Ali Korkmaz
07 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2024
ئیزمیر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان و ئهندامی مهكتهبی سیاسیی بهرهی توركمانی عێراق، ئایدن مهعروف سەردانی ژووری بازرگانی تۆرباڵی کرد لە شاری ئیزمیری تورکیا.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ژووری بازرگانی تۆرباڵی، مەعروف ئاماژەی بەوە کردووە تورکیا کە خاوەنی پێگەیەکی گرنگە لە بازرگانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هاوکاری ژووری بازرگانی هەولێر، پێویستە بازرگانانی تورکی و عێراقی کۆبکەنەوە.
مەعروف باسی لەوە کردووە کە ئەوەی لەو بارەیەوە بکەوێتە سەرشانیان بەجێیدەگەیەنن و، ڕایگەیاندووە: "ئەو پەیوەنديیە بازرگانییانەی لە نێوان تورکیا و عێراقدا دروست دەبێت، هاوکارێکی گەورەدەبن لە گەشەپێدانی ئابووریی هەردوو وڵاتدا. پەیوەست بەوەیش بە ڕێکخستنی کۆڕبەندی کاری هاوبەش و پێشانگای بازرگانیی دەستەبەری ئەوە دەکەن جیهانی کاری هەردوو وڵات لە نزیکترەوە یەکتر بناسن. ئەو ناوچانەی گرنگیی ستراتیجیان هەیە وەک تۆرباڵی دەکرێت بکرێتە ناوەندی ئەم جۆرە کارانە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی تۆرباڵی، عەبدولوەهاب ئۆڵگون ئاماژەی بەوە کرد کە وەک قەزا لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بڕی یەک ملیار و ٩٣٠ ملیۆن دۆلار هەناردەیان ئەنجامداوە و، پێش ٦٦ پارێزگای تورکیا کەوتوون، لە ڕێژەی کۆکردنەوەی باج بە سەدا ٩٩ لە پلەی یەکەمدان لە تورکیادا و گوتی: "سەدا ٣٩ی ئەو باجەی لە ئیزمیر دەدرێت بە تەنیا خۆمان دابینی دەکەین".
ئۆڵگون باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ ئایدن مەعروف بڕیاریانداوە کۆڕبەندێکی کار لە هەولێر ساز بکەن.
گوتیشی: "ئەو کۆڕبەندەی لە هەولێر ساز دەکرێت دەرفەتێکی گەورەدەبێت بۆ ئەوەی بازرگانانی عێراقی لە نزیکەوە ئاشنابن بەو دەرفەتانەی تۆرباڵی دەڕەخسێنێت. ئەم جۆرە چالاکییانە دۆستایەتی و هاریکاریی نێوان هەردوو ناوچەکە بەهێز دەکات".