Heman Hussein Yaseen
22 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2026
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڵاویکردووەتەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، وەزارەتەکە بۆ ڕێکخستنی نرخی بەنزین بە کوالێتی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر چەند بڕیارێکی بە ژمارە ١٧٨٨ لە بەرواری ٢٢ی تەمووز بە واژووی وەزیری سامانە سرووشتیییەکان بە وەکالەت کەمال محەمەد ساڵح دەرکرد.
لە بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دا ھاتووە: "نرخی فرۆشتنی بەنزینی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە کوالێتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان لیتری بە ٧٥٠ دینارە، ھەروەھا نرخی فرۆشتنی بەنزینی بازرگانی بە کوالێتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان نابێت لە ٨٥٠دینار زیاتر بێت".
لە بڕیارەکەی وەزارەتدا ئاماژە بە ھەردوو جۆری موحەسەن و سوپەر کراوە و تێیدا ھاتووە: "بەنزینی کوالێتی موحەسەن لە بەنزینخانەکان نابێت لیتری لە ١٠٠٠ دینار زیاتر بێت. ھەروەھا بەنزینی کوالێتی سوپەر لە بەنزینخانەکان نابێت لە ١٢٠٠ دینار زیاتر بێت".
ھەر لە بڕیارەکەدا جەخت لەوەشکراوەتەوە کە کوالێتی بەنزینی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر پێویستە بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بێت.