Ali Kemal Akan
25 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێڵینسکی ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییەکەی نێوان ئەردۆغان و زێڵینسکی -دا، تاوتوێی دۆخی سەر ئەرزی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و ئەو قۆناغەی کە دانووستانەکان پێیگەیشتووە، کراوە.
ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر پاڵپشتیکردنی یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا-ی کردووە و لە کۆبوونەوە دووقۆلییەکاندا بە شێوەیەکی فراوان ئەو سیاسەتە چالاک و پرنسیپانەی کە وەکو تورکیا گرتوویانەتەبەر و ئەو ھەوڵە دیپلۆماسییانەی کە ئەنجامیانداوە، بە سەرکردەکان گەیاندووە.
سەرکۆماری تورکیا، جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا لەم ماوەیەدا تەواوى ئەو هاوكارييانەى كە لەدەستيدا هاتووە هێناويەتيەدى.