سياسەت

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ

سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

Zana Natık Kerem  | 19.02.2017 - نوێکردنەوە : 19.02.2017
ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ

Baghdad

نەینەوا ــ AA

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە بەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، دەستی پێکرد.

لە بەیاننامەکەدا کە لەسەر ماڵپەری سەرۆکایەتی حکوومەتی عێراق بڵاوکراوەتەوە، حەیدەر عەبادی گوتوویەتی: "ئەرکی سەرەکی ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، رزگارکردنی مرۆڤە بەر لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاک".

سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە بەیاننامەکەدا گوتەکانی ئاراستەی ھێزی ئەمنی کردووە گوتوویەتی: "ئێوە ھەموو جیھان بە ئازایەتی و سەرکەوتنەکانتان و ھەروەھا پێکەوەبوونتان لەگەڵ ھاووڵاتییان ،سەرسام کردووە".

ــ لە سێ میحوەرە ھێزەکانی عێراق دەستیان بەپێشڕەویی کرد

ھەروەھا گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، عەمید یەحیا رەسول رایگەیاند کە ھێزەکانی عێراق لە سێ‌ میحوەرەوە بەرەو کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ پێشڕەویی دەکەن.

عەمید یەحیا رەسول بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ، ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەستی پێکرد کە ھێزەکانی سوپا لە میحوەری باکوور و پۆلیسی فیدراڵ لە میحوەری باشوور و حەشدی شەعبی لە میحوەری رۆژئاوای شارەکە، بەرەو ئەو ئامانجانەی لە ئۆپەراسیۆنەکە بۆیان دیاریکراوە پێشڕەویی دەکەن".

ــ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شەش گوند و وێستگەیەکی کارەبا

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا رایگەیاند کە ھێزەکانی عێراق بەورەی بەرزەوە بەرەو ئەو ئامانجانە پێشڕەویی دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ بۆیان دیاری کراوە.

لە بەیاننامەیەکدا عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا ئاماژەی بەوە داوە کە ھێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ کە بەیانی ئەمڕۆ دەستی پێکرد بەورەی بەرزەوە دەستیان بەپێشڕەویی کردن کردووە بەرەو ئەو ئامانجانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بۆیان دیاری کراوە.

لە بەیاننامەکەدا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ رایگەیاندووە کە لە دەورووبەری رۆژئاوای مووسڵ، ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی دژی داعش لە شەڕ دان.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا رایگەیاند کە ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ، سێ‌ گوندی دیکەیان لە باشووری بەشی راستی مووسڵ لەژێر کۆنتڕۆڵی داعش دەرھێناو و کۆنتڕۆڵیان کردەوە.

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا ئاماژەی بەوە داوە کە ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ توانیویانە گوندەکانی، کافوور، جەماسە و بجواری کۆنتڕۆڵ بکەنەوە کە لە بەشی راست دەکەونە باشووری مووسڵ.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ روونیشیکردووەتەوە کە ھەر ئەو ھێزانە توانیویانە خاڵی پشکنینی عەقرەب لەسەر رێگەی بەغدا ــ مووسڵ جەدیدە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و ئاڵای عێراقیش لەسەری بەرز بکەنەوە.

بەگوتەی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا لەمیانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو گوندانە و خاڵە پشکنینەکە، داعش زیانی زۆری داوە.

ھەروەھا شانەی راگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق رایگەیاند کە لە چوارچێوەی پێشڕەوییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ، سێ‌ گوندیان کۆنتڕۆڵکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا کە شانەی راگەیاندنی جەنگی سوپا بڵاوی کردووەتەوە، ھێزەکانی فیرقەی ١٦ی سوپا گوندی باخیرە-یان لە رۆژئاوای مووسڵ کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە کە ھەروەھا ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ توانیویانە گوندەکانی، عەزبە لەسەر رێگەی بەغدا ــ مووسڵ و لەزاگە لەسەر رێگەی کۆنی حەمام عەلیل ــ مووسڵ کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و ئاڵای عێراقییان لەسەر گوندەکان بەرز کردووەتەوە.
ئەفسەر لە سوپای عێراق، ملازمی یەک نایف زوبێدی رایگەیاند کە دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ وێستگەی کارەبای لەزاگەیان کۆنتڕۆڵکردەوە.

وێستگەی کارەبای لەزاگە دەکەوێتە سەر لێواری رۆژئاوای رووباری دیجلە و یەکەم شوێنە کە ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ لە میحوەری باشوورەوە توانیویانە بچنە ناو شوێنەکە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نایف زوبێدی گوتی: "کەمێک پێش ئێستا ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ کە لە میحوەری باشوورەوە دەستیان بەپێشڕەویی کردن کردووە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، توانیان وێستگەی کارەبای لەزاگە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە کە دەکەوێتە سەر لێواری رۆژئاوای رووباری دیجلە".

نایف زوبێدی گوتیشی: "ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ بەپشتیوانی ئاسمانی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەتەواوی وێستەگەکەیان کۆنتڕۆڵکردەوە".

ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەشدا کە دوای شەڕێکی قورس دژبە داعش، ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ وێستگەکەیان  کۆنتڕۆڵکردەوە.
ــ بەرگرییەکانی داعش لە باشووری رۆژئاوای مووسڵ تێکشکێنران
ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب جەبار حەسەن رایگەیاند کە بەھۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی جەنگی عێراق، ھێڵەکانی بەرگری داعش لە میحوەری باشووری رۆژئاوای مووسڵ تێکشکێنران.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو جەبار حەسەن گوتی: "فڕۆکەکانی جەنگی عێراق، ھێڵەکانی بەرگری داعشیان لە میحوەری رۆژئاوای مووسڵ بۆردومان کرد بۆ ئەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵ بتوانن بەئاراستەی گەڕەکەکانی رۆژئاوای شارەکە پێشڕەویی بکەن".

جەبار حەسەن گوتیشی: "دوای بۆردومانەکە، ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی ھێرشیانکردە سەر ناوچەی عربید باشووری رۆژئاوای مووسڵ کە داعش وەک ھێڵی یەکەمی بەرگرییەکانی بۆ رێگری لە پێشڕەویکردنی ھێزەکانی عێراق بەرەو گەڕەک و گوندەکانی رۆژئاوای شارەکە بەکاری دەھێنا".

لەلایەکی دیکەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، ملازمی یەک سەمیر داود موحسن بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی بەچەکی قورس ناوچەی کیسوم رۆژئاوای مووسڵیان بۆردومان کرد کە دەکەوێتە نێوان شارەکە و قەزای تەلەعفەر.

سەمیر داود موحسن گوتیشی: "ھەر دوای بۆردومانەکە، ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھێرشیانکردە سەر ناوچەکە و لە ئێستادا دژی چەکدارانی داعش لە دەورووبەری ناوچەکە شەڕ دەکەن".

بەگوتەی ئەفسەرەکە کە ناوچەی کیسوم لە رووی سەربازییەوە بەناوچەکی گرنگی ستراتیجی دادەنرێت بۆ ئەوەی داعش لەناو قەزای تەلەعفەر قەتیس بکرێت.
لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، پشتیوانی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەکانی جەنگی عێراق و ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دابینکراوە و ھێزەکانی عێراقیش لە میحوەرەکانی، باکوور، باشوور و رۆژئاوای پێشڕەویی دەکەن.
ــ دوو کردەی خۆکوژی لە رۆژھەڵاتی مووسڵ

ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، دوو کردەی خۆکوژی لە رۆژھەڵاتی شارەکە روویاندا.

ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی نەینەوا، عەقید ئەحمەد جبووری رایگەیاند کە کردەیەکی خۆکوژی چێشتخانەیەکی لە رۆژھەڵاتی مووسڵ کردە ئامانج و بەھۆیەوە چەکدارێکی حەشدی ھۆزەکان کوژراو و ١١ کەسیش بریندار بوون.

ئەحمەد جبووری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زانیاری زیاتری لەسەر کردەوە خۆکوژییەکە خستە روو و گوتی: "خۆکوژێک لە رێگەی پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک چێشتخانەی لەیموونە لە گەڕەکی زھوور باکووری رۆژھەڵاتی مووسڵ، خۆی تەقاندەوە".

ئەحمەد جبووری ئاماژەی بەوەشدا کە بەھۆی کردەوەکەوە، چەکدارێکی حەشدی ھۆزەکان کوژراو و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون کە لەنێوانیاندا پێنج چەکداری حەشدی ھۆزەکان ھەیە کە یەکێکیان ئەفسەرە بەپلەی عەقید.

ئەفسەر لە ھێزەکانی دژە تیرۆر، عەمید محەمەد عەبدوڵڵا حەمدانی رایگەیاند کە کردەوەیەکی خۆکوژی بارەگایەکی سوپای عێراقی لە رۆژھەڵاتی مووسڵ کردە ئامانج و بەھۆیەوە حەوت سەرباز کوژران و بریندار بوون.

محەمەد عەبدوڵڵا حەمدانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆکوژێک لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو، خۆی بەبارەگایەکی سوپای عێراق لە ناوچەی نەبی یونس رۆژھەڵاتی مووسڵ تەقاندەوە".

ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەشدا کە بەھۆی کردەوەکەوە، سەربازێک کوژراو و شەشی دیکەش بریندار بوون و ھەروەھا دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای عێراق تێکشکێنران.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın