Heman Hussein Yaseen
08 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2024
هەولێر - AA
وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق، بڵاویکردووەتەوە کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی ھەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
وەزارەتەکە ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێم و تیمی (ھەژماری من) لەم ھەفتەیەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامدا.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی ھەژمارەکان و پڕۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی پێدەری بانکیی ( ATM ) لە سەرانسەری ھەرێمدا کرا.
وەزارەتی دارایی ھەرێم جەختی لەوەشکردووەتەوە کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ھاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرھەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە ھاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش ھەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە ھەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق.