Hemin Hüseyin
05 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ناکۆکی و پەیوەندییەکانییان لەگەڵ حکوومەتی عێراق.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بەکارهێنانی هێز دژی هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی یاسا و دەستوورە.
جەبار یاوەر گوتی: "ئێمە لەو بڕوایەداین بەکارھێنانی ھێز دژی بڕگەی ئەلفی ماددەی نۆی دەستوورە، ئێمەش وەک ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی پاسەوانی ھەرێمی کوردستانین و ھەرێمیش بەشێکە لە عیراق".
جەبار یاوەر گوتیشی: "ھەر لە ماددەی نۆدا ھاتووە کە بەکارھێنانی ھێز نادەستورییە، ئێمەش وەک ھێزی پێشمەرگە ئامادەین بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوان کوردستان و عیراق چارەسەر بکەین. ئەوەیشی پەیوەندیدارە بە کێشەی نێوانمان کە ١٠ ساڵ زیاترە و نەتواندراوە جێیەجێ بکرێت بە بوودجە و پێشمەرگە و نەوتیشەوە ئامادەین گفتوگۆی لەسەر بکەین، هەروەها ئێمە وەک پێشمەرگەی کوردستان برایانمان لە ھێزەکانی عیراق و ھێزەکانی دیکە بە برای خۆمان دەزانین و بەیەکەوە شەڕ دەکەین تەنھا تیرۆرستانی داعش دوژمنن، راستە کە ئێستا ئەوان لە شارەکان نەماون، بەڵکو وەک رێکخراو و کاری تیرۆریستی و ئایدۆلۆژیا هێشتا ماون".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "دوای پرۆسەی ریفراندۆم لە کوردستان ھەندێک کاردانەوەی سەربازی لە لایەن حکوومەتی عیراقی هەبوو، کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٦٠ پێشمەرگە و برینداربوونی زیاتر لە ١٥٠ پێشمەرگەی دیکە، ئەو شەھیدانەی لەناوچەکانی خورماتوو، پردێ، کەرکووک، مەخموور، دوبز و زومار دراون، دوای ئەوە وڵاتانی دۆست لەگەڵ ھەردوولا کەوتنە ھەوڵدان، وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری حکوومەتی عێراق لە ھەوڵدان بووە، سێ کۆبوونەوە کراوە، بەڵام بەداخەوە لە خاڵەکانی وەزارەتی بەرگری ھاتووە کە ھێزەکانی عێراق لە خاڵە سنوورییەکان بڵاوببنەوە وە پێشمەرگە بەشداری پێناکات لە پاراستنەکان، بەڵام ئێمە داوامان کردووە کە شەڕەکان رابگیرێن، میکانیزمی ھاوبەشی بەر لە ساڵی٢٠١٤ جێبەجێ بکرێت، تاوەکو ئێستا ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە، تەنھا ھەوڵمانداوە کە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن".
لەبارەی چارەسەی کێشە سیاسییەکان جەبار یاوەر گوتی: "ھەرچی کێشەی سیاسییە ئەوا دەبێت حکوومەتی ھەرێم لە رێگەی شاندێکەوە کێشە سیاسییەکانی لەگەڵ عیراق چارەسەر بکات".
سەبارەت بە قۆناغی دوای نەمانی داعش لە عیراق جەبار یاوەر گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی نێوان ئێمە و کۆنسوڵخانەکان ھەلومەرجەکانمان بۆ رونکردوونەتەوە و داوامان لێکردوون کە لەرێگەی وڵاتەکانیان رۆڵ بگێڕن لە دوورخستنەوەی شەڕ لەناوچەکەدا، ئێمەش ئامادەین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بارودۆخی دەروازە سنوورییەکان کرد و گوتی: "ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە سنوورەکان بە هاوبەشی لە نێوان هێزەکانی ئێمە و هێزە عێراقییەکان بپارێزرێت بەڵام رازی نین بەوەی ئەوان دەست لە کاروبارە ئیدارییەکان وەربدەن".