Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە رایگەیاند لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە دانوستانداين کە داوای شەش ملیار دۆلاریان وەک قەرز لێکردوون.
لە راگەیەنراوێکدا سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە بڵاویکردەوە کە حکوومەتی عێراق داوای لێکردووە بە خێرای قەرزی پێ بدات و ھاتووە:
" لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە دانوستانداین کە داوای شەش ملیار دۆلاریان وەک قەرز لێکردووین".
لای خۆیەوە وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەلاوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی بلۆمبێرگ ئاشکرایکردووە کە لە ئێستادا لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی نەختینە لە دانوستاندان بۆ ئەوەی شەش ملیار دۆلار وەک قەرز لە سندوقی ناوبراو وەربگرن تا بتوانن بەشێک لە کورتھێنانی بودجەی ٢٠٢١ی پێ چارەسەر بکەن.
پێشبینی دەکرێت کورتھێنانی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عێراق بگاتە ٧١ تریلیۆن دینار (٤٩ ملیار دۆلار).
عەلی عەللاوی ئاماژەی بەوەیشدا کە ھەر کاتێک ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ ی پەسەندکرد، ئەوا رێگە بە حکوومەت دەدرێت قەرزی بەپەلە لە ناوەندە داراییەکانی جیھان وەربگرێت لە نێویاندا سندووقی نێودەوڵەتیی نەختینە و گوتی:
"وەک یەکەم ھەنگاویش حکوومەتی عێراق دەتوانێت داوای وەرگرتنی بڕی دوو ملیار دۆلار وەک قەرز لە سندوقی نێوەدەوڵەتیی نەختینە بکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریی کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەریھەڵداوە".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە ٢٠٢٠دا، حکوومەتی عێراق ٢٥ ملیار دۆلاری وەک قەرز بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتبوو.