Hemin Hüseyin
21 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2016
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، نادر روستی: " قۆناغی یەکەم ئەوەیە هەوڵبدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، نرخەکان بۆ گرووپەکانی گەشتیاریی دابەزێنین و خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بکەین، کە گەشتیار زیاد بوو، شوێنە گەشتیارییەکانیش لەلایەن ئێمەوە زیاد بکرێت".
بەسەرپەرشتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، نەورۆز مەولود و ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەریم سنجاری و سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیای عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆڕبەندی کۆمپانیاکانی گەشتیاری لەلایەن دەستەی گشتی گەشتوگوزار بەڕێوەچوو. گوتەبێژی ئەو دەستەیەش رایدەگەیەنێت کە ماوەی یەک هەفتەیە گرووپی گەشتیاری راگەیاندنکارانی ئوردنی لە هەرێمی کوردستانن و ئەمڕۆش گوێ لە سەرنج و بۆچوونەکانییان دەگرین.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، نادر روستی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە پلانێکمان داڕشتبوو، ئەو پلانەش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئێستاش ئامانجی ئێمە ئەوەیە بتوانین ژمارەی گەشتیاران زیاد بکەین و گەشە بە پلانەکەمان بدەین و خۆمان بۆ وەرزی زستان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بە هەمان شێوە لە وەرزی زستانیش شوێنە گەشتیارییەکانمان جووڵەیان هەبێت".
شاندێکی راگەیاندکار و سینەماکاری ئوردنی و کوێتی و فەڵەستینی کە ماوەی یەک هەفتەیە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بانگهێشت کراون و گەشتمان بۆ کردوون بۆ هەولێر و سلێمانی و سۆران، هەر ئەمڕۆش ئەنجامی ئەو گەشتەیان لێ وەردەگرین بۆ ئەوەی بزانین لەو چەند رۆژەدا چەند لە گەشتەکانییان رازین، بۆ ئەوەی بزانین کاتێک دەگەڕێنەوە، چۆن بانگەشەی گەشتیاری بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن و کەرتی گەشتیاری ئێمە چۆن بە وڵاتانی عەرەبی دەناسێنن".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بە چەند شوێنێکی گەشتیاری کرد کە بۆ وەرزی زستان گەشتیاران بتوانن سەردانی بکەن و لەمبارەیەوە نادر روستی گوتی: "وەکو دەستەی گەشتوگوزار بە لای ئێمەوە گرنگە گەشتوگوزاری زستانە بناسێنین بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لە هەبوونی کەشوهەوایەکی لەبار و هەبوونی چیای بەرز و شوێنی خلیسکانێ و تەلەفریک و هەندێک ناوچەی گەشتیاریش سوود ببینن، بۆیە لە قۆناغی یەکەم ئەوەیە هەوڵبدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، نرخەکان بۆ گرووپەکانی گەشتیاریی دابەزێنین و خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بکەین، کە گەشتیار زیاد بوو، شوێنە گەشتیارییەکانیش لەلایەن ئێمەوە زیاد بکرێت".
نادر روستی گوتیشی: "لە ئێستادا بۆ وەرزی زستانە چەند شوێنێکی گەشتیارییەمان هەیە وەکو چیای کۆڕەک و پێنجوێن و ئاکرێ و چەند ناوچەیەکی دیکەش، لە هەمانکاتدا دەتوانین سەرکێشی زستانە درووست بکەین بۆ سەرکەوتن بەسەر چیاکاندا لەکاتی وەرزی زستان و تاوەکو ئێستاش کەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی کوردستان لە زۆر بواردا گەشەی سەندووە".
لەو کۆڕبەندەدا هەریەک لە وەزیری گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەورۆز مەولود و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەریم سنجاری و پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی، گوێیان لە داخوازییەکانی گەشتیاران گرت و خاڵی سەرەکی داخوازییەکانی گەشتیارانیش بریتیی بوو لە ئاسانکاری بۆ گەشتیاران لە فڕۆکەخانە و بازگەکان لە کاتی هاتنییان بۆ هەرێمی کوردستان.
ئامانجی کۆڕبەندەکە بریتی بوو لە چەند خاڵێک ئەوانیش زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران و داڕشتنی پلان بۆ هێنانی گرووپی گەشتیاری لە وەرزی زستان و گوێگرتن لە داخوازیی کۆمپانیاکانی گەشتیاری.
لە مانگی رابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە رێژەی گەشتیاران و لەو راپۆرتەشدا ئاماژە بەوە کرابوو کە لە جەژنی رەمەزانی ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی گەشتیاران ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە 122 هەزار گەشتیار.