Heman Hussein Yaseen
25 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، دوازدەهەمین پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و وزە و کارەبا و پێداویستییەکانی شارەوانی کرایەوە و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.
لە پیشانگاکەدا کۆمپانیاکانی هەشت وڵات بەشدارییان تیایدا کردووە و کۆمپانیا تورکییەکان سەدا ٧٠ی پیشانگاکە پێکدێنن، هەروەها چەندین کەرەستە و کەلوپەلی جۆراجۆر نمایشکراون و بازرگانان و کارسازان دەتوانن لەماوەی ئەو چوار رۆژەدا، چەندین دیداری بازرگانی و مامەڵەیان جۆراوجۆریان هەبێت.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاگرین عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەم پیشانگایە لەم کاتەدا مایەی بەردەوامی بیرۆکەکانی ئاوەدانی و گەشەپێدانی زیاتری کوردستانە لە رێگەی کۆمپانیا جیھانییەکانەوە کە ئەمڕۆ ٩٠ کۆمپانیا بەشداری ئەم پیشانگایە بوون و چەندین کەرستەی پێشکەوتوو نمایشکراون".
ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: "وێرای بوونی بارودۆخێکی نائاسایی دەبینین ٩٠ کۆمپانیا لە هەشت وڵاتی جیاوازەوە هاتوون بەشداری پیشانگاکە دەکەن و دەرگا کراوەیە بۆ هاووڵاتییان و خەڵکانی تایبەتمەند، لەمیانی گەڕانێکماندا بەناو پیشانگاکە کۆمەڵێک شتی باشمان بینی کە چەند کەرەستەیەکی باشی تێدایە و دەتواندرێت بۆ ئاوەدانکردەوە سوودی لێ وەربگیرێت".
بڕیاربوو لەم پیشانگایەدا ١٠٠ کۆمپانیا بەشداربێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی تەندروستیی و داخستنی سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، ١٠ کۆمپانیا نەیانتوانی بەشداری پیشانگاکە بکەن و لەمبارەیەوە ئاگرین عەبدوڵڵا گوتی: "بەداخەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کاریگەری هەبوو لەسەر رێژەی بەشداریکردنی کۆمپانیا ئێرانییەکان، ئەگەرنا سەرەتا ژمارەیەکی زۆر ناونووس کرابوون بۆ بەشداریکردن، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەوە ١٠ کۆمپانیا بەشدار نەبوون".
سەدا ٧٠ی بەشداربووان کۆمپانیاکانی تورکیان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، محەمەد کایا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بوونی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی پەرەسەندنی بازرگانی نێوان دوولایەن، ساڵی رابردووش بەشداربووین لە پیشانگایەکی هاوشێوە، بەڵام ئێستا دوو ئەوەندەی ساڵی رابردوو بازرگانان بەشدارییان لەم پیشانگایەدا کردووە، بێگومان بازرگانان دێنە ئێرە و لەگەڵ خەڵکی ئێرە ئاشنا دەبن و دواتر کاردەکەن".
محەمەد کایا گوتیشی: "پیشەسازی تورکیا، پیشەسازییەکی پێشکەوتووە و دەتوانێت کاریگەری باشی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت، لەچوارچێوەی ئەم پیشانگایەشدا سبەی هەندێک چاوپێکەوتنمان هەیە لەگەڵ کەرتی تایبەت و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت، لەژێر رۆشنایی ئەم دیدارانەدا پلانی خۆمان بۆ ساڵی داهاتوو دادەنێین تاوتوێی ئاسانکاریەکانیش دەکەین، بە گشتی هەوڵدەدەین بازرگانەکانی هەرێم سەردانی تورکیا بکەن و هەوڵیش دەدەین بازرگانی تورکیا دەرفەتی ئەوەیان هەبێت سەردانی هەرێم بکەن".
لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیش، محەمەد کایا گوتی: "ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە هەوڵێکی هاوبەشی بازرگانی نێوان هەولێر و دیاربەکر دەدەین، ئەمڕۆش حەوت کۆمپانیای دیاربەکر بەشدارییان لەم پیشانگایەدا کردووە، بە گشتی ٥٠ کۆمپانیای تورکیا بەشدارن کە سەدا ٧٠ی پیشانگاکە پێکدێنن".
محەمەد کایا گوتیشی: "دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بدەین، بێگومان خواستێکی زۆر لەسەر بازرگانی تورکیا هەیە، وەبەرهێنەرانی ئێرە دەیانەوێت بەخێرایی دەستیان بە بەرهەمەکان بگات، بۆیە وەکو ژووری بازرگانی دیاربەکر دەتوانین کارئاسانی پێویستیان بۆ بکەین و بەردەوام لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندیدابین".
لەم پیشانگایەدا ٩٠ کۆمپانیا لە هەشت وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن کە بریتیین لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی؛ عێراق، تورکیا، ئێران، بولگاریا، هەنگاریا، میسر، سعوودیە و ئیمارات و بڕیارە ماوەی چوار رۆژ بخایەنێت.