جيهان

رەوشی پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی

ماوەی مانگێكە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی پرۆسەی خوێندنیان كردووە و مكوڕن لەسەر ئەوەی تا مووچەكانیان وەك خۆی بۆ دابین نەكرێت ئامادە نین بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن و دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكەنەوە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 20.02.2018 - نوێکردنەوە : 21.02.2018
رەوشی پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

لە دوای كۆتایهاتنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی یەكەم، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە مانگرتن كرد و ئامادە نەبوون بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن بۆ دەستپێكردنی وەرزی دووەمی ساڵی خوێندنی 2017/2018 ، لەو كاتەوە كە ماوەی مانگێكە تا ئێستا دەرگای خوێندنگەكانی ئەم پارێزگایە داخراون و سەرەڕای داواكاری لایەنە جیاجیاكان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی مكوڕن لەسەر داواكارییەكانیان و ئامادە نین بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.

داواكاری سەرەكی مامۆستایان لە ئێستادا وەرگرتنی مووچەی تەواوی مانگانەی خۆیانە بەبێ‌ پاشەكەوتكردن كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو سیستمە پیادە دەكات، بەوەشەوە تا ئێستا مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی پاشەكەوتی مانگی ئۆكتۆبەری رابردوویان وەرگرتووە.

لە ساڵی 2014 ەوە بە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەنێویاندا مامۆستایان كێشەی تێكەوت، لەو كاتەوە تا ئێستا جگە لەوەی مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا پێنادرێت و بۆ چەند مانگێك دوا دەكەوێت، بەشی زۆری مووچەكانیان بە هۆی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەوە بڕدراوە، وەك خۆیان دەڵێن لەهەر یەك لەو ساڵانەی رابردووشدا مووچەی چەند مانگێكیان فەوتاوە.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، هەزار و 743 ناوەندی خوێندن هەیە، لەو ناوەندانەش 39 هەزار و 750 مامۆستا و 460 هەزار و 830 قوتابی هەیە لە قۆناغە جیاجیاكاندا.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، مەریوان عومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێویست بوو لە دوای كۆتایهاتنی پشووی وەرزی یەكەم لە رۆژی 23ی مانگی رابردوو، وەرزی دووەمی خوێندن دەستی پێبكردایە، بەڵام بە هۆی دواكەوتنی مووچەوە بایكۆتی مامۆستایان دەستی پێكرد ، ئێمە وەك لایەنی پەروەردە هەموو هەوڵێكی خۆمان داوە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە و دۆزینەوەی دەرچەیەك، لەو پێناوەشدا دواین جار لەگەڵ نوێنەی لایەنە سیاسییەكانیش كۆبووینەوە تا بە هەموو لایەگ رێگاچارەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بدۆزینەوە".

گوتەبێژەكەی پەروەردە ئاماژەی كرد بەوەی، هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە رۆژێك زووتر وەرزی دووەمی خوێندن دەستپێبكاتەوە و مامۆستایان و قوتابیان بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.

لەهەمانكاتدا باسی لەوەش كە هێشتا زووە بۆ باسكردن لە مەترسییەكان و هەژمارنەكردنی ئەمساڵی پڕۆسەی خوێندن بە هۆی بەردەوامی و درێژەكێشانی بایكۆتەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی گوت "بەڵام هەموو شتێك سنوور و بڕیاری خۆی هەیە و ئەگەر گەشتە ئەوكاتە، گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".

بەردەوامی مانگرتن و داخرانی دەرگای خوێندنگەكان، لەكاتێكدایە وادەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرز ماوەی دوو مانگی ماوە، ئەویش دوای ئەوەی حكوومەتی ناوەندی عێراق بڕیاری پێشخستنی وادەی تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی پۆلە ناكۆتاییەكانی بۆ كۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو دا، ئەوەش بە هۆی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە كە لە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوە دەچێت.

لە لای خۆیەوە جێگری سكرتێری رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند لە چەندین لاوە هەوڵ هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام تا ئێستا ئەو هەوڵانە ئەنجامێكیان نەبووە.

عەتا ئەحمەد كە هاوكات سەرپەرشتیاری كارگێڕی پەروەردەییە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرەڕای نیگەرانییەكان و هەوڵی لایەنە جیاجیاكان بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی ناوەندی و خودی سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو بارەیەوە خەمساردن و هیچ هەوڵێكی جددییان نییە بۆ دابینكردنی مووچەی مامۆستایان، ئەگەر دۆخەكەش بەو شێوەیە بەردەوام بێت و لایەنی حكوومەت بە زوویی نەیەنە پێشەوە و لەگەڵ مامۆستایان و لایەنی پەیوەندیدارەكان كۆنەبنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە، ئەوا وەرزی دووەم هێندەی نەماوە و مەترسی هەیە لەسەر پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن".

یەك لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی، عادل حەسەن لە بارەی هەڵوێستی مامۆستایانی ناڕازییەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ئێمە وەك مامۆستایان سوورین لەسەر داواكارییەكانی خۆمان و تا ئەو داواكارییانە جێبەجێ‌ نەكرێن ناگەڕێینەوە بۆ خوێندنگەكانمان و بەردەوام دەبین لەسەر مانگرتن، گرنگترین داواكاریش پێدانی مووچەی تەواوەتی مامۆستایانە لەكاتی خۆیدا".

ناڕەزایی و نیگەرانی مامۆستایانی سلێمانی بە نووسراو ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و پەرلەمان كراوە، خودی حەیدەر عەبادی-ش چەند جارێك بەڵێنی ناردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی داوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێنانە نەبوونەتە كردار و تەنها وەك بەڵێن ماونەتەوە، مامۆستایانیش لە چاوەڕوانیدان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın