Dilara Zengin Okay
06 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن – AA
بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە ئەگەری ئەوە لەئارادا نییە تاکوو ٢٠٣٠ بگەن بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە هەژاریی زۆر.
بانکی نێودەوڵەتی راپۆرتی هەژاری و خۆشگوزەرانی بۆ ٢٠٢٢ بڵاو کردەوە.
لە راپۆرتەکەدا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە پێشکەوتنە جیهانییەکان بۆ کەمکردنەوەی هەژاریی زۆر گەیشتووەتە ئاستی وەستان، تیایدا هاتووە: "ئەگەر لە ١٠ ساڵی داهاتوودا، رێژەی گەشەی ئابووریی بەرامبەر ئاڵنگارییەکان زیاد نەکات، ئەگەری ئەوە لەئارادا نییە تاکوو ٢٠٣٠ بگەن بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە هەژاریی زۆر".
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ١٩٩٠ەوە تاکوو ئێستا گەورەترین گورزی لە هەوڵەکان داوە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری لەسەر ئاستی جیهان، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینایش هەڕەشەی تەشەنەسەندنی هەژاری زیاتر کردووە.
بانکی نێودەوڵەتی بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە ٢٠٢٠ نزیکەی ٧٠ ملیۆن کەس دووچاری هەژاریی زۆر بوونەتەوە، نووسیوویەتی: "ئەمەیش بەرزترین رێژەیە لە ساڵێکدا لە کاتی چاودێریی هەژاری نێودەوڵەتیی لە ١٩٩٠ەوە کە تاکوو ئێستا تۆمار کرابێت".
لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە تاکوو ٢٠٣٠ نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن کەس کە زۆربەیان لە ئەفریقان داهاتی رۆژانەیان کەمترە لە دوو دولار ١٥ سەنت و تیایدا هاتووە: "زیاتر لەسەدا ٦٠ی ئەو کەسانەی بە دەست هەژاریی زۆرەوە دەناڵێنن لە ناوەڕاست، باشوور و رۆژهەڵاتی ئەفریقا دەژین و رێژەی هەژاری لەو ناوچەیە لەسەدا ٣٥ە".