Emre Gürkan Abay
01 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2025
مۆسکۆ - AA
کۆمپانیای وزەی ڕووسیا گازپرۆم، بڵاویکردەوە کە گواستنەوەی غازی سروشتی لە ڕێگەی ئۆکرایناوە بۆ ئەورووپا ڕاگیراوە.
لە راگەیاندراوێکدا کە لەلایەن گازپرۆمەوە بلاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ەوە کۆتایی بە ڕێککەوتنی پەیوەست بە گواستنەوەی غازی ڕووسیا لە ڕێگەی ئۆکرایناوە بۆ ئەورووپا کۆتاییهاتووە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئۆکراینا درێژکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی ڕەت کردووەتەوە و، هاتووە: "گازپرۆم بێبەش کراوە لە دابینکردنی غازی سروشتی لە ڕێگەی ئۆکرایناوە. گواستنەوەی غازی ڕووسیا لە ڕێگەی ئۆکرایناوە ئەنجام نادرێت".
بەپێی ئەو زانیارییانەی حکوومەتی ئۆکراینا بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاویکردووەتەوە، بڕی ئەو غازەی ڕووسیا کە لە ڕێگەی ئەو هێڵی بۆریانە و وڵاتەکەوە بۆ ئەورووپا گواستراوەتەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ سەدا ٢٨ کەمیکردووە و دابەزیوە بۆ ١٥ ملیار مەتر سێجا.
پێشبینی دەکرێت ئۆکراینا لە ڕێگەی ئەو گرێبەستەوە ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار و گازپرۆمیش ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار داهاتی هەبێت.
لە کاتێکدا هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوەی غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا نۆرد ستریم ١، نۆرد ستریم ٢ و یامال-ئەورووپا بکەونە دۆخێکی نالەبارەوە و گواستنەوەکە لە ڕێگەی ئۆکرایناوە ڕابوەستێت، ئەوا تورکیا وەک تاکە ڕێگا لە پلانی یەکەمدا دەبێت.