شیکردنەوە

دهۆک.. پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى لەشکرى رۆژ

لیوا عەزیز وەیسى : "مافى خۆمانە رێگرى لە پەکەکە و بازرگانییەکانى پەکەکە بکەین، بەگەرەنتییەوە لەو باوەڕەدام جارێکى دیکە پەکەکە شەڕ لە دژى پێشمەرگە بکات، دوایین رۆژى مانەوەى پەکەکە دەبێت و راستەوخۆ لەشکرى رۆژ بەبێ وەستان دەگەڕێتەوە سووریا".

Azat Muhammet  | 12.03.2017 - نوێکردنەوە : 13.03.2017
دهۆک.. پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى لەشکرى رۆژ

Dahuk

دهۆک - AA

ئەمڕۆ بەئامادەبوونى فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى حکوومى و حزبى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى پێکهاتە ئایینییەکان هەروەها نوێنەرى ئەنەکەسە لە پارێزگاى دهۆک لە هۆڵى کۆنفرانسەکان پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى لەشکرى رۆژ بەڕێوەچوو.

دواى یەک خولەک وەستان بۆ گیانى شەهیدان و ٤٤ شەهیدى لەشکرى رۆژ بەرپرسى راگەیاندنى فەرماندەیی زێرەڤانى، عەقید دڵشاد مەولود سوپاسى ئامادەبووانى کرد و گوتى: "بەناوى دایک و خانەوادەى ٤٤ شەهیدى لەشکرى رۆژ بەخێرهاتنى یەک بەیەکتان دەکەین و سوپاس و پێزانین بۆ ئامادەبوونى هەموو چین و توێژەکان".

دواتر فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا، عەزیز وەیسى لە وتارێکدا بەبۆنەى پێنجەمین ساڵیادى لەشکرى رۆژ رایگەیاند "بەبۆنەى پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى لەشکرى رۆژى سەربە پێشمەرگەى زێرەڤانى گەرمترین پیرۆزبایی و سەرى رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و خانەوادەى شەهیدان دادەنوێنم، بە بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى ئەم لەشکرە لە کات و ساتێکى پێویستدا دامەزرا".

فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێڕەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى باسی لە مێژووى دامەزراندنى لەشکرى رۆژ کرد و گوتی: "لە سەرەتاى دەستپێکردنى شۆڕش لە سووریا، ژمارەیەکى زۆر لە گەنجى کورد لە سووریا دژى ئەوە بوون لە رێزى ئۆپۆزسیۆنى سووریا و رژێمى سووریا دژى گەلى کورد کار بکەن، بەناچارى ئاوارەبوونیان هەڵبژارد. بیرۆکەى دروستبوونى لەشکرى رۆژ ئەوبوو کە سێ تا چوار گەنج پێشنیازى دامەزراندنى هێزێکى لەو چەشنەیان کرد، منیش وەک فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى ئەم پێشنیازەى کوردى سووریام لا پەسەند بوو و بروسکەیەکم بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەم بەوەدا کە پڕۆسەیەکى لەم جۆرە هەیە لە برى ئەوەى ئەم خەڵکە ئاوارەیە رێگەیەکى هەڵە هەڵبژێرن ئەوەتا خۆیان داوایان کردووە هێزێک بۆیان دابمەزرێنرێت، خۆشبەختانە سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ئان و ساتێکى زۆر گونجاودا بڕیاری دا لەشکرى رۆژ لەژێر چاودێرى فەرماندەى فەرماندەیی زێرەڤانى و بەهەماهەنگى لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها بەهاوکارى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دابمەزرێنرێت".

گوتیشى: "خۆشبەختانە لە دەستپێکەوە کارمان لەسەر گواستنەوەى ئەزموون و خەباتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ ئەو پێشمەرگانەى لەشکرى رۆژ تاوەکو بتوانن لە سووریا درێژە بەخەباتیان بدەن. لە سەرەتاى مەشق و راهێنانى لەشکرى رۆژدا کارەکانمان رۆژ لە دواى رۆژ پێشکەوتنى بەخۆیەوە بینى، سەرەتا بەتالیۆنێکمان ئامادەکرد. لە کاتێکى کەمدا ئاسایشى ئەوخەڵکەمان بە لەشکرى رۆژ سپارد، چونکە ئەو کات ئامادەى گەڕانەوەى سووریا نەبوون، هیچ رۆژێک نەبوو لەشکرى رۆژ لە کارەکانیان ماندوو بن یان کەمتەرخەمییان نەکردووە و لە سەرەتاى شەڕى داعش مل بەملى پێشمەرگە رۆڵێکى گەورەیان لە تێکشکاندنى تیرۆریستانى داعش هەبوو".

لیوا عەزیز وەیسى گوتی: "زۆرجار پەکەکە دەڵێت لەشکرى رۆژ بەشدار نەبووە لە خەباتى سووریا و ئەو شەڕەى دژى ناوچە کوردییەکانى سووریا بەرپابووە. شەڕ کە دەستى پێ کرد لە سەرێکانى لە سووریا، یەکەم رۆژى جەنگەکە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى فەرمانى کرد کە پێشمەرگەى زێرەڤانى هەموو پێکەوە بەهاوارى کوردى سووریا بگەن، هێزەکەمان جووڵەى کرد و لە دەروازەى پێشابوور-سێمالکا راوەستاین هەر ئەو کات ساڵح موسلیم سەردانى کردین و پێى راگەیاندین کە پێویستیمان بەهێز و پێشمەرگە نییە. ئاماژەى بەوەدا کە تەنها چەک و تەقەمەنییان پێویستە، با ساڵح موسلیم وەڵامم بداتەوە کە ئایا ئێمە بەشدار نەبووین لە پاراستنى گەلى کورد لە سووریا یان ئەوان رێگریان لێ کردین".

فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێڕەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى هەروەها گوتی: "ئەگەر پەکەکە کوشتن و رفاندنى خەڵک و هاووڵاتییانى بۆ خۆى حەلال کردبێت، ئەوا ئێمەیش هیچ سنوورێکمان لەپێش نییە بۆ هەڵگرتنى زوڵم و زۆردارى لەسەر هاووڵاتییان. لەشکرى رۆژیش لە ئێستادا ئامادەى گەڕانەوەیە بۆ سووریا و لە ئایندەیەکى نزیکدا دەگەڕێنەوە، هەروەها ئەگەر گەلى کورد لە سووریا داواکارى هێزى زیاترى هەبێت، ئامادەین تەواوى پێشمەرگەى زێرەڤانى بۆ سووریا رەوانە بکەین، ئەمانە هەموو پەیامى ئێمە بووە بۆ ساڵح موسلیم، کەچى قبووڵیان نەکرد".

لیوا عەزیز وەیسى هەروەها ئاماژەى دا بەهاوکارییەکانى هاوپەیمانان و گوتى: "لەشکرى رۆژ ئەمڕۆ لە قۆناغێکى سەرکەوتوو و هێزێکى باوەڕپێکراوە و لەلایەن ناتۆوە مەشق و راهێنانى سەربازییان پێدەکرێت و چەکیشیان پێدەدرێت و لە ئایندەشدا هەموو هاوکارییەکیان بۆ دابین دەکرێت، ئەم هێزە بۆ پاراستنى مرۆڤایەتى و گەلى کورد دامەزرێنراوە، ئامانجیشمان لە دروستکردنى ئەو هێزە بۆ سووریا بووە، بەهۆى رێگرییەکانى پەکەکە بووە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە لە هەرێمى کوردستان بەئەرکى خۆیان هەستاون".

- پێشێلکارییەکانى پەکەکە/پەیەدە لە سووریا

فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى ئاماژەى بەپێشێلکارییەکانى پەکەکە/پەیەدە کرد لە سووریا و گوتى: "رۆژانە پەکەکە منداڵانى هەرزەکار لە خشتە دەبات بۆ ئەوەى هێرش بکەنە سەر بنکە و بارەگاکانى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا و بارەگاکانى پارتى دیموکراتى کوردستانى سووریا، هەروەها پەروەردەى پەکەکە ئەوەبوو سووکایەتى بەکەسایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان بکرێت، پرسیارم بۆ پەکەکە ئەوەیە کە هەڵکوتانەسەر بارەگا و حاڵەتى کوشتن و رفاندن و هەڕەشەکردن تاکەى؟".

گوتیشى: "داوا لە پەکەکە و لقەکانى دەکەین بەهەڵسوکەوتەکانیایدا بچنەوە و چیدیکە لەسەر کردەوە چەوتانەکانیان بەردەوام نەبن، ئێمە نامانەوێت هاوشێوەى ئەوان هەمان کاردانەوە و دژە هێرشمان هەبێت، بەڵام ئەو دۆخە نەخوازراوەشمان قبووڵ نییە. گەلى کورد پێویستى بەیەکگرتن و یەکڕێزى هەیە، ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بین هەموو ئامانجەکانمان بەدى دێت، چونکە هیچ جارێک دەرفەتێکى وا بۆ کورد نەڕەخساوە".

- "پەکەکە فرمێسکى تیمساح بۆ شنگال دەڕێژێت"

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، لیوا عەزیز وەیسى باسی لە رەوشى خانەسۆر کرد و گوتى: "لە مێژووى هیچ هێز و لەشکرێکدا نییە تووشى شکست نەبووبێت، با پەکەکە خۆى پرسیار لە خۆى بکات ئەگەر پێشمەرگە نەچووبایە کۆبانێ چییان بەسەردەهات لە دەست داعش، پاداشتى ئەو هاوکارییانە ئەمڕۆ هەستاوە لە شنگال کوردى ئێزدى هاندەدات دژى هەرێمى کوردستان و کوردایەتى، ئەوەتا کوردى ئێزدییان هانداوە و دەڵێن (ئێمە کورد نین، ئێزدین) ئەمە رەوشت و پەروەردەى پەکەکەیە بەو ئێزدییە دەڵیم ئەگەر کورد نین بۆ بەکوردى قسە دەکەین فەرموو زمانى ئێزدى چییە بەئێزدیاتى بڵێ کورد نین".

گوتیشى: "هیچ جارێک نەبووە پێشمەرگە خوازیارى شەڕ بووبێت، چونکە دەزانین جەنگ جگە لە ماڵوێرانى هیچى دیکەى لێ بەرهەم نایەت. بەڵام مافى خۆمانە رێگرى لە پەکەکە و بازرگانییەکانى پەکەکە بکەین، بەگەرەنتییەوە لەو باوەڕەدام جارێکى دیکە پەکەکە شەڕ لە دژى پێشمەرگە بکات، دوایین رۆژى مانەوەى پەکەکە دەبێت و راستەوخۆ لەشکرى رۆژ بەبێ وەستان دەگەڕێتەوە سووریا. لە هەمان کاتیشدا بۆ برایەتییەکى عاقڵانە تا دوا هەناسە ئامادەین".

ئەوەیشى گوت "پەکەکە بەهەمان عەقڵییەتى ساڵى ١٩٩٥ دژى هەرێمى کوردستان وەستاوەتەوە، هەموو ناشرینى و جۆرە درۆیەک هەڵدەبەستێت بۆ دژایەتى هەرێمى کوردستان و پێشمەرگە، بەڵام ئێمە بەپاکى و بەئاشکرا کارەکانى خۆمان دەکەین. با یەک پرۆسە و کارێک بڵێن کە سەرۆکى هەرێم پێى هەستا بێت، ئەنجامەکەى لە بەرژەوەندى گەلى کورد نەبووبێت؟".

لە ساڵیادەکەدا دواى شیعر خوێندەوە لە رێگەى شانۆگەرییەکەوە نەهامەتییەکانى سووریا بەدەست تیرۆریستانى داعش نمایش کرا کە ئاماژە بوون بۆ هێرشى وەحشیگەرایی تیرۆریستانى داعش بەرامبەر هاووڵاتییان.

لەشکرى رۆژ لە ساڵیادى راپەڕینى قامیشلۆ دژى رژێمى سووریا لە بەروارى ١٢ ئادارى ساڵى ٢٠١٢ کە ساڵیادى لەلایەن هەرێمى کوردستان دامەزرێنرا، ژمارەیان تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار پێشمەرگە دەبێت هەمووشیان کوردى سووریان و بێ ئۆقرەن بۆ گەڕانەوەیان.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın