Mazın Asad
19 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2016
بەرلین
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند: "ھەڵبژاردنەکانی دوێنێ دڵخۆشکەر نەبوو بۆ پارتی یەکێتی دیموکراتی کریستیان و ئەنجامێکی نەخوازراوی ھێنایە ئاراوە".
مێرکڵ لەگەڵ سەرۆکی رێکخستنی پارتەکەی لە ویلایەتی بەرلین کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و رایگەیاند پارتەکەی نزیکەی سەدا شەش لە دەنگەکانی لەدەست داوە و بە ئەنجامێکی خراپ وەسف کرد.
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی: "ھەڵبژاردنەکانی دوێنێ دڵخۆشکەر نەبوو بۆ پارتی یەکێتی دیموکراتی کریستیان و ئەنجامێکی نەخوازراوی ھێنایە ئاراوە. وەک سەرکردەی پارتەکە و سەرۆکوەزیران بەرپرسیارێتی خۆم لێرەدا ھێناوەتەجێ".
مێرکڵ تیشکی خستە سەر لێدوانەکانی خۆی لەبارەی پەنابەران کە بە "شکستخواردوو" وەسفی دەکەن و لەوبارەیەوە رایگەیاند لێدوانەکانی لێکدانەوەی جیاوازی لەبارەیەوە دەکرێت و جارێکی دیکە نایەوێت باسی بکات.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو کە لەم ساڵانەی دواییدا کەموکورتییان لەبارەی کێشەی پەنابەرانەوە ھەبووە و گوتیشی: "ئەگەر لەدەستم بێت، دەگەڕێینەوە رابردوو بۆ ئەوەی حکوومەتی ئەڵمانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھاوینی ٢٠١٥ خۆیان باشتر بۆ ئەو دۆخە ئامادە بکەن".
مێرکڵ جەختی لەوەش کردەوە سەرەڕای رەخنەکان لە کارێکی زۆریش سەرکەوتوو بوون و راشیگەیاند ھەروەک ساڵی رابردوو ئەڵمانیا بەرەنگاری کاری بێ ناو تۆمارکردنی پەنابەران دەبێتەوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا کە دوای داخرانی رێگەی وڵاتانی باڵکان و بە تایبەتیش رێککەوتننامەی نێوان یەکێتی ئەورووپا و تورکیا، ژمارەی ھاتنی پەنابەران بۆ وڵاتەکەی کەمی کردووەتەوە و راشیگەیاند سەرەڕای بوونی رەخنەکان، بەڵام رێککەوتننامەکە گرنگی خۆی ھەیە و کارێکی مەنتقی بووە.