Fahrettin İbrahim
01 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە رێوڕەسمی کردنەوەی پردی عوسمان غازی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "وەڵاممان بۆ تیرۆر وەبەرهێنانی زیاترە".
بینالی یڵدرم گوتی: "وەڵاممان بۆ تیرۆر وەبەرهێنانی زیاترە، بەبرایانە بەشی دەکەین، پردی عوسمانغازی نەک تەنیا ناوچەکە بەڵکو هەریەک لە رێگاکانی ئیستانبوڵ، کۆجائەلی، بورسا، بالیکەسیر، مانیسا، ئیزمیر بەیەکەوە دەبەستێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند: "ئەگەر لە وڵاتێکدا ئاسایش و ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز هەبوو، هیچ شتێک نییە نەکرێت، هیچ خزمەتگوزارییەک نییە بەجێ نەگەیەنرێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە بارەی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە لە وڵاتەکەی گوتی: "ئەوانەی چاویان بڕیوەتە خۆشگوزەرانی و ئاشتی و برایەتی تورکیا، ئەوانەی لەرێگەی تیرۆرەوە هەوڵی پەکخستنی وڵاتمان دەدەن، دەبێت بزانن کە تورکیا بە ٧٩ ملیۆنیەوە رێک راوەستاوە، میللەتەکەمان لەژێر ئاڵای مانگ و ئەستێڕەکەدا بە ئازادی سەربەخۆیی دەژی.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالێ یڵدرم گوتیشی: "با میللەتەکەمان دڵنیابن، ئەمانە بەسەر تیرۆریستان و ئەفەندیەکانیانەوە ناچێت. ئەوانەی چاویان بڕیوەتە ئەم وڵاتە، درەنگ یان زوو باجەکەی دەدەن. ئەم وانانە دەبنە باشترین وەڵام بۆ تیرۆریستان".