Zana Natık Kerem
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی، بڕیاری حکوومەت نەبووە، بەڵکو بەڕێککەوتنی نێوان دامەزاروە داراییەکان و بانکی ناوەندیی بووە و گوتی: "رێگا نادەین، دۆلار بەقاچاغ ببرێتە دەرەوە"
محەمەد شیاع سوودانی لە میانی راگەیاندنی ھەڵمەتی ئامادەکردنی سەبەتەی خۆراکی تایبەت بەو کەسانەی کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دەیانگرێتەوە و ژمارەیان پێنچ ملیون و ١٠٠ ھەزار کەسە، ئاماژەی بەوەدا کە کاری لەپێشینەیان رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی ھەژارییە، بۆ ئەو مەبەستەیش زنجیرەیەک رێوشوێنیان گرتووەتەبەر و گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری باشترکردنی ماددە خۆراکییەکان بۆ ئەو خێزانە داوە کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دەیانگرێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد کە حکوومەتەکانی پێشوو، بیریان لە بڕیاری ئەنجامدانی چاکسازیی لە فۆرمی خۆراکدا کردبوویەوە، بەڵام حکوومەتی ئێستا ئەو کارەی ئەنجامداوە، ئەوەیش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی و نرخی خۆراکەکان لە بازاڕەکاندا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاند،، کەسانێک رەوشی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقییان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستووەتەوە کە ئەوە بڕیاری حکوومەت نەبووە، بەڵکو بەرێککەوتنی نێوان دامەزاروە داراییەکان و بانکی ناوەندیی بووە و گوتی: "ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکەکان، پرسێکی کاتییە و کار دەکەین لە پێناو پاراستنی سامانی گشتیی، ھەروەھا رێگا نادەین دۆلار بە قاچاغ ببرێتەوە دەرەوە".
محەمەد شیاع سوودانی دووپاتی کردووەتەوە، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە بانکی ناوەندیی و بانکی بازرگانیی ئەنجامی داون، دەبنە مایەی دابەزینی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی و گوتی: "رەوشی دارایی عێراق لە باشترین لە ئاستدایە".