مەدرید
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، یاریزانی پێشوی یانەکەی ئالڤارۆ مۆڕاتای بە دەزگاکانی راگەیاند ناساند کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا بە یانەی یوڤانتوسی ئیتاڵی فرۆشت و ئەمساڵ بەرامبەر بە ٣٥ ملیۆن یۆڕۆ گەڕاندییەوە ریزەکانی.
ناساندنەکە کە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە بەشداری نزیکەی ٣ هەزار هاندەر و راگەیاندنکاران ئەنجام درا تێیدا مۆڕاتا رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێکە لە خۆشترین رۆژەکانی ژیانم، دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر رۆیشتنم لە یانەکە بەڵام ئەم دوو ساڵە بە زۆر تێپەڕی هەرچەندە ئەم دوو ساڵە زۆر پێویست بوو تاوەکو خۆم پێبگەیەنم".
مۆڕاتا گوتی: "لە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهانم، یاریکردن لە ریزی ئەو یانەیە و گۆڵ تۆمار کردن بە دڵنیایەوە کارێکی سەخت دەبێت، بەڵام من مەدریدیم و ئەوەی لە توانام دابێت ئەنجامی دەدەم، لە یوڤانتوسیش کێبرکێ هەبوو بەڵام لێرە باشترین یاریزانەکانی جیهان هەن، ئەمساڵ دەمەوێت لەگەڵ یانەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنم و بوونی خۆم لە پێکهاتەی سەرەکی بسەلمێنم، راهێنەر زیدانیش متمانەی تەواوی پێداوم".