Büşra Selvi Öğütcen
12 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2023
ئەنقەرە – AA
جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی کۆنفرانسی پشتیوانی سیاسیی میللی چین، هو چونا رایگەیاند حکوومەتی پەکین بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ وەبەرهێنان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە چالاکییە ئابوورییەکانی چین-عەرەب.
South China Morning Post بڵاوی کردەوە هو چونا لە کاتی کردنەوەی ١٠ەمین کۆنفرانسی خاوەنکارانی عەرەب-چین کە لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوە دەچێت رایگەیاندووە حکوومەتی پەکین بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ وەبەرهێنان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە چالاکییە ئابوورییەکانی چین-عەرەب.
هو بە ئاماژەدان بەوەی کە خۆشحاڵن بە فراوانبوونی وەبەرهێنانی عەرەبی لە چین، گوتی: "پشتیوانی لە دامەزراوە ئابوورییەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە وڵاتانی عەرەبی ئەنجام بدەن".
ناوبراو سەرنجی خستە سەر ئەوەی بەمەبەستی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان لە میانی فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ سعوودیە و وەبەرهێنان لە ژێرخاندا، بەهێزکردنی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکاندا هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتر بوون، گوتی: "چین پشتیوانی لە گەشەکردنی سعوودیە لە بواری وزەی سەوز، تەندروستی، فڕۆکەوانی و ئابووریی دیجیتاڵیشدا دەکات".
قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی چین و وڵاتانی عەرەبی لە ٢٠٢٢ لە سەدا ٣١ زیادی کرد و گەیشتە ٤٣٠ ملیار دۆلار.
ئاژانسی هەواڵی سعوودیە SPA بڵاوی کردووەتەوە یەکەمجارە ١٠ەمین کۆنفرانسی خاوەنکارانی عەرەب-چین بە میوانداری سعوودیە ئەنجام دەدرێت. کۆنفرانسەکە بە بەشداری زیاتر لە سێ هەزار کەس کە لە ٢٣ وڵاتەوە هاتوون بە دروشمی "هەماهەنگی بۆ خۆشگوزەرانی" بەڕێوە دەچێت.