سياسەت

"تورکیا، ئیران و عێراق بە کردەیی دژى سەربەخۆیی هەرێم نین"

-جەعفەر ئیمینکى: "هەوڵدەدەین پێش ئەیلوولى ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام بدەین و پەرلەمانى کوردستان بە سەرۆکایەتیەکى نوێ لە چوارچێوەى رێککەوتنێکى نوێ کارا بکرێتەوە".

Azat Muhammet  | 25.05.2017 - نوێکردنەوە : 29.05.2017
"تورکیا، ئیران و عێراق بە کردەیی دژى سەربەخۆیی هەرێم نین"

Dahuk

دهۆک-AA

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئیمینکى رایگەیاند "دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم، سەرکردایەتى سیاسى کورد لەگەڵ بەغدا دیاریکردنى سنوور و پرسى ناوچە کێشە لەسەرەکان یەکلایی دەکاتەوە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئیمینکى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە پەرلەمان لەسەر میکانیزمێکى دیموکراسى و یاسایی کارا بکرێتەوە، پارتى پێشتر رێککەوتنێکى دووقۆڵى لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕاندا هەبوو لە چوارچێوەى رێککەوتنەکەدا سەرۆکایەتى پەرلەمان پێکهێنرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێککەوتنە بە تەواوى هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە بۆ قۆناغى کاراکردنەوەى پەرلەمان پێویستە رێککەوتنێکى نوێ بکرێت لە نێوان لایەنەکان".

لەبارەى رێککەوتنە نوێیەکە کە پارتى بە نیازە بیکات جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت "قۆناغەکە وا دەخوازێت رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان هەموو لایەنەکان بکرێت، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامى زۆر باشە و ئەگەرى ئەوە هەیە رێککەوتنێکى نوێ لە نێوانمان بێتە ئاراوە بۆ دیاریکردنى سەرۆکایەتییەکى نوێ بۆ پەرلەمانى کوردستان، هیوادارین پەیوەندییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان ئاسایی ببێتەوە".

دەشڵێت "پارتى لەسەر بڕیارى خۆى سوورە و جارێکى دیکە قسە لەسەر ئەوە ناکات کە یوسف محەمەد ببێتەوە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان".

سەبارەت بە کاتى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئیمینکى ئاشکراى دەکات کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و بە باشى دەزانن کە پێش ئەنجامدانى ریفراندۆم پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدانى ریفراندۆمی بە یەکڕیزى نێو ماڵى کوردى بەستەوە و گوتى: "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز و تەبا بن، پێش ئەیلوولى ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەین، چونکە لە ئێستادا هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە هەموو پێوەرێک ئامادەن بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم، بە مەرجێک کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسى پێشوەخت ئاگادار بکرێتەوە لە ئەنجامدانى ریفراندۆم، چونکە لانیکەم دوو مانگیان پێویستە بۆ تەواوکردنى ئامادەکارییەکانیان بۆ ریفراندۆم".

- هەرێمى کوردستان دواى ریفراندۆم

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئیمینکى پێیوا نییە کە هەرێمى کوردستان دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم رووبەڕووى قەیران و کۆسپى گەورە ببێتەوە و گوتی: "رەنگە چەند کۆسپێکى بچووک لێرە و لەوێ رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بێتەوە، بەڵام پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران وەک دوو وڵاتى درواسێ لە دۆخێکى ئاسایی دەمێنێتەوە".

ئیمینکى ئاشکراى دەکات کە هەریەک لە تورکیا، ئێران و عێراق لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان مەبەستیانە ریفراندۆم ئەنجام بدەن، هیچ کامێک لەو وڵاتانە بە کردەیی دژى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان نابن، بەڵکو دژایەتییەکە تەنها لە چوارچێوەى تیۆرى و لێدوانی نەرێنى دەبێت، نەک دژایەتى فەرمى".

جەعفەر ئیمینکى باسى لەو کەیسانەیش کرد کە تا ئێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر یەکلایی نەکراوەتەوە و گوتى: "دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان، سەرکردایەتى سیاسى کورد لەگەڵ بەغدا دیاریکردنى سنوورى هەرێمى کوردستان و پرسى ناوچە کێشە لەسەرەکانى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان، مەلەفى ئابوورى و چەند مەلەفێکى دیکە یەکلایی دەکاتەوە".

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەعفەر ئیمینکى ئیرادەى گەلى هەرێمى کوردستان بە کارتێکى بەهێز دەزانێت بۆ مسۆگەرکردنى دانپێدانى نێودەوڵەتى بە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان و گوتی: "دواى راگەیاندنى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان باس لە دانپێدانى نێودەوڵەتى دەکەین و، لە ئێستاشدا پێگەى هەرێمى کوردستان لە ناوخۆ و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى زۆر بەهێزە و جێگەى دڵخۆشییە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın