Muhammed Bilal Kenasari,Muhammet Ali Kemal
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن- AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم کە بەسەردانێکی فەرمی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکایە، لەمیانی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سیناتۆری ناسراوی کۆماریخوازەکان، بۆب کۆرکەر کۆبوویەوە.
کۆبوونەوەی بینالی یڵدرم و بۆب کۆرکەر کە سیناتۆری ویلایەتی تێنسییە و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە، لەو هۆتێلە بەڕێوەچوو کە یڵدرم تێیدا دەمێنێتەوە و زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، بەرات ئاڵبایراک، باڵیۆزی تورکیا لە واشنتۆن، سەردار کڵچ، گەورە راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە لە سەرۆکایەتی حکوومەتی تورکیا، کەریم ئوراس و راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئیحسان دوردو ئامادەبوون.
لەدوای کۆبوونەوەکەش کۆرکەر لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد خۆشحاڵە بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا.
ئاماژەی بەوەشكرد کۆبوونەوەیەکی بەسوودیان ئەنجامداوە و لەم بارەیەوەر گوتی:
''تاوتوێی بابەتە گشتگیر و فراوانەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەندێک مژاری دیاریکراومان کرد. ژمارەیەک بابەت هەن کە پێویست دەکات تێیان پەڕێنین. چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات، کاتی دەوێت. تورکیا وڵاتێکی زۆر جوانە و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی تۆمارکردووە. بە تایبەت تورکیا کاری زۆر باشی بۆ پەنابەرە سوورییەکان ئەنجامداوە. پەیوەندیی هاوشێوەی ئەوەی نێو هاوپەیمانێتیی ناتۆمان هەیە کە دەتوانین زۆر شتی لەسەر بنیات بنێین، بەڵام لە ئێستادا هەندێک بابەت هەیە بۆچوونی جیاوازمان هەیە لەبارەیانەوە''.