۆ ئەوان نەبووینەتە هەڕەشە، بۆیە پێویستە ھەرچی گرفت و مەترسی ھەیە بەلاوەی بنێن، بۆ بە زمانی ھەڕەشە قسەمان لەگەڵ دەکەن، چ سوودێکی ھەیە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەم رۆژانەی دواییدا حەتمەن ئێوەش زۆر گوێتان لە ھەڕەشەی جۆراوجۆر بووە، ھەڕەشە دەکرێت بەوەی سزامان دەدەن، وەڵامی منیش ئەمەیە. ئەمە ١٠٠ ساڵە گەلی کوردستان سزا دەدەن، ئەرێ تێر نەبوون؟ تێرنەبوون لە سزادانی خەڵکی کوردستان؟ ئەگەر پێتان خۆشە دیسان بۆ سزادان بگەڕێنەوە، واز لە خەڵکی کوردستان بھێنن و وەرن من سزا بدەن".


لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەھیدان، بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، بۆ ئێوەی خۆشەویست و ھەموو جەماوەری کوردستان، ھەر بژین، ھەر ساخ بن، جارێکیتریش دەڵێم، شەرەفمەندین ھەولێر ھەر ھەولێرە".

جێی ئاماژەیە لەم کەڕنەڤاڵەدا هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا بە کۆمەڵێک گۆرانی نیشتمانیی خەڵکەکەی خستە جۆش و خرۆشەوە.

ئەمە لە کاتێکایە کە بەپێی یاسای کۆمسیۆن ئەمشەو کاتژمێر ١٢ بانگەشەکان رادەگیرێن و ئەم کەرنەڤاڵەی هەولێریش دواین بانگەشەی ریفراندۆم بوو.

کەرنەڤاڵەکە بە بەشداری نزیکەی سەد ھەزار کەس بەڕێوەچوو کە تێیدا ھەریەک لە باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کۆسۆڤۆ پیتەر گالبرێت، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا بێرنارد کۆشنەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق، زەلمای خەلیلزاد، کۆمەڵێک لە کەسایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەشداربوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın