بەرلین
بۆ بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا، ئەو یەکێتییە چەند مادەیەکی لەژێر چەند بڕگە و ناونیشانێکدا وەکو مەرج خستووەتە بەردەم تورکیا، کە تا ئێستا تورکیا ٢١ بڕگەیانی جێبەجێ کردووە.
بڕگەی بیست و دووھەمین لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا کرایەوە و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی دەکرا، بەڵام بەھۆی خۆپیشاندانەکانی پارکی گێزی لە ئیستەنبۆلڕ و ھەندێ ناکۆکیی نێوان ئەو وڵاتە و یەکێتیی ئەوروپا ئەو بڕگەیە و مادەکانی ڕاگیران.
بەپێی ھەواڵی ئاژانسی چاپەمەنیی ئەڵمانی DPA وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و مێرکڵی راوێژکار گەیشتوونەتە بڕیاری دووبارە کرانەوەی بڕگەی بیست و دووھەمین بەڕووی تورکیا و چاودێریکردنی ھەنگاوەکانی ئەو وڵاتە لە جێبەجێکردنی مەرجەکاندا.
بەپێی چەند زانیارییەکیش کە دەستی ئەنادۆڵو کەوتووە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ھەموو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە باسی دووبارە کرانەوەی بڕگەی ٢٢ دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەر بە پارتی دیموکراتی ئازادە، ئەم پارتە لە دوا ھەڵبژاردندا نەیتوانی بە دەنگەکانی دیواری چوونە پەرلەمان تێبپەڕێنێ، ئەم پارتە لەبارەی بوونە ئەندامی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا ھەڵوێستەکانی ئەرێنی بووە، ئەمە لە کاتێکدا پارتە مەسیحییە براوەکانی ھەڵبژاردن تێڕوانینیان وەکو ئەمان نەبووە، بڕیاریشە تا دروستبوونی کابینەی نوێی حکومەت وەزیری دەرەوەی ئێستا لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی یەکێتییەکەدا بکات.