Rawan Subhi Obaiullah
26 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2024
دهۆک - AA
ڕۆژی ٢١ی شوبات، دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕالی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و تیاییدا چەند بڕیارێک دەرچوو کە بریتیی بوو لەوەی کە دەبێت بە پێی ماددەی ١١٦ و ١١٧ دەستووری عێراق، داھات و سامانی گشتیی، بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی لەنێوان گەلانی عێراق دابەش بکرێت و نابێت ستەم لە ھیچ کەسێک بکرێت. ھەروەھا دەبێت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەمال کۆچەر، لە لێدوانێکییدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆتا بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، ھەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و نابێت دوا بکەوێت یان نەدرێت یان زیاتر لە مانگێک مووچە نەدرێت، بەڵکو دەبێت دوور بێت لە ململانێی سیاسی، ھەروەھا دەبێت بە کارتی ئەلیکتڕۆنی و لە رێگای بانکەوە مووچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکرێت، بڕیارەکانی دادگای فێدڕاڵی نابێت تانەیان لێبدرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێشتر پابەند بووە بە زۆربەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدڕاڵی وەکو بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ھەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان".
دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم چەند بڕیارێکی دا کە دەبێت بە پێی ماددەی ١١٦ و ١١٧ی دەستووری عێراق، داھات و سامانی گشتیی، بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی لەنێوان گەلانی عێراق دابەش بکرێت و نابێت ستەم لە ھیچ کەسێک بکرێت، دەبێت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لە وادەی خۆیدا دابەش بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق بە نیشتمانی بکرێت.
جەمال کۆچەر پێیوابوو کە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق دژی ھیچ لایەنێک دەرناچێت و گوتی: "چەندینجار سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەم دادگایە سکاڵای کردووە، کەچی سکاڵاکە لەبەرژەوەندی ئەو یەکلایی نەکراوەتەوە، ھەروەها چەندین کەس سکاڵایان لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکردووە و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی سوودانی دا دەرنەچووە".
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی جەمال کۆچەر، سەبارەت ھەمواری یاسای بوودجە گوتی: "لە ئێستادا ھەمواری یاسای بوودجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقە و چاوەڕێ دەکرێت ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و دواتر بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی پێبدرێت، ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە، دوو پرسە، یەکەمیان خەرجی مووچەی فەرمانبەران لە بوودجەدا لەچوارچێوەی خەرجی ڕاستەقینەی عێراق بھێنرێتە دەرەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، ئەمەش بۆ بەدوورگرتنی مووچەی فەرمانبەران لە ھەر ھەڵبەز و دابەزێکی پشکی ھەرێم لەچوارچێوەی یاسای بوودجەدا و کۆتا بڕیاری دادگای فێدڕاڵیش بۆ ئەم پرسە ھاوکار دەبێت، هەروەها بابەتی دووەم بریتییە لە ھەموارکردنەوەی نرخی تێچووی دەرھێنانی یەک بەرمیل نەوت کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە ٩ دۆلار لە بوودجەدا دیاریکراوە، لە هەموارەکەدا پێشنیاز کراوە بۆ ٢١ تا ٢٢ دۆلار بەرز بکرێتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر بەڵێنی داوە کە ئەم کێشانە چارەسەر بکات، ئێمەش لەو بڕوایەداین کە لە کاتی گەیشتی بۆ پەرلەمانی عێراق، ھەموارەکان بە ئاسانی تێپەڕن".