Mazın Asad
04 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2016
سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا، مەھمەت گۆرمەز روونکردنەوەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەی شورای ئایینی کرد کە ماوەی دوو رۆژی خایاند.
گۆرمەز ئاماژەی بەوە دا کە ھەوڵدان لە ژێر بەرگری ئایین و بە زەبری چەک بەرامبەر ئیدارەی شەرعی وڵات، ھەژمار نەکردنی ئیرادەی گەلە و راشیگەیاند لە رووی ئایینەوە ئەمە شەرعیەتی نییە و زیاتر گوتیشی: "ئەم ھەوڵە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەین".
سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا راگەیەندراوی کۆتایی شوراکەی خوێندەوە و رایگەیاند: "رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی/ پێکھاتەی دەوڵەتی ھاوتەریب ناتوانرێت بە پێکھاتەیەکی ئایینی وەسف بکرێت".
گۆرمەز گوتیشی: "ناتوانرێت رێبەری ئەم رێکخراوە بە "پیاوی ئایینی" یاخود "ھۆجەئەفەندی" پەسەند بکرێت. ئەو سیفەتانەی ئاماژە بە رێبەری رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی/ پێکھاتەی دەوڵەتی ھاوتەریب لەگەڵ ئیسلام ناگونجێت. بەپێی ئایینی ئیسلام بێجگە لە حەزرەتی پێغەمبەر کەسێکی دیکە وەک رێ نیشاندەر قبووڵ ناکرێت".
سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی بە ناوی ئایین بزووتنەوەیەکی دەسەڵات و بەرژوەندخوازی بۆ خۆی پێکھێناوە و چالاکییەکانی خوێندنی لە ژێر بەرگی ئایین بۆ بەرژوەندی و دەسەڵاتی خۆی بەکارھێناوە و بەم پێیەش ھەوڵی دروستکردنی پێکھاتەی سیاسی و ئابووری داوە و راشیگەیاند ئەو رێکخراوە نفوزکردن و بەکارھێنانی ئایین بۆ بەرژوەندییەکانیان لەگەڵ ھیچ بنامەیەکی ئایینی ناگونجێت.
گۆرمەز لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی/پێکھاتەی دەوڵەتی ھاوتەریب بزووتنەوەیەکی مەھدی ساختەیە".
گۆرمەز ئەوەشی خستەڕوو کە بە درێژایی مێژوو بەناو کاراکتێری مەھدی، مەسیح و باتنی بزووتنەوەی دووبەرەکی دروست بووە و راشیگەیاند لە سەردەمی مۆدێرندا ئەو جۆرە بزووتنەوانە لە لایەن ئەندازیارە نێودەوڵەتییە سیاسییەکان بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگەی ئیسلام و داگیرکاری وەک ئامرازێک بەکار دەھێندرێت.
سەرۆکی کاروباری ئایینی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە سەرچاوەی زانیاری ئایینی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی ساختەیە و زیاتر گوتیشی: "گوتەکانی ئەم پێکھاتەیە بە ناوی ئایین، دوور لە زانیاری بنەماکانی ئیسلام، خەڵکی بێ تاوانی بە رێگەی خەو و چیرۆکی سەرنجڕاکێش ھەڵخەڵەتاندووە و ھزرێکی نەخۆشاوییە. بەم پێیەش بە کۆبوونەوە، وتار و کۆنفڕانسەکانەوە خورافیاتیان بۆ ئایین کردووە. گوتوویانە کە لە وتار و کۆبوونەوەکاندا حەزرەتی پێغەمبەر بەشداری کردووە و ئەو رێنمایی و فەرمانانەیان داوە کە گوایە پێغەمبەر لە خەو پێیانی گوتووە. بەم شێوەیە مرۆڤەکانیان ھەڵخەڵەتاندووە".