حەلەب - AA
رێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا رایگەیاند لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنە جیاجیاکانی سوپای سوریا بۆسەر ئۆپۆزسیۆن، ٥٦ کەس کوژراون کە ١١یان منداڵن.
رێکخراوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکان لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئەنجام دراون و لە ئاکامدا لە شاری حەلەب ١٦ کەس و لە ناوچەکانی چواردەوری دیمەشق ١٥ کەس و لە ئیدلیب نۆ کەس و لە دەرعا شەش، هەروەها لەهەریەک لە دەیروزۆر و رەقا و قونەیترا و حومسیش دوو کەس کوژراون.
کۆمیتەی هاریکاری ناوخۆیی سوری لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کۆپتەرەکانی سەر رژێم بە بۆمبی بەرمیلی هێرشیان کردووەتە سەر حەلەب و ناوچەی مەسەکین حەنانو کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆندایە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندان رووبەڕووی هێرشێکی سەختی رژێم بوونەتەوە، هاوکات شەڕێکی قورس لە باکووری شاری حەلەب لە نزیک ناوەندی بەندینخانەی شارەکە لە نێوان هێزەکانی سوپا و گروپە چەکدارەکان روویداوە.
ئاژانسی رەسمی سوریا ناسراو بە سانا باس لەوە دەکا کە هێزە ئاسایشپارێزەکانی سوریا لە دەرعا و ئیدلیب و ناوچەکانی نزیک حەلەب ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و چەندین چەکداری بیانییان کوشتووە.