Elif Küçük,Filiz Kınık Öz,Mustafa Hatipoğlu
18 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2022
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوەی ئاشکرا کرد کە رۆژی چوارشەممە، شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان، سەردانی تورکیا دەکات و رایگەیاند: "پشت بە خوا لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، پێشوازیی لێدەکەین".
ئەردۆغان دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی حەزرەتی عەلی لە شاری ئیستانبوڵ، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی یۆنان، رایگەیاند: "لەبارەی یۆنانەوە کاردانەوەکانی خۆم خستووەتەڕوو. ئەوەم راگەیاندووە کە تا کاتێک سیاسەتمەداری راستگۆ نەیەتە بەرامبەرم، لەگەڵ ئەمانەدا جارێکی دیکە کۆنابمەوە و لەگەڵ یۆنان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ستراتیجی باڵا ساز ناکەین. ئەم کۆبوونەوەیە دەبوایە ئەم ساڵ ساز بکرایە بەڵام سازی ناکەین. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە پێویستە لەمەودوا یۆنان خۆی کێشەی خۆی چارەسەر بکات".
سەرکۆماری تورکیا لە بارەی کۆڕبەندی ئابوورییە مەزنەکان کە تایبەتە بە پرسی وزە و کەشوهەوا و ئەمڕۆ لە کۆشکی وەحدەددینەوە بە شێوەی راستەخۆ تیایدا بەشداریی دەکات، رایگەیاند: "لەسەر بانگێشتی بەڕێز بایدن بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفڕانس بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەین. ئاگانامەیەکمان هەیە کە ماوەکەی نزیکەی سێ خولەکە. لە رێی ئەم ئاگانامەیەشەوە راو بۆچوون و پێشنیازی خۆمان لە بارەی ژینگەوە دەخەینەڕوو".
- سەردانی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ تورکیا
ئەردۆغان لە بارەی سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بۆ تورکیا، رایگەیاند: "رۆژی چوارشەممە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان، سەردانی تورکیا دەکات، پشت بە خوا لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، پێشوازی لێدەکەین. لەوێ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی هەردوو وڵات ئەنجام دەدەین. باس لەوەش دەکەین کە چۆن بتوانین لە ئایندەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێز و بەرەوپێش ببەین".