شیکردنەوە

ھەڵەبجە.. چیرۆکی خێزانێکی ئاوارەی سووری و شیرینیەکەیان

- ئەندامانی خێزانێکی ئاوارەی سووری لە ھەڵەبجە، کارگەیەکی دروستکردن و فرۆشتنی شیرینی سووری و تورکیان کردووەتەوە .

Salim Xemexan  | 28.05.2017 - نوێکردنەوە : 04.06.2017
ھەڵەبجە.. چیرۆکی خێزانێکی ئاوارەی سووری و شیرینیەکەیان

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە - AA

لە ئێوارەی یەکەم رۆژی رەمەزاندا، چەند کەسێک لە ناوەڕاستی بازاڕی ھەڵەبجە و لە یەکێک لە کارگەکانی دروستکردنی شیرینیدا، سەرقاڵی راییکردنی داخوازی ھاووڵاتییان بوون. ئەوان کوڕانی مەلا رەشید خەڵکی قامیشلۆی سووریان، برا گەورەی خێزانەکە و خاوەنی یەکەمی کارگەکە، کاوە مەلا رەشید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو چیرۆکی خێزانەکەیانی گێڕایەوە، ئەو بە دەم جێبەجێکردنی داواکاریی کڕیارەکانیەوە گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ھاتینە ھەڵەبجە دوای ئەوەی لە سووریا ئاوارە بووین، ئێمە شارەزای دروستکردنی شیرینی و ھەموو جۆرە کارێکی ھەویرین، بەڵام حەزمان کرد لە یەکێک لە کارەکاندا بەردەوام بین تا سەرکەوتوو بین، نەک ھەر ماوەیەک کارێک بکەین، بۆ ئەوەش بڕیارماندا کاری شیرینی بکەین کە بۆ ئێمە و شارەکەش باشتر بوو، بەو شێوەیە چیرۆکی کارگەکەمان دەستی پێکرد".

دەربارەی ھۆکاری ئاوارە بوونیشیان گوتی: "سەرەتا ئێمە کە ئاوارە بووین ھاتینە دھۆک، ھەریەکە لە ئەنەس و ئاراسی براشم لێرە بوون لە ھەرێمی کوردستان لە زانکۆ دەیانخوێند، ھاوکات ئەوان کاتی سەربازیان ھاتبوو، بە داخەوە برایەکمان لە سووریا ناوی رۆدی بوو شەھید بوو کە تەنانەت نازانین چۆنیش شەھید بووە، بۆیە نەمانھێشت ئەمان بگەڕێنەوە بۆ سووریا، چونکە نەمانویست وەک رۆدی-یان لێبێت، بڕیارماندا ھەموومان بێینە ھەرێم، جگە لە خوشک و برایەکمان ھەموو خێزانەکەمان کە حەوت خێزانین ھاتووینەتە ئێرە و لەم شیرینیەدا کار دەکەین و بژێویمان لەسەر ئەم کارەیە".

سەبارەت بە کارەکەیان و ئەو شیرینیانەی دروستی دەکەن کاوە زیاتری گوت "ئێمە شیرینی سووری و تورکی دروست دەکەین و ھەر لای خۆشمان دەیفرۆشین، ھەرچەندە لێرە خەڵکێک ھەیە حەزی لە شیرینی ھەرزانە، ئێمە ئەو شیرینیەش دروست دەکەین کە پێی دەڵێن شیرینی عێراقی بە گوێز و رۆنی عادی دروستی دەکەین، بەڵام شیرینیەکانی خۆمان جیاوازن و حەز دەکەین شیرینیەکی خۆشتر پێشکەشی خەڵکی ئەم شارە بکەین، ئەتوانین بڵێین ئەو شیرینیانەی دروستی دەکەین نزیکەی ٢٢ جۆرن، ھەرچەندە جۆری تریشمان ھەیە بەڵام لەبەرئەوەی خەرجیان زۆرترە و خواستی خەڵکی کەمترە لەسەری بە ھۆی گرانی نرخەکەیەوە بە تایبەتی بە ھۆی قەیرانی ئێستاوە دروستی ناکەین".

ئەو سەبارەت بە بازاڕیشیان گوتی: "جاران و پێش ئەم قەیرانە داراییەی رووی لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان کردووە، فرۆشمان زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە زۆر کەمی کردووە، جگە لەو کرێ زۆرەی بۆ شوێنەکەمان دەیدەین کە مانگانە یەک ملیۆن و دوو سەد ھەزار دینارە، بەڵام ماوینەتەوە و درێژەمان بە کارەکەمانداوە بەشکو ئەم قەیرانە کۆتایی پێ بێت و وەزعی فرۆشی ئێمەش باش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە رەمەزاندا فرۆشمان زۆر زیاد دەکات ھەر بە نموونە یەکەم رۆژی رەمەزان زۆر جیاواز بووە لە رۆژەکانی دیکە. لە رەمەزاندا کاری شیرینی زۆر باشە، چونکە لێرە خەڵکی زۆر حەزی لە شیرینیە، شیرینیەکەی ئێمەش بە تامتر و خۆشترە لە بازاڕ، خۆشمان حەز دەکەین شیرینیەکی ناسکتر دروست بکەین، بۆیە کڕیاری زیاتر روومان تێدەکەن".

ئەوان کە خەڵکی قامیشلۆن لە پاڵ ئەو مەترسیانەی لەسەر ژیانیان ھەبووە و دوای ئاوارەیی چەند ساڵەیان ھەر بە ئومێدن رۆژێک لە رۆژان بارودۆخی وڵاتەکەیان ئارام ببێتەوە و بگەڕێنەوە، ئەو دەڵێت: "ئێرە و ئەوێ ھەمووی وەک خاکی خۆمان سەیر دەکەین و زۆر خۆشحاڵین، بەڵام نیشتیمانێک لێی لەدایک بووبیت ناتوانیت وازی لێ بھێنیت، بۆیە بە ئومێدی گەڕانەوەین ھەر رۆژێک بێت، بەڵام ئێرە چۆڵ ناکەین و ھەمووشمان بگەڕێینەوە، ھەر جێدەستی خۆمان بەجێ دەھێڵین و ھەڵەبجەییەکان فێر دەکەین، ھەر ئێستا ئێمە ھاوڕێیەکی ھەڵەبجەییمان ھەیە".

لە کۆتایی قسەکانیدا کاوە مەلا رەشید گوتی: "ئێمە بە ناچاری وڵاتی خۆمان بەجێ ھێشتووە، ئەگەر نەھاتینایە ئەوا ژیانمان لە مەترسیدا بوو لەسەر دەستی رژێمی بەعس، گەر نەھاتینایە ئەم برایەمان (ئەنەس) داواکراوی رژێمی بەشار بوو بۆ سەربازی، بە گشتی کوردەکانی وەک ئێمە ئەوە حاڵیان بوو، ئەو برایەی ترمان بە رەحمەت چوو، نازانین چۆن شەھید بوو، ئەو لە ئەنەس گەورەتر بوو بە ساڵێک و لە دایکبووی ١٩٨٥ بوو، ئەگەر ئەنەس بچوایەتە سەربازی یان ئەبوو شەڕی بۆ بەشار بکردایە و خەڵکی بێگوناھی بکوشتایە، یان نەرۆشتایەتە سەربازی ژیانی خۆی لە مەترسیدا دەبوو و دەکوژرا".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın