Rewa Mahmut Hasan
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2016
واشنتۆن- AA
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رەزامەندی نیشان نەدا لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بوودجەی کاتیی لەسەر دواخستنی "داخستنی حکوومەت" لە ٣٠ ئەیلوول بۆ ٩ی تشرینی دووەمی داهاتوو.
لە دەنگدانێکدا کە لە ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەچوو، پرۆژە یاسای بوودجەی کاتیی کە تایبەت بوو بە دواخستنی "داخستنی حکوومەت" لە ٣٠ ی ئەیلوول بۆ ٩ی تشرینی دووەمی داهاتوو بە ناڕەزایی ٥٥ دەنگ لەبەرامبەر ٤٥ دەنگی بەڵێدا رەتکرایەوە و بەهۆی نەگەیشتنی رێژەی یاسایی کە ٥١ دەنگی بەڵێیە، بوودجە کاتیەکە قبووڵ نەکرا کە لەمەشدا دەنگی ٤٢ ئەندامی دیموکراتەکان رۆڵێکی گەورەی گێرا لە دژایەتی کردنیدا.
دیموکراتەکان بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی دارایی بۆ ئاوی خواردنەوەی شاری فلینت تەرخان نەکراوە تیایدا، دژایەتی ئەو بوودجە کاتیەیان کرد.
لە دەنگدان لەسەر پرۆژەکە ١٣ لە کۆماریەکان هاوشانی دیموکراتەکان دەنگی نەخێریان دا لە دژی تێپەراندنی پرۆژەکە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جۆش ئێرنست لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئاسایی خۆیدا پشتگیری کردبوو لە داوای یارمەتی بۆ فلینت، لەکاتێکدا باراک ئۆباما چەندین مانگە ئاماژەی بەوەداوە کە دەبێت کۆنگرێس سەرچاوەیەکی دارایی بۆ پەیداکردنی ئاوی پاک بۆ خەڵکی فلینت دیاری بکات.
ئێرنست ئاماژەی بەوەدابوو کە ئۆباما بە هیچ شێوەیەک ناخوازێت حکوومەت دابخات و گوتبووی: "پرۆژە یاسایەکی بوودجەی پارتەکان لەلایەن سەرۆکی کۆماریەکانەوە لە ئەنجوومەنی پیران و کۆنگرێس لە ئێوارەی ٣٠ی ئەیلوول دەخرێتە سەر مێزەکەی ئۆباما".
ئەگەر بەو بوودجە کاتیە لە سێ رۆژدا واژوو نەکرێت، ئەوا هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٣ دەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵی لە ئەمریکا بۆ ماوەی ١٦ رۆژ دادەخرێن کە بە " داخستنی حکوومەت " ناوزەد دەکرێت .
ساڵی دارایی فیدراڵی لە ئەمریکا لە یەکی تشرینی یەکەم دەست پێ دەکات و لە ٣٠ی ئەیلوولدا کۆتایی دێت.