Mazın Asad
07 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری رایگەیاند کە پێویستە لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی شەڕ لەسەر رژێمی ئەسەد و رووسیا بەھۆی بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و خەڵکی سڤیل لە سووریا بکرێتەوە.
کیری پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ھاوتا فەڕەنسییەکەی یان مارک ئارۆڵت لە واشنتۆن، ھەڵسەنگاندنی لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە دوێنێ دووبارە ھێرش کرایە سەر نەخۆشخانەکان لە سووریا و گوتیشی: "پێویستە ھۆکاری ھێرشەکانی رووسیا و رژێمی سووریا بۆ سەر نەخۆشخانە، منداڵ و ئافرەتەکان بە گشت جیھان تێ بگەیەنین".
کیری گوتیشی: "ھێرشەکانی رووسیا و رژێم بەسن بۆ ھۆکاری لێکۆڵینەوەکان لە تاوانی جەنگ. پێویستە بەھۆی ھەڵوێستیان لە ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشانەوە بەرپرسیار بن".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیشی کردەوە کە ھێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و خەڵکی سڤیلی سووریا، بە ھێرشکردنی هەڵە ھەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت و راشیگەیاند کە ئەو ھێرشانە بە ئەنقەست بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدرێت.
کیری لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو کە ھەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ناوچە گەمارۆدراوەکانی سووریا و ھێرشەکان رووسیا و رژێمی ئەسەد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری فەڕەنسا تاوتوێ دەکرێت.