ئەنقەرە
سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا مەھەپە دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بەبێ سیاسەتێکی دەرەکیی سەرکەوتوو بووژاندنەوەی ئابووری و سەرخستنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی لە ناوخۆی تورکیادا سەرناگرێ.
دەوڵەت باخچەلی گوتی "سەرۆکوەزیرانی تورکیا تەنیا بارزانی بە برا و ھاوپەیمانی خۆی دەزانێ و ھەمووی ئاڵتەرناتیفەکانی دیکەی وەلاوە ناوە، بەھۆی بەرەژوەندییە بەرتەسکە رۆژانەکانییەوە لەگەڵ باکوری عێراقدا دەستی تێکەڵ کردووە و ھاوسەنگییە نێونەتەوەییەکان ناچاریان کردووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی باکوری عێراقدا ببێتە ھاوپەیمان. "
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد لە عێراق گیان و ماڵی تورکمانەکان نەماوە، سەیر بکەین پێشمەرگە کە دوژمنی تورکمانەکانە وەکو میوانی شەرەفی سەرۆکوەزیرانی تورکیا داوەتی تورکیا دەکرێ گوایە لەگەڵ ئەو کەسەی دیمۆگرافیی ناوچە تورکمانەکان دەگۆڕێ و ماڵ و ئیدارەکانیان تۆپباران دەکا و تاپۆی خانوو و زەوییەکانیان دەگۆڕێ، دەیانەوێ باس لە یەکێتی و یەک پارچەیی تورکیا بکەن.
لە کاتێکدا تورکمانەکان بە شێوەیەکی بەرنامەبەند لەناو دەبرێن، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بڕیاری ئەوەی داوە لەگەڵ بارزانیدا سیاسەت بکا، بۆ ئەو مەبەستەیش سوورە لەسەر ئەوەی خۆی بخاتە نێو پرۆژە ھەرێمییەکانەوە و دەیەوێ بارزانی وەکو کارتێک لە بەرامبەر ئیمراڵیدا بەکار بێنێ. نە تەنیا لە عێراق بەڵکو لە سوریایش تورکمانەکان رووبەڕووی ھەڕەشە بوونەتەوە، لە کاتێکدا پەیەدە ەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێ تورکمانەکانی سوریا لەگەڵ مردندا دەست و پەنجەیان نەرم کردووە و ھاوپەیمانی پەیەدە و پەکەکە مەترسییەکی سەرەکییە بۆ سەر تورکمانەکانی سوریا.
باخچەلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "چۆن عێراقی بێ تورکمان نابێ بەو جۆرەیش سوریای بێ تورکمان نابێ و پێویستە ھەر کەس بزانێ تا ئەو کاتەی حەساب بۆ ملیۆنان تورکمان نەکرێ ئەوا بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا تەنیا خەیاڵە، ئایا ئەوانەی دوای بیرۆکەی ھەر چوار پارچەی کوردستان کەوتوون دەتوانن دژایەتی بیرۆکەی ھەر چوار پارچەی تورکمانستانیش بکەن؟ نابێ ئێمە وا بیر بکەینەوە ھەموو تورکمانەکان ناتوانن لە یەک شوێندا کۆببنەوە و داوای ماف و سەربەخۆیی خۆیان بکەن، بۆیە دەبێ ئەردۆغان کە سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ داننان بە کوردستاندا، تورکمانەکان فەرامۆش نەکا."
باخچەلی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکوەزیری تورکیا ئاگای لە مێژوو نییە و ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەتی میلی تێکەڵی یەکتر کردووە و بۆ بەرگریکردن لە خۆی جۆرە ھەڵەیەک دەکا کە ئەو ھەڵانە مرۆڤ دەخەنە ١٠ قاتی ژێر زەوییەوە، بووە بە کەسێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان خۆی خستۆتە نێو ھەر جۆرە یاری و پلانێکەوە.