داعش زۆرترین كەڵكی لە كرانەوەی تۆرەكانی پەیوەندی وەرگرتووە و سۆشیال میدیای كردووەتە شوێنی كوشتن و بڕین و ئێستا ئەوانیش بۆنی خوێنیان لێ دەچۆڕێت.
توندڕەوی یان تیرۆری ئەلیكترۆنی كە لە چەند ساڵی دواییدا نێو فەرهەنگەكانی دونیای تەنی لەگەڵ گەرادانانی داعش و پەلهاویشتنی بۆ"دەوڵەت" و پاشتریش "خەلافەتی ئیسلامی" لەسەر دەستی بەغدادییەك خۆی لە بنەماڵەی پیغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) دەناسێنێت، ئیدی ئەو چەمكە زەقتر گیرسایەوە و بوو بەو پوازەی راگەیاندن و تۆڕەکانی كۆمەڵایەتی رێك كرد بە دوو بەشەوە، بەشێكی لەپێناو مرۆڤایەتی و بەشەكەی دیكەشی بۆ تیرۆری ئەو بەكاردێت.
داعش، لوولەی تفەنگ و زوومی كامێراكان لەیەك بەرەدا
پێچەوانەی زۆرێك لە گرووپ و رێكخراوە جیهادییە سەلەفییەكانی هاوشێوەیان، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" كەڵكێكی بێ شوماری لە تەكنۆلۆژیای سەردەم و بەرهەمەكانی لە چەشنی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی كۆمەڵایەتی بینی لەپێناو راكێشكردنی ژمارەیەكی زۆتر لە گەنجان و فریودانیان بەناوی ئایین و خودا و پێغەمبەرەكەیەوە و چەندین بوختانیان بەدەم هەڵبەستن، هەروەها بۆ گەیاندنی بیروباوەڕەكانیان لە رێگەی رشتنی خوێنی هەزارەها بێگوناه و ترس خستنە دڵی ئەوانەی بە نەیاری خەلافەتەكەیانیان دەزانن، لەگەڵ وەشاندنی گوتاری خەلیفە و كەسە باڵا دەستەكانی، ئەم خەسڵەتەش داعشی لەوان جیا كردەوە.
داعش كە هەر زوو درووشمی "باقیە و تتمدد"ی بەواتای ماوەتەوە و پەلدەكێشێت هەڵگرت ئیدی لە پاڵ فیشەك و دووربینەكاندا زووم و كامێراكانیشی لەبیر نەكرد، هەر زوو ئەو سەرپەڕاندن و دەستبڕین و تۆقاندنەی كردنی بە خێرایی بڵاوكردنەوە، بۆ ئەوەش جبەخانەیەكی یەكجار گەورەی لە تۆڕی جاڵجۆڵۆكە بەهەموو دەروازە و كەلێنەكانیەوە دامەزراند لەپێناو رەواییدان بە "كوشتن بەناوی خودا" بەچەشنێك بەدرێژایی مێژوو هیچ گرووپێكی جیهادی سەلەفی لە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانی كوشتندا ركابەرایەتیی ناكات كە لە سایەی دۆت و ئات و هاشتاگەكانەوە.
داعش لەباری داراییەوە پێویستی بە گیرفانی زۆر پڕ نەبوو تا ڤیدیۆ و فۆتۆكانی، كتێبەكانی، رێنمایی و بەڵگەنامەكانی بە ملیۆنەها كەس لەسەر زەوی بگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی ئەو كرانەوەیەی تۆڕەكان بۆ بەكارهێنانیان فەراهەم كردوون لە نێویشیاندا تیرۆریستان، بۆیە هەر زوو بە كەڵكوەرگرتن لە كەرەستەیەكی زۆری راگەیاندن لەگەڵ كەوتنی رەققا و پاشان مووسڵ هەل رەخسا تا كارخانەیەكی گەورە دابمەزرێنێت و سوپایەكی گەورەتریشی بخاتە خزمەت بەوانەوەشی كە راستەوخۆ ئەندامی داعش نین لە سوریا و عێراق و بە "گورگە پەرتەوازەكان" ناودەبرێن، هەڵبەت بیانییەكان لە ئەورووپا و ئەمریكاش بۆ قەبەكردنی ئەو دەزگایە پاڵپشت بوون.
خەلافەتەكەی داعش كە ئەبوموسعەب زەرقاوی بە باوكی رۆحی خۆی و رێنیشاندەری "خەلیفە بەغدادی" دەزانێت، لە بڵاوكردنەوەی كردەوەكانیاندا تەنها وەسیتنامەكەی زەرقاوی جێبەجێ دەكات كە ئەو سەرسەختانە پاڵپشتی لە بڵاوكردنەوەی گرتەكانی كوشتن و سەربڕین و تەقینەوەكان كردووە، هەڵبەت لەم پێناوەشدا بەغدادی پاش شەرعاندنیان رێگەی بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆگەلی وای داوە كە پێشینەیان نەبووە لەوانە دەست و قاچ پەڕاندن، سووتاندن بە ئاگر، خنكاندن بە ئاو و دواتریش تێزاب، كوشتن بە بەرد، بەردانەوە لە شوێنی بەرز كە سەرباری رێگرییەكانی تۆڕەكانی جاڵجاڵۆكە لە بڵاوكردنەوەی ئەو دیمەنانە بەڵام هێشتاش زۆرێكیان لە ئینتەرنێت بەردەستن، بەو شێوەیە دەگەین بەو راستییەی كە داعش وەكو لوولەی تفەنگەكان سوود لە كامێراكانیش وەردەگرێت.
سەرنووسەری ماڵپەری رۆژنامەوانی كە سایتێكی تایبەتە بە زانست و هونەری راگەیاندن ئەرسەلان رەحمان لەوبارەیەوە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە میدیای داعش دەكات و دەڵێت: "ئەوەی رێكخراوی داعش لە گرووپ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان جیا دەكاتەوە ئەوەیە ئەم رێكخراوە هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە ماكینەیەكی گەورەی راگەیاندن و پڕوپاگەندەیی بۆ خۆی خستووەتە گەڕ بە ئامانجی تۆقاندنی نەیارەكانی و راكێشانی رای خەڵك و راكێشكردنی چەكدارانی زیاتر، هەروەها ناچاركردنی لایەنە نەیارەكانی بۆ ئەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، هەموو ئەوانەشی لەماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا بینراون لە بەرهەمەكانی دیمەن و گرتەی ڤیدیۆیی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە نەیارەكانی بتۆقێنێت و بیانخاتە سەر ئەژنۆ و چۆكی بۆ دابدەن، هەر بۆیە رووداوەكانی كوشتن بە دڕندانەترین شێوە بەسەر نەیارەكانی جێبەجێ دەكات و هەمووشیان بە كوالیتییەكی ئەوتۆ بەرز تۆمار و بڵاودەكاتەوە كە لەسەر ئاستی میدیای جیهانیدا بە فیلیمە هۆڵیودییەكان دەناسرێت، داعش بەشێوەیەكی گشتیی تەكنیكی هۆڵیودی بەكاردەهێنێن، لەلایەكەوە هەم خەڵكی زیاتری پێ بترسێنێت و هەروەها ئەوانەشی كە دەیانەوێت پیوەندیی پێوە بكەن بچنە ریزەكانەوە".
ئەو دەشڵێت: "رێكخراوی داعش لە بواری میدیاییدا ئەلقاعیدە و سەرجەم گرووپەكانی دیكەشی تێپەڕاندووە، توانیویەتی لە رێگەی میدیای خەلافەت یان دەوڵەتێك وەكو دەسەڵات و قەڵەمڕەوێك لە شوێنی جیاجیا لە سۆماڵ و جەزائیر و یەمەن و عێراق و سووریا تا گەیشتووەتە سنوورەكانی میسر و لوبنان و فەڵەستین دروست بكات، هەموو ئەوەش لە رێگەی میدیا و ئەو ماكینە راگەیاندنە گەورەیەی دایمەزراند".
داعش، شەڕی كلیكەكان لە ئاسمانەوە هاوتەریب لەگەڵ شەڕی سەرزەوی
دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" لە راگەیاندندا ستراتیژێكی روونی هەیە لە گەیاندنی بەرهەمەكانی بە زۆرترین كەس، بۆ ئەمەش فرەیی لە لینكەكانی بڵاوكردنەوە، خێرایی بەكاردەهێنێت، بە نموونە لە پاڵ دانانی دەیان پێگەی ئەلیكترۆنی، هەزاران ئەكاونتی لە تویتەر، فەیسبووك، گووگل هەیە، بە بارستایی ئەوەش لە یوتیوب و ماڵپەڕە ڤیدیۆییەكانی دیكەدا ئامادیی هەیە، لەوەشدا ویستوویەتی درووشمی "باقیە و تتمدد" جێبەجێ بكات و هاوشێوەی زەوی لە ئاسمانیشەوە لە رێگەی تۆڕەكانی ئینتەرنێت شەڕەكەی بەردەوامی پێ بدات و زۆرترین وەحشییەت بڵاو بكاتەوە.
ئامانجەكانی داعش لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت وەكو ئامراز لە شەڕەكانیدا لە سەرەتا و كۆتادا چاندنی ترس و تۆقاندنە لەلای نەیارەكانی، بڵاوكردنەوەی بیر و باوەڕ و تێگەیشتنەكانی لە ئیسلام و ئەوانی دی، ماكیاژكردنی ژیانی ژێر قەڵەمڕەوییەكەی بەو شێوەیەی رەعییەت تەواو ئاسایی بژین، هەروەها گوایە خزمەتگوزاریی دەگەیەنێت و هاتوچۆ رێك دەخات و بازاڕەكانیش كۆنتڕۆڵن، لە پاڵ ئامانجی دیكە.
ئەمانەی خوارەوەش ژمارەیەكە لە دەزگاكانی راگەیاندن لەلای داعش و دابەشبوونیان بەپێی جۆرەكانیان:
أ-سایت و پێگە ئەلیكترۆنییەكان :
دوو دەستە پێگەی ئەلیكترۆنی هەن، یەكەمیان راستەوخۆ سەر بە داعشن، دووەمیشیان چالاكی گرووپە جیهادییەكان بەگشتیی بڵاو دەكەنەوە لەسەروویانەوە داعش، ئەمانەش دیارترینی ئەو پێگانەن:
اصدارات الدولە الاسلامیە، الخلافە الاسلامەی، المراسلون الاعلامیە، غرفە منبر الانصار الاسلامیە، الدولە الاسلامیە، وكالە الانباْ الاسلامیە(حق)، هەروەها المدونە الجامعە لاصدارات الدولە الاسلامیە، الدولە الاسلامیە باقیە باژن الله، أنصار المجاهدین للانتاج الاعلامیە، لە پاڵ دەیانی دیكە لە چەشنی شبكە الجهاد العالمی، منتدیات الملاحم والفتن، منتدی العقاب، أخبار الدولە الاسلامیە، منتدیات النصرە الجهادیە، منتدیات البراق، شبكە حنین، شبكە الزرقاوی الجهادیە.
ب- یوتیوب و سایتە ڤیدیۆییەكان:
یوتیوب سەرچاوەیەكی سەرەكییە بۆ داعش بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی گرتەكانی، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ماڵپەڕێکی دیكەی ڤیدیۆیشی قۆستووەتەوە بۆ بڵاوكردنەوەیان. لە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سووتاندنی فڕۆكەوانە ئوردنییەكە مەعاز كەساسبە، زنجیرەكانی صلیل الصوارم و یەكەم دەركەوتنی ئەبووبەكر بەغدادی و چەندین ڤیدیۆی دیكە یوتیوب كرایە سەرچاوەی بڵاوكردنەوە.
ئەوەشی لەو گرتانەدا تێبینی دەكرێت بەكارهێنانی كوالیتی بەرز، ئامراز و كامێرا و ستۆدیۆی زۆر پێشكەوتوو، هەڵبژاردنی گۆشە و جووڵانەوەی كارلێكەر بەشێوەیەك زۆرێك لە شارەزایانی تەكنیكی ڤیدیۆ و فۆتۆش پێیان وایە ئەو كارانە بەتەنها توانای عێراقی نین.
ج- سەنتەر و دامەزراوەكان :
داعش چەندین سەنتەر و دامەزراوەی راگەیاندنی بۆ خۆی دروست كردووە كە دیارترینیان بریتین لە:
الفرقان للانتاج الاعلامی، وكالە الاعماق، موسسە الاعتصام، موسسە الفجر، موسسە الاجناد، موسسە البتار الاعلامیە، المنبر الاعلامی الجهادی، موسسە الغرباو، موسسە الصقیل، ترجمان الاساورتی للانتاج الاعلامی، تەرابلس الشام، موسسە البراْ ، موسسە الحیاە.
د-تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان :
تۆڕەکانی كۆمەڵایەتی زۆرترینی ئەو كەلێنانەن كە داعش و چەكدارەكانی تێیدا گەرا دەكەن، بەدیاریكراویش تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ریپۆرتكردن و داخستنی هەزاران ئەكاونت و هاشتاگی داعش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە سایتەكان بەڵام هێشتا لە نێو ئەو تۆڕە زۆرترین خوێنی رژاو دەبینرێت وەك ئەوەی لە یوتیوبدا هەیە، 17 كانوونی دووەمی ئەمساڵ تویتەر رایگەیاند 125 هەزار ئەكاونتی داعشی داخستوون. توێژینەوەیەكی پەیمانگەی پرۆكینزی ئەمریكی بۆ توێژینەوە دەریدەخات هەر پێنج كەس لەوانەی كە ئەكاونتی تویتەرەكانی داعش دەكەنەوە زمانی ئینگلیزی وەكو زمانی یەكەم بەكاردەهێنن. نزیكەی 500 بۆ دوو هەزار ئەكاونتی داعشیش هەن بە بەردەوام چالاكن و راناوەستن. داعش ئێستا هاشتاگی وای هەیە پتر لە 150 جار راگیراوە و بەردەوام دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا لە فەیسبوك، لینكد ئین، گووگڵ داعش هەن.
ه-رادیۆی البیان :
تاكە رادیۆی داعشە، لە پاش كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە 10ی حوزەیران دایمەزراند، سوودی لە ئامێر و باڵەخانەی رادیۆی ئەلزهوری سەر بە شارەوانی پێشتری مووسڵ وەرگرت، پەخشەكەی لە ژێر دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سووریایە، لەرێگەی ئینتەرنێتیشەوە پەخش دەكرێت.
و-گۆڤاری دابق : گۆڤارێكی كاغەزییە و یەكەم ژمارەی لە تەموزی 2014 بڵاو كرایەوە، لە ئینتەرنێتیش بڵاو دەكرێتەوە، دیزان و كاغەزە گرانبەهاكەی و چاپەكەی گومانی خستووەتە سەر شوێن و دیزاینكردنی، سەرەتا پێشتر سێ مانگ جارێك بڵاو دەبوویەوە، ئێستا مانگی جارێك، تێچوونی هەر ژمارەیەكەی لەسەروو 25 دۆلارەوەیە، رەواییدان بە رفاندن و بەكوێلەكردنی كچان و ژنانی ئێزدی و چاوپێكەوتن لەگەڵ فڕۆكەوانی ئوردنی سووتێنراو مەعاز كەساسبە دوو دیاترین بابەتەكانی گۆڤارەكە بوون. دابق ناوچەیەكی سووریایە و لە فەرموودەیەكی پێغەمبەری ئیسلامدا هاتووە.
ز- الشامخە :
گۆڤارێكی ژنانەیە داعش دەریدەكات، پێگەی ئەلیكترۆنیی نییە، تایبەتە بەكاروباری ژنان و باس لە پێویستییەكانی سەر ئافرەتان و ئەوەی بە"جیهادی ئافرەتان" ناوی دەبات دەكات، لەپاڵ رێنماییدان بە چۆنێتی جلوبەرگ و هەڵسوكەوتییان.
ح-داعش هیچ كەناڵێكی ئاسمانی نییە، لەم دواییانەشدا دەستی دایە قەدەغەكردنی سەتەلایت و ئەو دووكانانەشی داخست كە پێویستییەكان دەفرۆشن، نامیلكەیەكیشی بەناوی "بۆچی لە سەرمە سەتەلایت بشكێنم" بڵاو كردەوە و كەناڵە ئاسمانییەكان بەهۆكاری بڵاوكردنەوەی خراپەكاری و بوختان هەڵبەستن بۆ دەوڵەتەكەیان دادەنێن.
ئەرسەلان رەحمان كە بەمدواییانە كتێبێكی بەناونیشانی "شەڕی دەروونیی داعش و رەنگدانەوەی لە میدیای كوردییدا" بەچاپ گەیاندووە، بەوردی چاودێری سایت و دەزگا راگەیاندنە كوردی و عەرەبییەكانیش دەكات و پێشی وایە هێشتا راگەیاندنی دژە داعش هەڵەی زۆرە.
ناوبراو روونی دەكاتەوە "داعش گرنگی بە میدیا دەدات، ئەوەشی زیاتر سیحری داعشی كاریگەر كردووە لەمبارەیەوە ئەوەیە پشتی بە كەناڵی نوێی میدیا بەستووە لەوانە سۆشیال میدیا، لەوێ زیاتر ئامانجەكانی خۆی پێكاوە تا كەناڵی دیكەی تەقلیدی، زیاتر لە دە تا پانزە گەورە دامەزراوەی میدیایی دامەزراندووە و رۆژانە بەرهەمیان بۆ داعش هەیە بەشێوەیەك لە كەناڵی ئاسمانی پتر كاریگەر بووە".
روونیشی دەكاتەوە "ئەوەی داعش لە رووی میدیاییەوە دەیكات كاری لەشكر و گرووپی فراوانی ئەلكیترۆنییە كە خۆیان پێیان دەڵێن موجاهیدینی ئەلكترۆنی و لە شوێن و جوگرافیا و وڵاتی جیاواز چی بە گرووپ و چی بە تاك خزمەت بە داعش دەكەن. بۆیە داعش بەتەنیا نییە لەشكرێكی گەورەی ئەلیكترۆنی و بەرنامەی مۆنتاژی زۆر گرنگ و عەقڵی زۆر گەورەتر لە عەقڵی میدیای ناوچەكە بەڕێوە دەچێت. ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە شیكردنەوە بۆ ئەو میدیایە بكەین هەروها میدیای بەرامبەر بە داعشیش نەیتوانیوە سیحری میدیای بەتاڵ بكاتەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact



