Zana Natık Kerem
29 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2018
بەغدا ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێبی وێستگەیەكی كارەبای بە توانای 235 میگاوات لە پارێزگای بەسرە كردەوە.
لە میانی ئاهەنگی كردنەوەی وێستگەكەدا، جەبار لعێبی رایگەیاند، وێستگەكە وەزی كارەبا بۆ وەگەڕخستنی كێڵگەی نەوتی رومێلە دابین دەكات.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە وێستگەكە لە لایەن هەردوو كۆمپانیای (British Petroleum)ی بەریتانی و (PetroChina)ی چینی و كۆمپانیای نەوتی بەسرە دروست كراوە.
جەبار لعێبی باسی لەوەشكرد كە وێستگەكە بە گاز كار دەكات و روونی كردەوە لە میانی جێبەجێكردنی پڕۆژەکەدا، 500 دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتییانی عێراق رەخسێنراوە.
هەردوو كۆمپانیای (British Petroleum)ی بەریتانی و (PetroChina)ی چینی كاری پەرەپێدان لە كێڵگەی نەوتی رومێلە ئەنجام دەدەن.
لە ئێستادا، رۆژانە یەك ملیۆن و 45 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەی رومێلە بەرهەم دەهێنرێت.
وەزارەتی كارەبای عێراق لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو راگەیاندبوو كە لە ئستادا 15 هەزار و 700 میگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن.
ئەمەش لە كاتێكدایە عێراق پێویستی بە 23 هەزار میگاوات هەیە بۆ ئەوەی پێدوایستی هاووڵاتییان و دامەزراوەكان بۆ كارەبا، دابین بكات.