Abdullah Shukur
16 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2017
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە لە ئەگەری روودانی توندوتیژی لە دەرئەنجامی گشپرسییەکەی ھەرێمی کوردستان ئەوا ئامادەن هێز بجوڵێنن.
عەبادی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی Associated Press لەبارەی گشتپرسی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە " لە ئەگەری ھەڕەشەکردن بە بەکارھێنانی ھێز لە دەرەوەی یاسا لە دژی گەلی عێراق، ئەوا ئێمەش ئامادەین ھێز بجوڵێنین".
حەیدەر عەبادی راشیگەیاند کە بڕیاری گشتپرسی ھەرێمی کوردستان مەترسییە و دەبێتە ھۆی پێشێلکردنی سەروەری عێراق. گوتیشی: "ئەگەر دژی دەستوور بوەستنەوە و دژی سنوورەکانی عێراق و ناوچەکە بوەستنەوە ئەوا دەبێتە بانگھێشتێکی ئاشکرا بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە سەروەری خاکی عێراق پێشێڵ بکەن. ئەمە بە مانای زیادکردنی بارگرژی بە شێوەیەکی مەترسیدار دێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان لە ٧ی حوزەیرانی رابردوو، رایگەیاندبوو کە گشتپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجام دەدرێت.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاندبوو گشتپرسییەکە دژی دەستووری عێراقە و بەم دان بە ئەنجامەکەی دانانێن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەوڵی ئەنجامدانی گشتپرسی ھەرێمی کوردستانی رەتکردەوە. لە پاڵ ئەمەش ئیدارە خۆجێیەکانی دیالە و سەڵاحەدینیش رایانگەیاندبوو کە قبوڵ ناکەن گشتپرسی لە سنووری پارێزگاکانیان ئەنجام بدرێت.